میدیاکاری ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا

هەر کاتێک باس لە دۆسێکانی تایبەت بە ژنانی کورد دەکەین، ناتوانین دوو ڕەهەند بە هێند وەریان نەگرین؛ یەکەمیان، جوگرافیا و ئەوی تریان ڕەوشی کۆمەڵایەتییە.

ژن وەک بوونێکی سەرەکی لە کۆمەڵگەدا ڕۆژانە ڕووبەڕووی گەلێک ئاستەنگ و گرفت دەبێتەوە، بەڵام ڕێژەی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە دەکەونە سەر ئەوەی لە کوێی ئەو جوگرافیایەدا نیشتەجێن.

بۆ نمونە، ژنان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هێشتاش تەگەرەیەکی زۆر و ئاڵۆزیشیان لەبەردەمدایە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ژنانی کورد لە کوردستانی ئێراندا، دەتوانین بڵێین تا هەندێک پێشوەچوونیان بینیوە لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان تا ئەندازەیەک دەرفەتی سیاسی بۆ ژنان هەیە بەڵام لە ئێراندا بەشێک لە ئەرکی ئایدیۆلۆژیا ئاینییەکەی ئەو وڵاتە تەرخانکراوە بۆ کۆت و بەندکردنی ئازادیی و مافەکانی ژنان.

لە کۆمەڵگەی کوردیدا دیاردەی پیاوسالاری یەکێکە لەو فاکتەرانەی تەنها ئاستەنگ بەرهەم دەهێنێت و کاریگەریی تەواوەتیشی دەبێت بەسەر هەموو ئەو هۆکارانەی تری کە بۆ ڕەخساندنی هەورازەکان لەبەردەم ژناندا دروست دەبن وەک ئاین، خوێندن، پەروەردە، نێوەندە ڕوناکبیرییەکان، بوارەکانی کارکردن، نێوەندەکانی بڕیاردان و هتد...

ئەوەی لە تەواوی دنیادا ژنان پێکەوە دەبەستێتەوە، ئامانجێکی ڕوون و ڕەوایە بۆ نەمانی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان و درێژەدان بە خەباتی کۆمەڵایەتی و سیڤیلی لە پێناو هێنانە ئارای کۆمەڵگەیەکی یەکسانیخواز کە بتوانێت دادوەری بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە بەبێ جیاوازی ڕەگەز فەراهەم بکات. بێگومان لای ژنانی کوردیش ئامانجەکە هەر هەمان ئامانجە، لەو ڕوانگەیەوەی ژنان زۆربەی جار گرفتی هاوبەشیان هەیە.

بەڵام لێرەدا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئایا هەر تەنها پیاوسالاری بەپرسیارە لە هەموو ئاستەنگەکانی دەخرێنە بەردەم هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی ژنان بە تایبەتی لە بواری میدیادا.

ڕەنگە ژنان بە گشتی لە جیهاندا لە کاری میدیایدا گرفتیان هەبێت کە تا ئەندازەیەک زەمینەیەکی نوێیە بۆ کورد بە گشتی و ژنان بە تایبەتی. بەڵام لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا ژمارەی کارکردنی ژنان لەم بوارەدا هەتا دێت زیاد دەکات هەرچەندە ئەمە مانای سەرکەوتنیان نییە لە بوارەکەدا. میدیاکارە مێینە کوردەکان دەڵێن گرفتەکانی ئەوان زیاترە چونکە بەرپرسیارێتی خێزانی، کۆمەڵگە و تەنانەت نەبوونی یاساییەکی باش بۆ پاراستنی مافەکانی میدیاکارانیش ئاستەنگەکانیان زیاتر دەکەن.

ئاوێزان نوری

نوسەرو چالاکوان ئاوێزان نوری کە نزیکەی پانزە ساڵە لە بواری میدیاییدا کاری کردووە پێی وایە کارکردنی ڕەگەزی مێینە لە هەموو بوارێکدا گرفتی زیاترە. خاتوو نوری کە زۆربەی کارەکانی لە شاری کەرکوک کردووە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە وڵاتی ئێمە چەندێک کەسێکی بەتوانا بیت ڕەچاوی تواناکانت ناکەن، تەنها وەکو ژنێک ئەتبینن، هەمیشە موجامەلەکان لە سەرو هەموو شتێکەوەیە دەموچاوت لەسەرو هەموشتێکەوەیە. بە تایبەتی جۆری جلوبەرگ و ستایڵ لە هەموو کەناڵێک پەسەند ناکرێت. ژن گرفتی هەیە لە بواری ڕاگەیاندندا لەبەر ئەوەی ژنە. ئەم جیاوازییەش ناخۆشە تۆ لەبەر ئەوەی ژنی دەڕواننە شکڵ و شێوەت نەک تواناکانت."

ڕاستە ژنان ڕەنگە لە سەرانسەری جیهاندا لەم بواری کارکردنەدا گرفتیان هەبێت بەڵام بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەکو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەگەر بەهۆی ڕەنگی پێستت، لەش‌ولارت یان تەمەنت ڕێگری لە پێشوەچوونەکانت بکرێت ئەوا دەتوانیت ساکاڵایی یاسایی لەسەر دەزگاکەت تۆمار بکەیت، هەرچەندە هەندێک لە ژنان پێیان وایە سەرەڕای ئەوەش فەرق و جیاوازی هەر هەیە بەڵام لەترسی یاسا زۆر کەمە.

تانیا کفری

ڕۆژنامەوان و چالاکوان تانیا کفری لە شارۆچکەی کفری سەر بە گەرمیان دەڵێت کاتێک لەو بوارەدا کاریکردووە هەمیشە هاوکارەکانی یارمەتیدەری بوون بەڵام ئاماژە بە گرفتەکانیش دەکات و دەڵێت " هەندێک جار وەک ئافرەت توشی توانج و تەشەری کۆمەڵگا دەبیتەوە، دەبێت دەست بۆ هەنێک بابەت و دۆسێ نەبەیت تەنها لەبەر ئەوەی کە ژنیت."

ژن لە هەمو شوێنێکی کارکردنیدا دەبێت ڕەچاوی زۆر شت بکات. شێوازی هەڵسوکەوتی، قسەکانی، جل لەبەرکردنی و هاوڕێیەتی دەوروبەری هەتد... ئەمەش فشاری زیاتر لەسەری دروست دەکات بە بەراورد لەگەڵ هاوکارە پیاوەکانیدا. کاری میدیاییش پێویستی بە پەیوەندییەکی پتەوی کۆمەڵایەتی هەیە و ڕەنگە زۆرجار کاتی کارکردنەکەش لەگەڵ ژیانی خێزانیدا گونجاو نەبێت. بەڵام ئەو ژنانەش کە ئەو کارە هەڵدەبژێرن دەڵێن ڕاستە ئەم شتانە گرفتن بەڵام پێویستە زاڵبین بەسەر ئەم گرفتانەدا تا بتوانین پێشکەوتوو بین.

سازگار ئەحمەد

سازگار ئەحمەد هەواڵسازە لە سایتی مەودا میدیا، ئەو دەڵێت شانبەشانی هاوکارە نێرینەکانی کار دەکات و ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان دەبێتەوە. بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " من خۆم هەر کاتێک بێت تەنانەت بە شەویش بۆ کارەکەم ئامادە دەبم هیچ کێشەو گرفتێکم نییە." بەڵام خاتوو ئەحمەد دان بەوەشدا دەنێت لە کاتێکدا هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری دەدات و پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەکات زۆر گرفتی هەیە و هەندێک جار بە ناشرینیش وەڵامی دەدرێتەوە.

کاری میدیایی ڕەنگە بۆ ژن زەحمەت بێت بەڵام بۆ دایکی کورد دوو هێند زەحمەتە لە کاتێکدا ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ لە کۆمەڵگەی کوردیدا زیاتر دەکەوێتە سەر شانی ژنان و زۆربەی جاریش دایکان دەستبەجێ ئامادەن بۆ قوربانیدان لە پێناو منداڵەکانیاندا. ئاوێزان نوری دەڵێت " ژن کۆیلەی پیاو نییە بەڵکو ژن کۆیلەی منداڵەکانییەتی. هەر دایکایەتییە وا دەکات کە ئەو ژنە ئامادە بێت زۆربەی خەونو خولیاکانی وازلێبهێنێت لەبەرامبەر خزمەتکردن و بەخێوکردنی منداڵەکانی."

بەڵام لێرەدا ژمارەیەک پرسیار هەن پێویستە بکرێن. تەنانەت لە کاتێکیشدا ئەگەر هاتوو کاری میدیایی بۆ ژنان چووە قۆناغێکەوە و بەسەروەختێکی ئاسایی ناودێرکرا، یان ژمارەی بەشداری ژنان لە دەزگا میدیاییەکاندا زیاتر بێت ئایا چەندێک ئازادانە دەتوانن کار لەسەر دۆسێکانی تایبەت بە ئازادی و مافەکانی ژنان کاربکەن، چەندێکیش کاریگەریان دەبێت بەسەر بیرکرنەوەی گشتی کۆمەڵگەدا؟

وەڵامی ئەم پرسیارە تەوەری سەرەکی ڕاپۆرتی داهاتوومان دەبێت.