کەتانجی براون جاکسن وەڵامی پرسیارەکانی کۆمیتەی دادوەری سیناتی ئەمەریکا دەداتەوە

کۆمیتەی دادوەری سیناتی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە دانیشتنێکدا چەندین پرسیاری ئاڕاستەی کەتانجی براون جاکسنی کرد کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا وەک یەکەم ژنی ڕەش پێست بەربژێرکراوە بۆ ئەندامێتی لە دادگای باڵای ئەمەریکا.

دادوەر کەتانجی تەمەنی 51 ساڵە و لە ئێستادا ئەندامی دادگای پێداچونەوە واشنتنی پایتەختە. بەربژێرکردنی دوای ئەوەهات کە دادوەر ستیڤن بڕایەر سەرەتای ئەمساڵ و لە تەمەنی 83 ساڵی خانەنیشینبوونی ڕاگەیاند.

دادوەر کەتانجی لە لێدوانێکدا ڕۆژی سێشەممە لە بەردەم ئەندامانی سینات ڕایگەیاند، "لەو کاتەوەی کە بەربژێرکراوم بۆ ئەم پۆستە، چەندین نوسین و نامە و وێنەم بۆ هاتووە لە لایەن منداڵە کچۆڵەکان لە سەرانسەری وڵات کە دەڵێن زۆر خۆشحاڵن بەو هەلە کە وەهای لێکردوون بە جۆرێکی تر سەیری یاسا بکەن چونکە من ژنم و ڕەش پێستم. خەڵک دەڵێن ئەمە زۆر واتادارە."

بەربژێرکردنی دادوەرەکە وەک یەکەم ژنی ڕەش پێست بۆ ئەم پۆستە باڵایە بە هەنگاوێکی گەورە دادەندرێت لە بەدیهێنانی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو و ڕەگەزە جیاوازەکان لە ئەمەریکا.

بە گوێرەی بەیاننامەیەکی کۆشکی سپی، دایک و باوکی دادوەر کەتانجی پێشتر لە قوتابخانەی تایبەت بە ڕەش پێستەکان و جیاکراوە لە سپی پێستەکان خوێندنیان تەواوکردووە. ئەو دادوەرە هەر لە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی بە زیرەکی و لێهاتووی ناسراوە و لە خوێندنی باڵا بە پلەیەکی بەرز بەشی یاسای لە زانکۆی هارڤارد تەواوکردووە.

ئەندامانی سیناتی ئەمەریکا لە ئێستادا سەرقاڵی چاوپێکەوتن و لێکۆڵینەوەن بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی شیاوی دادوەر کێتانجی کە مانگی ڕابردوو لەلایەن بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن بەربژێرکرا بۆ ئەو پۆستە. ئەگەر کەتانجی دەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرێس بەدەستبهێنێت، دەبێتە سێیەم کەسی ڕەش پێست و شەشەم ژن کە لە مێژووی ئەمەریکا ئەو پۆستە باڵایەیان وەرگرتووە.

دادگای باڵای ئەمەریکا بە گوێرەی مادەی سێ لە دەستووری ئەمەریکا داندراوە وەکو بەرزترین دەستەڵاتی دادوەری بۆ چاودێری و لێکدانەوەی دەستوری وڵات و ڕێگرتن لە پێشێلکردنی بەندەکانی. دادگاکە پێکدێت لە نۆ دادوەر کە لە لایەن سەرۆک بەربژێردەکرێن و لەلایەن سینات هەڵدەبژێردرێن.

دەستووری ئەمەریکا ماوەی ئەندام بوونی لە دادگای باڵا سنوردار نەکردووە بەمەش دادوەرەکان دەتوانن تا کۆتایی تەمەنیان لە پۆستەکانیان بمێننەوە بەو مەرجەی کە بەردەوامبن لە "هەڵسوکەوتی باش."

بە گوێرەی دەستووری ئەمریکا دادوەرەکان دەتوانن هەتا کۆتایی تەمەنیان لە پۆستەکانیان بمێننەوە "بۆ دڵنیابوونەوە سەربەخۆیی دادگا و پاراستنی دادوەرەکان لە فشاری حزبی." لە هەمان کاتدا، دەستوور ڕێگەنادات کە موچەی دادوەرەکان کەمبکرێتەوە بۆ پاراستنیان لە گوشاری حزبی.