چوار ته‌قینه‌وه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ شـاری که‌رکوک ڕووده‌دات

چوار ته‌قینه‌وه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ شـاری که‌رکوک ڕووده‌دات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ که‌رکوک له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی 4 مینی دانراو که‌ باره‌گایه‌کی پارتی دیموکراتی کوردسـتان و هێزێـکی پـۆلیسی ده‌ره‌وه‌ی کردبووه‌ ئامانج 10 که‌سی بریندارکردووه‌ که‌ برینی یه‌کێـکیان مه‌ترسیداره‌.

به‌پـێی وته‌ی سه‌رچاوه‌کانی پـۆلیس ته‌قینه‌وه‌کان له‌ دوو کاتی جیاوازدا بوون له‌ گه‌ڕه‌کی ڕاپه‌ڕین و به‌پـێی بیروڕای شـاره‌زایانیش دیار یه‌ک گرووپ هه‌ر چوار مینه‌که‌یان داناوه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌قید شێرزاد موه‌فه‌ری له‌ پـۆلیسی که‌رکوک سه‌باره‌ت به‌و ڕووداوانه‌ی ئه‌مڕۆی شـاری که‌رکوک به‌ ڕادیۆی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای ڕاگه‌یاند " سه‌ر له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ گه‌ڕه‌کی ڕاپه‌ڕین تێرۆرسـتان باره‌گایه‌کی پارتی دیموکراتی کوردسـتانیان کرده‌ ئامانج، ئه‌وه‌ش به‌ دانانی دوو بۆمب له‌ به‌ر ده‌رگا و باخچه‌ی به‌ر ده‌رگاکه‌ی. بۆمبی یه‌که‌م ته‌قیـیه‌وه‌، ته‌نها زه‌ره‌ری له‌ ده‌رگاکه‌ و ئۆتۆمبیلێـک دا و ده‌سـتبه‌جێ گه‌یشتمه‌ ئه‌وێ و گه‌مارۆی ناوچه‌که‌مان دا و نه‌مهێشت که‌س نزیـک بێته‌وه‌، چونکه‌ گومان هه‌بوو له‌ ناو باخه‌که‌ش بۆمبێـک وه‌کو ته‌ڵه ‌دانرابێت، بۆیه‌ داوامان له‌ شـاره‌زایانی ته‌قینه‌وه‌ کرد شوێنه‌که‌ بـبشـکنن، به‌ڵام ئه‌وانیش بۆیان نه‌دۆزرایه‌وه‌ و هه‌ر به‌ دورکه‌وتنه‌وه‌ی شـاره‌زای پـوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی بۆمب به‌ چه‌ند مه‌ترێـک له‌ شوێنه‌که‌ بۆمبه‌که‌ ته‌قیـیه‌وه‌ و بووه‌ هۆی برینداربوونی 3 کارمه‌ندی ئاسایش به‌ سووکی."

عه‌قید شێرزاد موه‌فه‌ری ده‌شڵێت " له‌ کاتی گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ بنکه‌ بۆمبێـک که‌ له‌ شۆسته‌ی نێوان شه‌قامێـکدا چێنرابوو به‌ ئۆتۆمبیلێـکماندا ته‌قیـیه‌وه‌ و شۆفێره‌که‌ی به‌ سووکی بریندارکرد و هه‌روه‌ها 2 هاوڵاتیش که‌ یه‌کێـکیان برینه‌که‌ی سه‌خته‌. دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش بۆمبی چواره‌م هه‌ر له‌ویادا به‌ ئۆتۆمبیلێـکی پـۆلیسی ده‌ره‌وه‌ ته‌قیـیه‌وه‌ و بووه‌ مایه‌ی برینداربوونی پـۆلیسێـک و 2 هاوڵاتی، به‌وه‌ش سه‌رجه‌م برینداره‌کان گه‌یشته‌ 2 پـۆلیس و 3 کارمه‌ندی ئاسایش و 5 هاوڵاتی."