مه‌سیحیـیه‌کانی که‌رکوک بڕیارده‌ده‌ن له‌ بۆنه‌ی کرسمس ئاهه‌نگ نه‌گێڕن

Washington Sandy

به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ و ترسی ئه‌لقاعیده‌ و هاوسۆزی له‌گه‌ڵ قوربانیانی مه‌سیحیـیه‌کان له‌ عێراق، مه‌سیحیـیه‌کانی شـاری که‌رکوک بڕیاریان داوه‌ ئه‌مسـاڵ به‌شـداری ئاهه‌نگ و بۆنه‌کانی کرسمس نه‌که‌ن.

ئه‌م بڕیاره‌ی مه‌سیحیـیه‌کانی که‌رکوک پاش ئه‌وه‌ دێت که‌ ڕێـکخراوی تێرۆریسـتی قاعیده‌ له‌ به‌یانـنامه‌یه‌کدا که‌ له‌ سێ لاپه‌ڕه‌ پـێـکهاتووه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مه‌سیحیـیه‌کان ده‌کات و ڕووداوه‌که‌ی که‌نیسه‌ی نه‌جاتیان وه‌بیرده‌هێنێته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ کوشـتنی به‌ کۆمه‌ڵیشـیان لێده‌کات.

به‌رپـرسی کاتدرائی له‌ که‌رکوک لویس ساکۆ له‌ چاوپـێـکه‌وتنێـکی ڕادیۆی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا باس له‌وه‌ ده‌کات ئه‌وان پـێش له‌ دوو هه‌فته‌ ئه‌و بڕیاره‌یان داوه‌ که‌ بۆ پاڵپـشـتی و هاوسۆزی که‌سوکاری قوربانیـیه‌کانی که‌نیسه‌ی نه‌جات له‌ به‌غدا ئه‌و بڕیاره‌یان داوه‌ که‌ ئه‌مسـاڵ بۆنه‌کانی کرسمس به‌بێ ئاهه‌نگ به‌سه‌ربه‌رن.

ساکۆ ده‌ڵێت ئێمه‌ به‌ر له‌ دوو هه‌فته‌ وه‌ک نوێنه‌ری تایفه‌کان نووسراوێـکمان ده‌رکرد که‌ هه‌موو ئاهه‌نگێڕان و کۆبوونه‌وه‌ و خۆشیـیه‌ک به‌ڕێـکردنی میوان و بابه‌ نوئێل و ئه‌و شـتانه‌ی بۆ کرسمس ده‌کرێن ڕابگیرێن. به‌هۆی خراپـبوونی ڕه‌وشی ئاسایش له‌ عێراق، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ گه‌رنتیـیه‌ک نیـیه‌ دوای ئه‌و قه‌سابخانه‌یه‌ی که‌نیسه‌ی نه‌جات. هه‌روه‌ها ئه‌م هه‌نگاوه‌ش وه‌ک هاوسۆزیـیه‌که‌ بۆ قوربانیـیه‌کانی کڵێسه‌ی نه‌جات و قوربانی عێراقیـیه‌کانیش.

لویس ساکۆ له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا باسی له‌وه‌ کرد پـێش وه‌خت ئه‌وان بڕیاری خۆیان ده‌رکردووه‌ که‌وا ئاهه‌نگه‌کانی کرسمس جێبه‌جێ نه‌که‌ن و ئه‌م جه‌ژنه‌ ته‌نها به‌ نوێژکردن و دوعای خێر بۆ سه‌لامه‌تی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاشتی بۆ هه‌موو عێراقیـیه‌کان به‌ڕێبکه‌ن.

له‌ باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌کانی قاعیده‌وه‌ لویس ساکۆ گوتی به‌ر له‌ دوو ڕۆژ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ڕێـکخراوی قاعیده‌ هه‌بوو له‌سه‌ر سایتێـکی ئه‌لیکترۆنی، ئه‌وه‌ش پاڵنه‌رێـکی تره‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئاگاداری خۆمان و ئه‌و خه‌ڵـکه‌ بین که‌ دێنه‌ که‌نیسه‌.

ئه‌و به‌رپـرسه‌ی کاتدرائیـیه‌ی که‌نیسه‌کانی که‌رکوک لویس ساکۆ باسی له‌وه‌ش کرد که‌ له‌ که‌رکوکدا هێزه‌کانی پـۆلیس و سوپا و ته‌نانه‌ت ئاسایشی لایه‌نه‌ کوردیـیه‌کانیش به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان که‌ ئاسایش بۆ که‌نیسه‌کان دابین بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان بڕیاری خۆیان داوه‌ ئه‌مسـاڵ کرسمس له‌ که‌رکوک و عێراقدا به‌بێ ده‌نگی به‌ڕێبکه‌ن.