له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی سێ ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو له‌ که‌رکوک 25 که‌س بریندارده‌بن

یه‌ک له‌و ئۆتۆمبیله‌ مینڕێژکراوانه‌ی له‌ شـاری که‌رکوکدا ته‌قیونه‌ته‌وه‌، شه‌ممه‌ 6 ی یازده‌ی 2010

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ که‌رکوک 25 هاوڵاتی سیڤیل برینداربوون، پاش ئه‌وه‌ی سێ ئۆتۆمبیلی مینڕێژکراو له‌ سێ ناوچه‌ی کوردنشیندا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ که‌ سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ بریندار چه‌ند ئۆتۆمبیل و خانووبه‌ری هاوڵایتان زیانی ماددیان لێـکه‌وتووه‌.

به‌رپـرسی یه‌که‌می هێزه‌کانی پـۆلیس له‌ که‌رکوک لیوا جه‌مال تاهیر سه‌باره‌ت به‌و سێ ته‌قینه‌وه‌یه‌ که‌وا تا چه‌ند په‌یوه‌ندی به‌و ته‌قینه‌وانه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی به‌غدای پایته‌خته‌وه‌ هه‌بووه‌ که‌ شه‌پـۆلی توندوتیژی ڕووی کردبێته‌ شـاری که‌رکوک، گوتی ئه‌وه‌ی له‌ که‌رکوک ڕوویدا وه‌کو ئه‌وه‌ی به‌غدا نه‌بوو، چونکه‌ له‌وه‌ی که‌رکوک تێرۆرسـتان شوێنه‌ کوردیـیه‌کانیان کرده‌ مه‌به‌ست و ئۆتۆمبیله‌ بۆمبڕێژکراوه‌کانیان له‌ به‌رده‌م ماڵی به‌رپـرسـانی سه‌ر به‌ یه‌کێتی نیشـتیمانی کوردسـتان دایانـناون.

سێ ته‌قینه‌وه‌که‌ی ئه‌مڕۆی شـاری که‌رکوک له‌ گه‌ڕه‌کی شۆڕیجه‌ ماڵی فه‌لاح محه‌مه‌دی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیـیه‌ی قادر که‌ره‌م کردبووه‌ ئامانج و له‌ گه‌ڕه‌کی ئیسـکانیش ماڵی ئه‌ندامێـکی یه‌کێتی به‌ ناوی دلێر قادر کردبووه‌ نیشـانه‌ و له‌ بارودخانه‌ش ماڵی عه‌قید دانیال به‌ڕێوه‌به‌ری پـۆلیسی ناحیـیه‌ی سه‌رگه‌ڕان و هه‌روه‌ها به‌رپـرسێـکی یه‌کێتی.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ڕاپـۆرته‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌، ماوه‌كه‌ی 1:13 خوله‌كه‌.