جان کێری: دەکرێت داعش بە یەک مانگ لە سوریا لەناوببرێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت دەکرێت لە ماوەی یەک مانگدا داعش لە سوریا لەناوببرێت ئەگەر بێت و حکومەتی دیمەشق و ئۆپـۆزسیۆنی میانڕەو بە ئاگربەسـتێـک بگەن.

ڕۆژی پـێـنجشەممە لە میانەی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئەوروپا لە بلگرادی پایتەختی سڕبیا، جان کێری ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی بەدیهێنانی سەرکەوتن بەسەر داعش پـێویستی بە هێزی عەرەبی و سوریـیە، ئاماژەی بەوەش کرد هێرشە ئاسمانیـیەکانی لە لایەن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و ڕووسیا ئەنجام دەدرێن بەس نین بۆ شکستهێنان بە داعش.

جێی ئاماژەیە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێـکی پێشـووی گوتبووی لەو بڕوایەدایە وڵاتان هەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەن لە کاتی گونجاودا هێزی زەمینی بۆ سوریا ڕەوانە بکەن بۆ شەڕی داعش.

ئەم لێدوانانەی جان کێری لە کاتێـکدایە کە چاوەڕوان‌دەکرێت کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە سوریا سـازبکرێت و تیایدا حکومەتی دیمەشق و ئۆپـۆزسیۆنی میانڕەو کۆبـبنەوە، بەو هیوایەی بە ڕێکەوتنێـکی گشتی بگەن کە ببێتە مایەی گواستنەوەی سیاسی لە سوریادا.