چین داوا ده‌کات هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌شـداری له‌ وتووێژه‌کانی تایبه‌ت به‌ ناوکیـیه‌که‌ی کۆریای باکوردا بکه‌ن

ژنه‌ سه‌ربازێـکی کۆریای باکور له‌ نزیـک سـنووری نێوان هه‌ردوو کۆریادا پاسه‌وانی ده‌کات، 25 ی یازده‌ی 2010

چین له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ پـێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی به‌شـدار له‌ وتووێژه‌کانی قه‌یرانی ناوکی کۆریای باکور کۆبـبنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی دواترین گرژی و ئاڵۆزی له‌ ڕێی دیالۆگه‌وه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین هۆم لی له‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ به‌ په‌یامنێرانی ڕاگه‌یاند که‌ چین خوازیاره‌ دواترین گرژی و ئاڵۆزی له‌ نێوان هه‌ردوو کۆریا له‌ ڕێی وتووێژه‌وه‌ چاره‌سه‌ربکرێت.

جێی باسه‌ قه‌یرانی ئه‌م دوایـیه‌ ئاڵۆز بووه‌ له‌وه‌تای هه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له‌و ده‌مه‌ی کۆریای باکور دورگه‌یه‌کی کۆریای باشوری بۆردومان کرد و هێزه‌کانی سیۆل ده‌سـتیان کرده‌وه‌ و تیایدا 4 که‌سـانی کۆریای باشور گیانیان له‌ده‌سـتدا.

چین پـێشـنیاری وتووێژی کوتوپـڕی کردووه‌ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رۆکی شـانده‌کانی وتووێژه‌کانی شه‌ش قۆڵی بۆ کۆتایی‌هێنان به‌ پـرۆگرامه‌کانی چه‌کی ناوکی کۆریای باکوردا.

هه‌ردوو وڵاته‌که‌ی له‌ کۆمه‌ڵه‌که‌دان (کۆریای باشور و ژاپـۆن) وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت ڕاوێژکاری له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو هاوپه‌یمانه‌ ده‌کات و هه‌وره‌ها گوتوویه‌تی نایه‌وێت وتووێژ له‌گه‌ڵ کۆریای باکور ده‌سـتپـێـبکات هه‌تاکۆ پـیۆنگیانگ هه‌ڵوێستی ڕاسته‌قینه‌ی نیشـان نه‌دات بۆ جێبه‌جێـکردنی پابه‌ندبوونه‌کانی بۆ کۆتایی‌هێنان به‌ پـرۆگرامه‌کانی ناوکی.