کۆسۆڤۆ ڕێوشوێنە ئاسایشییەکان لەسەر هاوردەکردنی شتومەک لە سڕبیاوە کەم دەکاتەوە

ڕۆژی دووشەممە کۆسۆڤۆ ڕێوشوێنە ئاسایشییەکانی لەسەر ئەو شتومەکانە کەم کردەوە کە لە سڕبیاوە هاوردە دەکرێن، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ خۆبەدوورگرتن لە زیانگەیاندن بە تێکەڵبوونی کۆسۆڤۆ لە ڕێککەوتنە بازرگانییەکانی ناوچەکە و هاریکارییەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا.

دوابەدوای ڕووداوێک لەسەر سنووری باکووری کۆسۆڤۆ لەگەڵ سڕبیادا لە ساڵی 2023 دا، ئەم ڕێوشوێنانە گیرانەبەر، لەو ڕووداوەدا پۆلیسی سڕبیا سێ ئەفسەری پۆلیسی کۆسۆڤۆی دەستگیر کرد. بێلگراد و پریستینا ناکۆکن لەسەر ئەوەی دەستگیرکردنەکان لە کام دیوی سنوورەکەدا بوون.

لەو کاتەوە کۆسۆڤۆ ڕێگەی نەداوە بارهەڵگرە سڕبیاییەکان بێنە ناوەوە، هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ نیگەرانییەکانی لەسەر ئەوەی دەکرێت ئەو بارهەڵگرانە چەکییان پێبێت بۆ ئەو هاووڵاتییە کۆسۆڤۆییانەی کە بە ڕەچەڵەک سڕبیایین.

سەرۆک وەزیری کۆسۆڤۆ ئالبین کورتی بە ڕۆژنامەنووسانی وت کە وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی بە بەرپرسانی گومرگ کردووە پشکنینی شتومەکەکان زیاتر بکەن لە جیاتی ڕێگریکردن لە هاتنی شتومەکەکان لەسەر سنووری سڕبیا.

وتیشی ئەم ڕێوشوێنە نوێیە تەنها لە خاڵی سنووری مەرداری جێبەجێ دەکرێت، کە گەورەترین و قەرەباڵغترین خاڵی سنووری نێوان بێلگراد و پریستینایە.

کورتی وتی شتومەکەکان بە دەستی دەپشکنرێن هەتاوەکو ئەو کاتەی کە ئامێرە تایبەتەکانی سکانەرەکان دەگەن کە لە توانایاندا هەیە بارهەڵگرەکان بە تەواوەتی بپشکنن.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ژووری بازرگانی کۆسۆڤۆ لولزیم ڕافونا هۆشداریدا و وتی " دەکرێت کۆسۆڤۆ لەسەر مێزەکەی ڕێککەوتنی بازرگانی ئازادی ناوەڕاستی ئەوروپا دەربکرێت ئەگەر قەدەغەکردنی شتومەکەکان بەردەوام بێت."
لە مانگی نۆوە میدیای کۆسۆڤار باسی لەوە کردووە کە ئەڵمانیا داوای لە کۆسۆڤۆ کردووە قەدەغەکردنەکە لاببات بەهۆی ئەوەی کە کۆسپ دەخاتە بەردەم ڕێککەوتنی بازرگانی ئازادی ناوەڕاستی ئەوروپا.

نوێنەری تایبەتی ئەڵمانیا بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوای باڵکان مانوێل سارازین وتی قەدەغەکردنەکە بەشداریی کۆسۆڤۆ لە پڕۆسەی بەرلیندا دەخاتە مەترسییەوە، پڕۆسەی بەرلین ئامانجی یارمەتیدانی وڵاتانی ڕۆژئاوای باڵکانە لە گەشەپێدان بە ئابوورییەکانییاندا، پێش ئەگەری بوونییان بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا.

کۆسۆڤۆ لە ساڵی 2008 دا سەربەخۆیی لە سڕبیا ڕاگەیاند و سڕبیا تاوەکو ئێستا دانی پێدا نەناوە، سڕبیا داوای لە کەمینە سڕبیاییەکانی کۆسۆڤۆ کردووە دەسەڵاتی پریستینا ڕەت بکەنەوە.

لەمدواییانەدا گرژییەکانی سڕبیاییە زۆرینەکانی باکووری کۆسۆڤۆ زیادییان کرد لەسەر هەوڵەکانی حکومەتی ناوەند بۆ لە ناوبردنی دامەزراوە هاوتەریبەکانی ناوچەکە، بە لەناوبردنی دراوی دیناری سڕبیایی و گۆڕینی تابلۆی ئەو ئوتومبێلانەشەوە کە تابلۆکانییان سڕبیایین و گۆڕینیان بۆ تابلۆی کۆسۆڤاری.

سەرچاوە/ فرانس پرێس