کرێملن دەڵێت شوێنی ئەمەریکییە دەستگیرکراوەکان نازانێت

ئەلیکساندەر دروکی

کرێملن دەڵێت شوێنی ئەو دوو ئەمەریکییە نازانێت کە لەکاتی شەڕکردندا بۆ ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەستگیرکراون، ئاماژەشی بەوەدا ئەوان " بەکرێگیراو " بوون و ڕەنگە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی جیاخوازەکانی سەر بە ڕووسیا لە ئۆکرانیا سزای مردنیان بۆ دەربکرێت.

لەم مانگەدا ئەلیکساندەر دروکی و ئاندی هوینی ئەمەریکی لەمیانەی شەڕکردنیاندا لە نزیک خارکیڤ بێسەرووشوێن بوون. دواتر دەزگایەکی هەواڵی ڕووسیا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا چاوپێکەوتن لەگەڵ دوو ئەمەریکییەکەدا دەکرێت، لە ڤیدیۆکەدا دەوترێت ئەمەریکییەکان لەلایەن هێزەکانی سەر بە ڕووسیاوە دەستگیرکراون.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسی لە زاری سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە بڵاویکردەوە دوو ئەمەریکییەکە لە هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بوون.

جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەشێکی هەرێمی دۆنێتسکیان لەژێر دەسەڵاتدایە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت، هەروەها ڕووسیا وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ دانیناوە بە هەرێمەکەدا. لەم مانگەدا دادگایەکی سەر بە جیاخوازەکانی هەرێمەکە فەرمانی مەرگی بۆ دوو هاوڵاتی بەڕیتانی و هاوڵاتییەکی مەغریبی دەرکرد، کە لەمیانەی شەڕکردنیاندا بۆ ئۆکرانیا دەستگیرکرابوون.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت مۆسکۆ ناتوانێت ئەوە بەدوور بزانێت کە ئەو دوو ئەمەریکییەی دەستگیرکراون بە هەمان شێوە لە ناوچەی جیاخوازەکاندا دادگایی دەکرێن و سزای مەرگییان بۆ دەردەکرێت.

سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا سزای مەرگ جێبەجێ ناکات، بەڵام " کۆمارەکانی دۆنێتسک و لوهانسک " کە هەردووکیان لەلایەن ڕووسیاوە وەکو دوڵەت ناسێندراون، سزای مەرگ جێبەجێ دەکەن.

پێسکۆڤ وتی " ئێمە باس لە بەکرێگیراوەکان دەکەین کە هەڕەشەیان بۆ سەر سەربازەکانمان دروست کردووە. نەک تەنها سەربازەکانی ئێمە بەڵکو سەربازەکانی کۆمارەکانی دۆنێتسک و لوهانسکیش."

کرێملن دەڵێت دوو ئەمەریکییەکە " بەکرێگیراو " بوون و سەربازیی ئاسایی نەبوون، لەبەر ئەوە ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ نایانگرێتەوە، لەو ڕێککەوتننامانەدا باس لەوە دەکرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ زیندانییەکانی جەنگدا بکرێت.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە لێدوانەکانی پێسکۆڤ، وتی " بە ئاشکرا دیارە ئێمە بە توندی دژایەتی ئەوە دەکەین و هەڵوێستی خۆمان بۆ حکومەتی ڕووسیا ڕوون کردۆتەوە."

پێسکۆڤ کاتێک پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی ئایا ئەمەریکییەکان دەکرێت لە کۆماری دۆنێتسک دادگایی بکرێن و سزای مەرگییان بۆ دەربکرێت، وتی " ناتوانین هیچ شتێک بەدووربگرین چونکە ئەمانە بڕیاری دادگان. هەرگیز لێدوانییان لەسەر نادەین و هیچ مافی ئەوەمان نیە دەستوەربدەینە بڕیارەکانی دادگاوە."

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ هەواڵەکەی ئینتەرفاکس لەسەر شوێنی ئەمەریکییەکان پشتڕاست بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز