فازڵ میرانی:چوار لایەنە ناڕازییەکە برای ئێمەن، ئەگەر دەرگایان قەپات بێت خۆم دەچم دەیکەمەوە و دەڵێین ئەوە هاتین

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

لەمیانەی وتووێژيکی ژیار محەمەد لەگەڵ فازڵ میرانی، میرانی ڕاگەیاند: ئە‌گەر پێشتر دەرگای چوار لایەنەکە پێشتر دەرگایان، قەپات بووبێت ئێمە دەچین لە دەرگا دەدەین من دەچم دەرگایان دەکەمەوە دەڵێین ئەوە هاتین.( ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ د.هادی عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی بوو کە دوێنێ چوارشەممە بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندبوو " ئێستا ده‌رگای چوار لایه‌نه‌كه‌ به‌ڕووی پارتی و یه‌كێتیدا كراوەیه‌ بۆ گفتوگۆ. "

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەشی یەکەمی ئەم وتوويژەدا باس لە بابەتەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەیان لەگەڵ چوار لایەنەکەی کە بەخۆیان دەڵێن( لایەنی ناڕازی) وتی:ئەوەی ئێمە بۆ ئاغایەک و سەماحەتێک و مستەرێک قبوڵی دەکەین لە یەکتری قبوڵ بکەین کێشەکانمان چارەسەر دەبێت ئەگەر ئێمە غاربدەین بچینە سوریا، تورکیا، تاران، بەغداد، بۆچی نەچینە بارەگای یەکێتی یان یەکگرتوو یان گۆڕان چیم لێ کەم دەبێتەوە؟ ئەوانە برا و خەڵکی وڵاتی ئێمەن.

هەر لەبەشی یەکەمی ئەم دیدارەدا باس لەهەڵبژاردنەکانی کوردستان دەکات و دەڵێت: ئێمە پێمان باشە لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت، هەتا بەبڕوای ئێمە وەک پارتی زەمینە بۆ یەکێتی باشە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، هەر لایەنێک داوای دواخستنی دەکات بابێت گفتوگۆبکات و پاساوەکان و زیانەکانی هەڵبژاردنمان پي بڵێت و بڕوامان پي بهێنيت.بەڵام ئێمە و یەکێتی و تورکمان و مەسیحی و سۆسیالیست دەڵێین با لەکاتی خۆیدا بکرێت، ئەگەر حیزبێکیش بیەوێت با بەشداری هەڵبژاردن نەکات.

دەقی بەشی یەکەمی وتووێژەکە:

-پرسیار: وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆرترین ژمارەی کورسی پەرلەمانیتان هێناوە، گەورەترین پارتی کوردین لە هەرێمی کوردستان-عیراق- بەرنامەتان چیە ئێستا لایەنە کوردییەکان بە چەند بەرەیەک بە ئاڕاستەی بەغداد دەبینرێن نەک بەرەیەکی یەکگرتوو؟

فازڵ میرانی: لە پێش هەڵبژاردنەکان فەرشمان ڕاخست وتمان وەرن پێکەوە بەشداری هڵبژاردن بکەین و بایکۆت بکەین بەڵام خێرا لەولاوە کاک بەرهەم و برادرانی تر چون لیستیان پێشکەشی کۆمسیۆنی بەغداد کرد دواتر وتمان باشە با بە یەک لیست بەشداری بکەین ئەویشیان نەکرد، لە دوای هەڵبژاردنی مانگی پـێنج پێمان وتن وەرن ئەوە هەڵبژاردن و شەڕە پەڕۆ نەما وەرن با پێکەوە دابنیشین بزانین چی بکەین تا ئێستاش کە پێیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن بەڵام لایەنی ناڕازی مەعقول ترە چونکە ناڕازی ڕۆژێک دێت ڕازی دەبێتەوە چونکە ڕۆژێک دێت یەکتر ڕازی بکەینەوە، تازە تا ڕادەیەک نەرمیەکیان پیشانداوە دەڵێن باشە ئەگەر ڕاوێژێک لەگەڵ یەکتر بکەین ئەگەرنا ئێمە هەمیشە دەرگامان واڵا بووە، کەسیشمان ناتوانێت ئەوی تر دەربکات چونکە کورسی زیاتر بوون مانای ئەوە نیە تۆ شەریکی منیت کورسیت نیە مانای ئەوە نیە هاوڵاتی ئەم وڵاتە نین چونکە مەبدەئی شەراکەت و مەبدەئی ئینتمایی نیشتمانی کوردستان دوو بابەتن بە ئارەزووی ئەم حیزب و ئەو حیزب لەناو نابرێت لەبەر ئەوە ئێمە هیچ کات لە کۆکردنەوەی کورد بێ ئومێد نابین وە بێزاریش نابین ئەم مانگە نا مانگێکی تر، ئێستاش پەیاممان بۆ ناردوون جەنابی سەرۆک پەیامی بۆ ناردوون وە برادەرانی یەکێتیش پەیامیان بۆ ناردوون ، ئێستا وا پێدەچێت زەمینە خۆش بووبێت ، هەتا ئەگەر دانیشتنێکی من ناڵێم ئاشتبوونەوە بەڵام ئەو ناڕەزایی و گلەییانە ڕووبەڕوو بەیەکتر بڵێین باشترە وەک لەوەی بیخەینە ناو تەلەفیزیۆنەکان بەڕای من قسەکان بەرەوڕوو بەیەکتر بڵێین باشترە.

-پرسیار: دوێنێ سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، چوار لایەنەکە دەرگایان کراوەیە بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی سەردانیان بکەن و چاوەڕوانی ئەو سەردانانەن، ئایا بەنیازن بەم زووانە سەردانیان بکەن؟

فازڵ میرانی: ئە‌گەر پێشتر دەرگایان قەپات بووبێت ئێمە دەچین لە دەرگا دەدەین ئەگەر برایانی یەکگرتوو دەرگایان داخراو بێت من دەچم دەرگایان دەکەمەوە دەڵێین ئەوە من هاتم ئێمە بۆ هەموویان واین، من دوو ساڵ لەمەوبەر لە گۆڤاری گوڵان شتێکم نووسی، وتم ئەوەی ئێمە وەک کورد بۆ ئاغایەک و سەماحەتێک و مستەرێک قبوڵی دەکەین لە یەکتری قبوڵ بکەین کێشەکانمان چارەسەر دەبێت ئەگەر ئێمە غاربدەین بچینە سوریا، تورکیا، تاران، بەغداد، بۆچی نەچینە بارەگای یەکێتی یان یەکگرتوو یان گۆڕان چیم لێ کەم دەبێتەوە؟ ئەوانە برا و خەڵکی وڵاتی منن.. لەبەر ئەوە ئەم بابەتە لە فەرهەنگی پارتیدا چارەسەرکراوە، لەپێناوی یەکڕیزی ئێمە هیچ بێزار نابین ئەگەر لە دەرگاوە داخرابێت لە پەنجەرەوە بچینە ژوورەکانیان.

- پرسیار:ببورە بەڵام وەڵامێکی ڕونترم دەویست هەم بۆ قسەکانی بەڕێز دکتۆر هادی عەلی کە دوێنێ لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکرایەوە وە هەم بۆ چوار لایەنەکە چونکە ناوبراو بە ناوی چوار لایەنەکە قسەی کرد.؟

فازیل میرانی: (ژیار)(١٦ی ئاب)ە ئەمڕۆ سەرقاڵی ئاهەنگین، دواتریش دەچمە کۆنگرەی حیزب و داد و گەشەپێدان، وە هادی عەلی هاوڕێی منە، ئەو بەرپرسی ئەنجومنی شورایە منیش سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، وە زۆر ڕێزی لێدەگرم ئەویش هەروا خوا هەڵناگرێت، ئەوە بابەتی کەسی، بابەتی حیزبیش ئێمە یەکگرتوو زۆر دوور لە خۆمان نابینین ئەوان حزبێکی ئیسلامی سیاسین ئێمە حیزبێکی قەومین بەڵام خاڵی هاوبەشمان زۆرە، هەر بۆ ئەوەی دڵنیا بیت لێرەوە لەم چاوپيکەوتنەوە دەڵێم دوای جەژن ڕاستەوخۆ دەچمە لای کاک هادی و مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو دەڵێم چ گلەیی و شتێکتان هەیە لە منی بکەن .

-پرسیار: بەڵام بەڕێز( د. هادی عەلی) بە ناوی چوار لایەنەکەوە قسەی کرد، نەک بە ناوی خۆی و یەکگرتوو بە تەنها، ئایا فازڵ میرانی بە شەخسی نا بەڵام وەک سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی ئامادەیە خۆی و شاندێکی حیزبەکەی بچن بۆ سەردانی ئەو چوار لایەنە؟

فازیل میرانی: کەوای لێهات ناکرێت ئێمە و یەکێتی لێکجیابکەنەوە، باشترە لەگەل یەکێتی پێکەوە ڕاوێژ بکەین تا پێکەوە بچینە سەردانیان بکەین، نەک فازڵ میرانی- یا مەلا بەختیار یا پارتی یاخود یەکێتی بەجیا بچنە سەردانیان، بەڵام دووبارە جەخت دەکەمەوە ئێمە سازش بۆ یەکتر بکەین وەک کورد لەناو یەک نەک خەڵکی تر، تا کەی ئەم جیاوازی و لێکترازانە، مرۆڤ هەندێک جار لەخۆی توڕە دەبێت. من خۆم ئەوە لێرەوە دەڵێم دەچمە لای یەکگرتوو دوای جەژن.

-پرسیار:لەپێش هەڵبژاردنەکان بۆ خۆم چاوپێکەوتنم لەگەڵ بەڕێز مامۆستا محەمەد ڕەوف یەکێک لە دامەزرێنەران و سەرکردە لە هاوپەیمانی هەروەها بەڕێز کاک ڕابوون مەعروف لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ کرد، ئەوان وتیان مەرجمان ئەوەیە بۆ هاوپەیمانی و یەک لیست بوونی کورد لە پەرلەمانی داهاتووی عیراق کە پارتی و یەکێتی خۆیان بگۆڕن، ئایا ئێوە ئامادن مەرجی ئەو لایەنانە قبوڵ بکەن؟

فازڵ میرانی: باشە کاکە ئێمە تەمەنمان حەفتا و دوو ساڵە، یەکێتیش تەمەنی چل و ئەوەندە ساڵە چۆن خۆمان بگۆڕین؟ گەنج بینەوە؟ ڕیش بتاشین؟ سمێڵ بهێڵینەوە؟ ئاخر ئەم خۆ گۆڕینە ئەگەر بە چاوی ئەوان تەماشای خۆمان بکەین شتێکی ترە، ئەگەر بە چاوی خۆمان بێت شتێکی ترە، باشە شێوەی خۆ گۆڕین چیە؟ باشە ئێمەش بەوان دەڵێین خۆتان بگۆڕن، ئۆپۆزسیۆن بەو جۆرە نیە هەموو شت ڕەش و سپی نیە، ئەمانە قسەی ناو ڕاگەیاندنن، باشە چۆن خۆمان بگۆڕین تەسلیمی ئەوان بین؟ باشە ئەوان کە وا لێمان ناڕازین، بەڵام خەڵک دەنگمان پێدەداتەوە، کەواتە خەڵک بۆچی دەنگمان پيدەدات؟ لەگەڵ ئەوی ئێمەن کە ئێستا هەین، باشە ئێمە خۆمان بگۆڕین ئەوان گەرەنتی دەدەن ئەو خەڵکەمان لەگەڵ بمێنێت؟

- پرسیار: ئێوە هەستان دەکرد لە پێش هەڵبژاردنەکە ئەو چوار لایەنە جۆرێک لە غروری سیاسیان هەبوبێت وەک ئێستا ڕەخنەیان لێدەگیرێت و بەوە تۆمەتبار دەکرێن لەلایەن هەندێک خەڵکی چاودێر؟

فازڵ میرانی: بەڵێ مرۆڤ کە مەغرور بوو بڕیاری ڕاست نادات، هەر لایەنێکمان مەغرور بووبێت دەبێت خۆمان بگۆڕینەوە.

دەنگی ئەمریکا: ئێوە لەگەڵ یەکێتی هیچ گفتوگۆیەکتان کردووە لەسەر ئەوەی بە چ شێوازێک ئەو لایەنە کوردییانە ڕێکبخەنەوە؟

فازڵ میرانی: ئێمە لەگەڵ یەکێتی هەفتانە لە کۆبونەوەداین، لیژنەیەکی هاوبەشمان هەیە بۆ ئامادەکردنی ئەو پرۆژە هاوبەشە، وە کاک قوباد و کاک نێچیرڤان ڕۆژانە پێکەوەن دەوام دەکەن وە ئێمە ئالیەتی خۆمان هەیە و دەزانین چۆن پێکەوە کۆدەبینەوە.

پرسیار: وەفدێکی هاوبەشتان هەیە کە سەردانی ئەو لایەنانە بکەن؟

فازیل میرانی: دەبێت ئەوە لە برادەرانی یەکێتی بپرسین، بێگومان ئەمڕۆ دێن بۆ ئاهەنگی(١٦)ی ئاب، ئەگەر کاک نێچیرڤان لێرەبوایە بێگومان ئەو تیمی هاوبەشی پارتی و یەکتی کۆدەبووینەوە بەڵام بابەتی یەکڕیزی نیشتمانی یەکێکە لە خاڵ و تەوەرە سەرەکیەکانی کۆبونەوەکانی ئێمە و یەکێتیە.

پرسیار: ڕۆڵی بەڕێز بارزانی چیە لە گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکان و عیراقیەکانیش؟

فازڵ میرانی: بۆ بابەتی لایەنە کوردییەکان کەس بە ئەندازەی سەرۆک بارزانی زووتر وە خەمخۆرتر هەوڵی کۆکردنەوەی لایەنە کوردییەکانی نەدا، بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ جوابی بۆ هەموو حیزبەکان نارد بەڵام پێچەوانەی هەموو عورفێکی کوردی و سیاسی هیچ کامیان وەڵامێکی ئیجابیان نەدایەوە.

پرسیار: کەی جوابی بۆ ئەو لایەنانە نارد کاک مەسعود؟

فازڵ میرانی: لە دوای هەڵبژاردنەکان ڕاستەوخۆ، بەڵام هیچ کامیان وەڵامی ئیجابیان نەدا، ئێمە ئەوە بە خاڵێکی سلبی دادەنێین لە پەیوەندییەکان ئینجا بە ئێمەش دەڵێن خۆتان بگۆڕن.

پرسیار: ئایا کاک مەسعود بەشدار دەبێت یا بڵێم سەرۆکایەتی ئەو وەفدە هاوبەشەی کوردی دەکات بۆ بەغداد؟

فازڵ میرانی: ئەو پرسیارە نازانم چونکە دەبێت لە جەنابی سەرۆک بکرێت، بەڵام ئەگەر لایەنە عێراقیەکان هاتنە هەولێر بە دوری نازانم پێشوازی باشیان لێبکات، بەڵام ئەوەی سەرۆکایەتی وەفدێکی کوردی بکات و بچێتەوە بەغداد من بڕوا ناکەم ، وە دووەم، ئێستا ئەو عەرزەمان بۆ نەهاتووە وە ئەو پرسیارە نەکراوە، بۆیە وەڵامەکەی من بۆ پرسیارێکی نەکراوە ئێستا نازانم.

پرسیار : یەکەم وەفدی کوردی بۆ بەغداد لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە چەند لایەن پێکدێت؟ ئایا هەر پارتی و یەکێتی دەبن؟

فازڵ میرانی: ئەو لایەنانەی کورسیان هێناو لە پەرلەمان حەقە هەموویان بەشداربن.

پرسیار: تاچەندە کردەوە تێرۆریستیەکەی سەر پارێزگای هولێر و تۆمەتبارکردنی پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی کێشە حیزبیەکانی نێوان پارتی و کۆمەڵی قوڵتر کردەوە؟

فازڵ میرانی: من کابرایەکی سیاسیم نامەوێت لەسەر بابەتی ئەمنی قسە بکەم هەتا لەو کاتەدا لێرە نەبووم، وە ئەوە پەیوەندی بە ئاسایشەوە هەیە بەڵام دەبێت پەلە نەکرێت لە لێدوان هەتا ئەگەر بۆ نمونە بڵێم نەک بڵێم کۆمەڵی ئیسلامی بوە ئەگەر ئەندامێکی ئەو حیزبە دەستی هەبووبێت ئەوە ناکاتە ئەوەی بڵێین کۆمەل ئاگادارە، مەرج نیە کادیرێکی پارتی شتێکی کرد پارتی لێی ئاگادار بێت و لێی بەرپرس بێت.

پرسیار: لەگەڵ نەوەی نوێ پەیوەندیتان چۆنە؟

فازڵ میرانی: بە ڕاستی نە بەباش نە بە خراپ پەیوەندیمان نیە لەگەڵیان، ئەو پەیوەندییە ناڵێم کە شاسوار بە شەخسی لەگەڵ هەندێک برادەری ئێمە یا یەکێتی هەیەتی، هەر خۆیان جوڵانەوەیەکی نوێن هێشتا حیزب نین بە تەواوی، بەڵام بڕواناکەم کێشەی واهەبێت ئەگەر وازبێنن لە لادانی پارتی و یەکێتی چونکە ئەو دروشمەیان هەڵگرتبوو، باببێت بە سەرۆک وەزیران، بەڵام خۆ سەرۆک وەزیران یاسای خۆی هەیە با ئەو سبەی(٤٠ یان٥٠) کورسی بهێنێت بێ یەک و دوو ئەو ڕاسپێراوە بۆ سەرۆکی حکومەت لە ناو پەرلەمان، ئەمە یاسایە هەموومان بەرامبەر یاسا لاوازین، ئەمە بە نیەت و هیوا نابێت ئەوە شتێکی ترە وە توانای بەدیهێنانی ئەو مەبەست و هیوایە شتێکی ترە.

پرسیار: با پرسیاری تەوەرێکی جیاوازت لێبکەم ئایا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا دەکرێت؟ چونکە لە یەک ڕۆژدا هەریەکە لەبەڕێزان کاک مەسعود بارزانی و کاک قوباد تاڵەبانی دوو قسەی جیاوازیان لەوبارەیەوە کرد.

فازڵ میرانی: ئەوەی سەرۆک بارزانی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا هەر ئەوەیە، بەڵام ئەوەی کاک قوباد وتی، ئەوە کاک مەحمود محەمەد وەڵامی دایەوە، بەس پرسیار لێرە ئەوەیە بۆچی ئێمە ئەگەر بمانەوێت داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکەین نەوێرین داوا بکەین، وە بۆ داوابکەین؟ بەڵام بە بۆچونی ئێمە ئەو لایەنەی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکات دەبێت برادەرانی یەکێتی نەبن چونکە بەبۆچونی ئێمە زەمینە بۆ ئەوان باشە، وە ئێمە سورین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆی ئەمەش لە ڕوانگەیەکی حیزبیەوە نا، بەڵکو لە ڕوانگەی ئەوەی خزمەتی گشتی تێدایە، بۆ نمونە ئێستا وەزیرمان هەیە چەند وەزارەتێک بەڕێوە دەبات، و حکومەتەکە دەبێتە حکومەتی هاوبەش پێگەی ئێمە بەهێزتر دەبێت، مافی خۆیانە داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکەن بەڵام با پاساوەکانمان پێ بڵێن و بڕوامان پێ بهێنێن، بەڵام دواجار کۆمسیۆن و پەرلەمان و حکومەت بڕیار دەدات .

پرسیار: ئاماژەت بەوەکرد مافی خۆیانە داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکەن؟ کێ ئەو مافەی داوە لە کاتێکدا بەپێی یاسا نوێنەرەکان بۆ چوار ساڵ هەڵدەبژێردرن؟

فازڵ میرانی: ئێمە دەڵێین با داوا بکەن ، وە ئەگەر حیزبێک نەیویست هەڵبژاردن بکرێت ئەوا با بایکۆت بکات بەبڕوای ئێمە دەبێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

پرسیار : کێ نایەوێت هەڵبژاردن بکرێت و دەیەوێت دوابخرێت؟

فازڵ میرانی: ئێمە، تورکمان، سۆسیالیست، یەکێتی دەمانەوێت هەڵبژاردن بکرێت، کێ نایەوێت بابۆخۆی قسە بکات من لە جیاتی ئەوان قسە ناکەم.

پرسیار: با بگەڕێمەوە سەر قسەکانی بەڕێز د. هادی عەلی لە دەنگی ئەمریکا وتی:( ئه‌و دیالۆگه‌ نیشتمانیه‌ی وه‌ك چوار لایه‌نه‌كه‌ داوامان كرد مه‌به‌ستمان بوو كه‌ ئێمه‌ به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕۆین حاڵه‌تێكی نائاسایی له‌نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كاندا هه‌یه‌ یه‌كێك ده‌ڵێت با دوابخرێت، یه‌كێكیش ده‌ڵێ بایكۆت، یه‌كی تر له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌، مه‌به‌ستمانه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ دابنیشین و چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌ نائاساییه‌ بدۆزینه‌وه‌." پێتان وانیە ئەم قسەیە بۆنی داواکاری دواخستنی ئەو هەڵبژاردنانەی لێبێت لە بەرامبەر ڕێکەوتن لەگەڵتان؟

فازڵ میرانی: ئێمە پرسیارێکمان لێکردن مەبەست لە دیالۆگی نیشتمانی چیە> هی عێراق یا هی کوردستان؟ بۆچی دیارییان نەکرد؟ بۆ وا نوسییان کە شیکردنەوە هەڵبگرێت؟! ئەگەر گفتوگۆکە بە مەرج نەکرێت باشترە بەڵام ئەگەر گفتوگۆکە. با خاڵە هاوبەشەکانمان بدۆزینەوە لەسەر جیاوازییەکانیش گفتوگۆ بکەین. عەرەب وتەیەکی جوانیان هەیە هەرچەندە قەت خۆیان پەیڕەویان نەکردوووە دەڵێن( نختلف و نجتمع).، ئەگەر ئەوان ڕونیان کردەوە بۆچی هەڵبژاردن دوابخرێت سودی چیە ؟ زیانی چیە؟ ئەمە دور بەدور ناکرێت بڵێ دەبێت هەڵبژاردن دوابخرێت، ئێمە چەندین خاڵی ئیجابیمان هەیە کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆی بکرێت با ئەوانیش بێن پێچەوانەی ئەوە بسەلمێنن، نەک بیکەنە مەرج، یەکتر ڕازیکردن شتێکەو ئەوانی تر شتێکی ترە.

بەشی دووەمی ئەم چاوپيکەوتنە لە ماوەکانی داهاتوو بڵاودەبێتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ فازڵ میرانی