د.نزار :پێویسته‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ دوای 10/04 یشه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت،حكومه‌ت دوو هه‌فته‌ دوو هه‌فته‌ یا ده‌ ڕۆژ ده‌ ڕۆژ نوێی بكاته‌وه‌

د.نزار عیسمه‌ت -به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك

د.نزار عیسمه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی شاری دهۆك ده‌ڵێت" به‌بڕوای من باشتره‌ هێشتا قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ به‌رده‌وام بێت زیاتر له‌ 10/04 چونكه‌ ژماره‌ی توشبووان ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر ده‌بێت و هێشتا دۆخه‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵ نیه‌، بۆیه‌ به‌بڕوای من دوای ئه‌و واده‌یه‌ (10/04) هه‌ر دوو هه‌فته‌ دوو هه‌فته‌ یان ده‌ ڕۆژ ده‌ ڕۆژ زیادبكرێت و درێژ بكرێته‌وه‌ تا نه‌ك حكومه‌ت بارگرانی له‌سه‌ر دروست بێت وه‌ نه‌خه‌ڵكیش، ده‌زانین خه‌ڵكی ئێمه‌ زۆر ئارامیان گرت له‌ماڵه‌كانیان به‌ڵام زۆر پێویسته‌ چه‌نده‌ ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كان زیاتر بن ئه‌وانیش هێنده‌ زیاتر ئارام بگرن و كاری ئێمه‌ و حكومه‌ت بۆ پاراستنی ئه‌وانه‌ مه‌ترسی به‌دڵنیای ماوه‌ و هه‌ریه‌ بۆیه‌ وا باشتره‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌وشێوازه‌ی ئاماژه‌م پێیكرد درێژبكرێته‌وه‌."

" تا ئێستا دۆخه‌كه‌ باشه‌، به‌ڵام ڕۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌ی توشبووان له‌كوردستان زیاتر ده‌كات و مه‌ترسیه‌كه‌ بونی هه‌یه‌. "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا-دا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك ڕایگه‌یاند" تا ئێستا له‌شاری دهۆك 1195 پشكنین بۆ ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشی كۆرۆنا كراوه‌، دوانزه‌ له‌وانه‌ پۆزه‌تیڤ ده‌رچوون، حه‌وت كه‌سیان چاكبونه‌ته‌وه‌ و پێنجیان له‌نه‌خۆشخانه‌ ماونه‌ته‌وه‌ دۆخی هه‌موویان باشه‌، وه‌ له‌ شاری دهۆك زیاتر له‌ هه‌زار و چوارسه‌د كه‌س كوارنتین كرابوون و ئێستا شه‌ش سه‌د و چل له‌و ژماره‌یه‌ ماونه‌ته‌وه‌، به‌رده‌وام به‌دواداچون ده‌كه‌ین و وه‌ چاودێری و پشكنینی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌كواره‌نتینه‌دان، تا ئێستا دۆخه‌كه‌ باشه‌ له‌دهۆك به‌ڵام وه‌ك دۆخی گشتی ڕۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌ی توشبووان له‌كوردستان زیاتر ده‌كات و مه‌ترسیه‌كه‌ بونی هه‌یه‌."

د.نزار عیسمه‌ت ئاماژه‌ی به‌مه‌ترسیه‌كان كرد و ده‌ڵێت" مه‌ترسیه‌كه‌ له‌وێدایه‌ كه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ بێت و هه‌تا ئێستا ئاشكرا نه‌بوبێت، یا له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات هاتبێته‌وه‌ و شمولی بڕیاری كواره‌نتین نه‌بوبێت واته‌ پێش ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ریكرد هاتبێته‌وه‌، یا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌سی هه‌ڵگر هه‌بوبێت و دیار نه‌بێت، یاخود سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی كردبێت و تا ئێستا نه‌هاتبێت بۆ پشكنین یا ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌یان هه‌یه‌ و نیشانه‌یان هه‌یه‌ به‌ڵام سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ ناكه‌ن، ئه‌مانه‌ هه‌مووی مه‌ترسین."

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك ئه‌وه‌شی وت" له‌ناو شاری دهۆك و له‌قه‌زا و ناحیه‌كانی سه‌ر به‌و پارێزگایه‌ چه‌ند نه‌خۆشخانه‌یه‌ك و سه‌نته‌رێك ئاماده‌كراوه‌، هه‌م بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی گومان ده‌كرێن و پشكنینیان بۆ ده‌كرێت تا پشكنینه‌كه‌ ده‌ست نیشان ده‌كرێت هه‌م بۆ توشبووه‌كان، له‌ناو سه‌نته‌ری دهۆك-یش سه‌د ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد هه‌یه‌ واته‌ "خوانه‌كرده‌" ئه‌گه‌ر حاڵه‌ته‌كان به‌رزبونه‌وه‌ تا سه‌د كه‌سیش پێویستیان به‌و ئامێره‌ هه‌بێت ئێمه‌ هه‌مانه‌ به‌ڵام له‌و ژماره‌یه‌ تێپه‌ڕێت قورس ده‌بێت."

" خه‌ڵكی دهۆك به‌ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر باش پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆن"

د.نزار عیسمه‌ت باسی له‌وه‌شكرد" خه‌ڵكی دهۆك به‌ئه‌ندازه‌یه‌كی باش پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سوپاسیان ده‌كه‌ین داوایان لێده‌كه‌ین زیاتر پابه‌ند بن و ئارامبگرن و له‌ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌ چونكه‌ حاڵه‌ته‌كه‌ (نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا) ڕۆژبه‌ڕۆژ به‌ره‌و زیادبوون ده‌چێت له‌كوردستاندا بۆیه‌ پێویسته‌ زیاتر پابه‌ندبن و ئارام بن."

"هێشتا مه‌ترسی ڤایره‌سی كۆرۆنا كه‌م نه‌بۆته‌وه‌."

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك له‌وتووێژه‌كه‌دا ته‌ئكیدی كرده‌وه‌" له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كان ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌ هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێمی كوره‌دستان ڕوو له‌زیادبوونه‌ وه‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ری هه‌رێمی كوردستان چ توركیا، ئێران و عیراقیش ڕۆژ به‌ڕۆژ دۆخیان سه‌ختر ده‌بێت و ژماره‌ی توشبووان زیاتر ده‌بێت بۆیه‌ هێشتا مه‌ترسی ڤایره‌سی كۆرۆنا كه‌م نه‌بۆته‌وه‌."

" ئه‌گه‌ر به‌م شێوازه‌ ژماره‌ی توشبووان به‌ره‌و زیاتر ڕۆیشت ئه‌وا پێویسته‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت."

له‌باره‌ی بۆچونی له‌سه‌ر ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆه‌وه‌، د.نزار عیسمه‌ت ده‌ڵێت" به‌بڕوای من هێشتا قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ به‌رده‌وام بێت زیاتر له‌ 10/04 چونكه‌ ژماره‌ی توشبووان ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر ده‌بێت و هێشتا دۆخه‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵ نیه‌، بۆیه‌ به‌بڕوای من دوای ئه‌و واده‌یه‌ (10/04) هه‌ر ده‌ ڕۆژ ده‌ ڕۆژ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ درێژبكرێته‌وه‌ تا دۆخه‌كه‌ كۆنترۆڵ ده‌كرێت و ژماره‌ی توشبوان كه‌متر ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وكات ده‌توانرێت ئاسانكارییه‌ك بكرێت له‌هه‌ندێك هاتوچۆ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌م شێوازه‌ ژماره‌ی توشبووان به‌ره‌و زیاتر ڕۆیشت ئه‌وا پێویسته‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هه‌ربه‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت."


به‌بڕوای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی دهۆك قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ ماوه‌كه‌ی دیاریكراو نیه‌ چونكه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت" هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌ و پێشبینیه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م ڤایره‌سه‌ دیار نیه‌ ئایا ڤایره‌سه‌كه‌ وه‌رزییه‌ یا هه‌رشتێك له‌سه‌ری ئه‌وه‌ بۆ هه‌موو جیهان وایه‌ و ڕوون نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌رده‌وام بێت هه‌ر دوو هه‌فته‌ دوو هه‌فته‌ یان ده‌ ڕۆژ ده‌ ڕۆژ زیادبكرێت و درێژ بكرێته‌وه‌ تا نه‌ حكومه‌ت بارگرانی له‌سه‌ر دروست بێت وه‌ نه‌خه‌ڵكیش، ده‌زانین خه‌ڵكی ئێمه‌ زۆر ئارامیان گرت له‌ماڵه‌كانیان به‌ڵام زۆر پێویسته‌ چه‌نده‌ ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كان زیاتر بن ئه‌وانیش هێنده‌ زیاتر ئارام بگرن و كاری حكومه‌ت بۆ پاراستنی ئه‌وانه‌ مه‌ترسی به‌دڵنیای ماوه‌ و هه‌ر هه‌یه‌ بۆیه‌ وا باشتره‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌وشێوازه‌ی ئاماژه‌م پێیكرد درێژبكرێته‌وه‌."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ د.نزار عیسمه‌ت