د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی: له‌ 90% ی ئه‌وانه‌ی توشی كۆرۆنا بوون له‌كوردستان نه‌خۆشیه‌كانیان زۆر ساده‌ن

د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی پزیشكی ڕاوێژكاری نه‌خۆشیه‌كانی سنگ و بۆری هه‌وا له‌كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی

د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی پزیشكی ڕاوێژكاری نه‌خۆشیه‌كانی سنگ و بۆری هه‌وا له‌كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی ده‌ڵێت" مه‌ترسی هه‌ر ماوه‌ به‌ڵام پێشبینی ناكه‌م دۆخی كوردستان وه‌ك ئه‌وروپای لێبێت, ئه‌گه‌ر ئێمه‌ دۆخه‌كه‌مان وه‌كو ئه‌وروپای لێ بێت ده‌توانیین هاوكێشه‌كه‌ هه‌ڵبگێڕینه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌هه‌ولێر كرا، ده‌شڵێت" به‌بۆچونی من هه‌تاوه‌كو 25 و26 مانگی 4 به‌شێوه‌یه‌ك كواره‌نتینه‌ به‌رده‌وام بێت و یارمه‌تی خه‌ڵك بدرێ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان واته‌ وا له‌ خه‌ڵك نه‌كه‌یت كه‌ بێزار بێت، قه‌ره‌داغی ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر ئاوا بڕۆین له‌كۆتایی مانگی چوار یا هه‌فته‌ی مانگی پێنج شایی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كۆرۆنادا ده‌گێڕین، به‌ڵام له‌جیهاندا به‌گشتی پێشبینی ده‌كه‌م تا كۆتایی مانگی هه‌شت بمێنێت به‌ڵام نابێت بهێڵدرێت خه‌ڵك له‌ خاریجه‌وه‌ بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر من حكومه‌تی كوردی بم نایه‌ڵم یه‌ك فڕۆكه‌ هه‌ستێت و وه‌یه‌ك فڕۆكه‌ بێته‌وه‌ كوردستان هه‌تا یه‌ك كه‌یس مابێت له‌ جیهاندا."

"دۆخی كوردستان به‌به‌راورد به‌ناوچه‌كه‌ زۆر زۆر باشه‌ ئه‌وانه‌ی توشبوون له‌ 90% یان نه‌خۆشیه‌كانیان زۆر ساده‌ن "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی وتی" له‌ ئێستادا زیاتر له‌ 300 نه‌خۆشی هه‌ڵگری ڤایره‌سی كۆرۆنامان هه‌یه‌ له‌كوردستاندا ، نزیكه‌ی 109 نه‌خۆش چاك بۆته‌وه‌، 3 نه‌خۆشیش مردوون. ئه‌وانه‌ی تریش له‌ژێر چاودێریدان.له‌ 90% ی توشبووانی كۆرۆنا له‌كوردستان ، نه‌خۆشیه‌كانیان زۆر ساده‌ن كه‌ زۆربه‌یان نیشانه‌یان هه‌ر نیه‌. دۆخی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌به‌راورد به‌ناوچه‌كه‌ زۆر زۆر باشه‌له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سیسته‌می ته‌ندروستیمان له‌چاو سیسته‌می ته‌ندروستی وڵاتان باشتر نیه‌. ئێمه‌ له‌ كۆتایی مانگی 2 ده‌ستمان كردووه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری به‌شێوه‌یه‌كی زانستی چۆن بتوانیین خۆمان بپارێزین له‌ نه‌خۆشی كۆرۆنا."

"مه‌ترسی هه‌ر ماوه‌ به‌ڵام پێشبینی ناكه‌م دۆخی كوردستان وه‌ك ئه‌وروپای لێبێت, ئه‌گه‌ر ئێمه‌ دۆخه‌كه‌مان وه‌كو ئه‌وروپای لێ بێت ده‌توانیین هاوكێشه‌كه‌ هه‌ڵبگێڕینه‌وه‌"


ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ قسه‌ ئه‌كه‌ن دوو هۆكار هه‌یه‌، هۆكاری یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ هۆی دوو پرسه‌كه‌وه‌ بووه‌ كه‌ نزیكه‌ی 80 حاڵه‌ت هه‌بووه‌. ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و مه‌ترسیانه‌ی كه‌ سه‌لمێنراوه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌خۆشیه‌ نیشانه‌شی نه‌بێ هه‌ر بڵاو ده‌بێته‌وه‌، دووه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت خه‌ڵك له‌وه‌ بترسێت مه‌ترسی نه‌خۆشیه‌كه‌ ماوه‌، ئێمه‌ له‌ڕووی زانستیه‌وه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌ین به‌هاوڵاتیان بڵێین مه‌ترسیه‌كه‌ زۆر گه‌وره‌یه‌.
من پێشبینی ناكه‌م دۆخی كوردستان وه‌كو ئه‌وروپای لێ بێت، ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی كه‌ ئێستا ئێمه‌ داخلی نه‌خۆشخانه‌ی ده‌كه‌ین له‌ هیچ وڵاتێكی جیهاندا داخل ناكرێن به‌ڵام ئێمه‌ ناتوانیین بیان نێرینه‌ ماڵه‌وه‌ چونكه‌ ئێمه‌ فه‌رهه‌نگی تێكه‌ڵاو بوونمان هه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك پۆزه‌تیڤ بێت ، بینێرینه‌ ماڵه‌وه‌ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك هاتووچۆی ده‌كه‌ن یان خۆی هاتوچۆی خه‌ڵك ده‌كات."


د. كامه‌ران ده‌شڵێت" ئه‌گه‌ر ئێمه‌ دۆخه‌كه‌مان وه‌كو ئه‌وروپای لێ بێت ده‌توانیین هاوكێشه‌كه‌ هه‌ڵبگێڕینه‌وه‌ ، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌ هه‌ولێر كراوه‌ ، هه‌موو حاڵه‌ته‌كان گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاری كه‌ 400 قه‌ڵه‌وێره‌ی تێدایه‌، ته‌نهاو ته‌نها پێویستی به‌كاته‌، له‌دوای دوو هه‌فته‌ خۆیان تێسته‌كه‌یان نێگه‌تیڤ ده‌بێ و ده‌چنه‌ ماڵه‌وه‌."

"ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسه‌یه‌ی هه‌ولێر نه‌بوایه‌، ده‌توانم بڵێم ئێستا ئێمه‌ زه‌نگی كۆنتڕۆڵی نه‌خۆشیه‌كه‌مان لێ ده‌دا، به‌بۆچونی من هه‌تاوه‌كو 25 و26 مانگی 4 به‌شێوه‌یه‌ك كواره‌نتینه‌ به‌رده‌وام بێت و یارمه‌تی خه‌ڵك بدرێ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان واته‌ وا له‌ خه‌ڵك نه‌كه‌یت كه‌ بێزار بێت"


پزیشكه‌كه‌ی ڕاوێژكاری نه‌خۆشیه‌كانی سنگ و بۆری هه‌وا له‌كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت" من هیوادارم له‌كۆتایی مانگی 4 یان له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی 5دا شایی بگێڕین، به‌بۆچونی من هه‌تاوه‌كو 25 و26 مانگی 4 به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ره‌نتینه‌ به‌رده‌وام بێت و یارمه‌تی خه‌ڵك بدرێت به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان واته‌ وا له‌ خه‌ڵك نه‌كه‌یت كه‌ بێزار بێت. به‌شێوازێك هه‌ر شوێنێك كه‌ كه‌می كردووه‌ یان تیای نه‌ماوه‌ ، كواره‌نتینه‌ی ئه‌و شوێنه‌ بكه‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ بۆ ناوه‌وه‌، با خه‌ڵك ورده‌ ورده‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڵام خۆی نه‌كات به‌و شوێنانه‌ی كه‌ تیایه‌ ماوه‌ ئه‌مه‌ پێی ده‌وترێت هه‌ڵگرتنی ورده‌ ورده‌ له‌ ناوچه‌ی جیا جیا، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسه‌یه‌ی هه‌ولێر نه‌بوایه‌، ده‌توانم بڵێم ئێستا ئێمه‌ زه‌نگی كۆنتڕۆڵی نه‌خۆشیه‌كه‌مان لێ ده‌دا."

قه‌ره‌داغی له‌باره‌ی سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م كاتانه‌دا پرسه‌ داده‌نێن، ڕایده‌گه‌یه‌نێت"
ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌هۆی ئه‌و پرسانه‌وه‌ توش بێت و بمرێت، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پرسه‌كه‌ی ڕێك خستووه‌ ناڕاسته‌خۆ به‌شداره‌ له‌ كوشتنی ئه‌و كه‌سه‌ به‌پێی یاسا من زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ سزا بدرێن."

" وه‌زاره‌تی دارایی نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بابه‌تی كۆرۆنا و كواره‌نتیین بكات به‌ بیانو بۆ پێنه‌دانی موچه‌."


مانگی ڕابردوو موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دواكه‌وت، وه‌زیری دارایی ڕایگه‌یاند، به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه‌ تا قه‌ره‌باڵغی دروست نه‌بێت و ته‌ندروستی هاوڵاتیان بپارێزرێت موچه‌ دابه‌ش ناكرێت، دواتریش كوێستان محه‌مه‌د وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕایگه‌یاند، قه‌یرانی كۆرۆنا و پێنه‌دانی موچه‌ كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ژیانی تاكه‌كان و خێزانه‌كان، هاوكات جه‌ختشیكرده‌وه‌ دابه‌شنه‌كردنی موچه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه‌ تا كواره‌نتینه‌ نه‌شكێنرێت."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك نیگه‌رانن به‌هۆی كواره‌نتینه‌وه‌ هه‌م موچه‌ دابه‌ش ناكرێت وه‌ هه‌م هاوڵاتیانی كاسپ ناتوانن بژێوی ڕۆژانه‌یان په‌یدابكه‌ن، د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی ده‌ڵێت" ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ ڕه‌خنه‌ی سایكۆلۆجی خه‌ڵكه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ وتومانه‌ له‌ كێشه‌یه‌كی جیهانیدان، با یه‌ك مانگی تر ئارام بگرین بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ته‌نگه‌ژه‌یه‌ ڕزگارمان بێت.
ئه‌م مانگه‌ موچه‌ زۆر به‌جوانی دابه‌ش كراوه‌، من ئه‌وه‌ به‌ بیانوو نازانم، وه‌زاره‌تی دارایی نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بابه‌تی كۆرۆنا و كواره‌نتیین بكات به‌ بیانو بۆ پێنه‌دانی موچه‌."


قه‌ره‌داغی ئه‌وه‌شی وت" مه‌ترسی كۆرۆنا له‌ نادیاری سه‌رچاوه‌كه‌تی، ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو هه‌فته‌ هیچ حاڵه‌تێكی تر نه‌دۆزرێته‌وه‌، ڤایره‌سه‌كه‌ له‌ جسمی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نه‌هاتوون خۆی ده‌ڕوات چونكه‌ دژه‌ ته‌نێكی دروست كردووه‌، به‌بۆچونی من وشیاری خه‌ڵك له‌م نه‌خۆشیه‌ زۆر به‌رز بۆته‌وه‌، ته‌نانه‌ت زۆرجار پرسیاری زۆر قورسمان لێده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش واتای به‌رزی ئاستی هۆشیاری خه‌ڵك."

"هیچ ده‌رمانێكی نوێ له‌سلێمانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كۆرۆنا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ "


د. كامه‌ران جه‌ختیكرده‌وه‌" پێشتریش له‌لاپه‌ڕه‌ی فه‌یس بووكی خۆم ئه‌مه‌م وتووه‌، هیچ شتێكی تازه‌مان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و شتانه‌ی له‌ وڵاتانی تر به‌كار هاتووه‌ بۆ چاره‌سه‌ر بۆ یه‌كه‌مجار له‌ سلێمانی به‌كار هاتووه‌.نه‌خۆشه‌كانمان له‌ 90% هیچ نیشانه‌یه‌كیان نیه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌ڵیین چاك بوونه‌ته‌وه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڤایڕه‌سه‌كه‌ له‌ له‌شی نه‌خۆشه‌كه‌ له‌ پۆزه‌تیڤه‌وه‌ بوون به‌ نێگه‌تیڤ."

"پێكوته‌ی بی سی جی و دژه‌ مه‌لاریا و گروپی خوێن "


ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌كاریگه‌ری پێكوته‌ی دژی نه‌خۆشی سیل "بی سی جی" ده‌كه‌ن له‌سه‌ر به‌رگری دژی كۆرۆنا؟

د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی ده‌ڵێت" باسی بی سی جی ڤاكسین و ڤاكسینی كۆلێرا و مه‌لاریا باسی گروپی خوێن ده‌كرێت، ئێمه‌ هه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌مان تیایه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌لمێنراوه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ئه‌وه‌ی بی سی جی ڤاكسینی وه‌رگرتووه‌ ئه‌گه‌ر كۆرۆناش بگرێت ئه‌وا به‌سوكی ده‌یگرێت. وه‌ سه‌لمێنراوه‌ كه‌ ئه‌م به‌رگرییه‌ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌ له‌شی مرۆڤدا ده‌مێنێته‌وه‌، له‌كاتێكدا پێشتر ده‌یانوت بۆ پێنج تا ده‌ ساڵه‌."

" گرنگی ماسك "


پزیشكه‌كه‌ی ڕاوێژكاری نه‌خۆشیه‌كانی سنگ و بۆری هه‌وا له‌كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی باس له‌گرنگی پۆشینی ماسك ده‌كات و ده‌ڵێت" هاوڵاتی خۆی كه‌ره‌نتینه‌ بكات و ماسك و ده‌ستكێش بكات ، من دڵنیام له‌سه‌ره‌تای مانگی 5 دا، ئه‌گه‌ر ئاوا بڕۆین شایی ده‌گێڕین. ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ ته‌نها ڕووداوێكه‌و تێده‌په‌ڕێت به‌و خۆپارێزیه‌، وه‌ پێم وایه‌ له‌ كۆتایی مانگی چوار له‌ چین و لای ئێمه‌ تێده‌په‌ڕێت به‌ڵام له‌ جیهاندا به‌گشتی له‌كۆتایی مانگی 8 دا كه‌یس كه‌یس ده‌مێنێت له‌جیهاندا."

د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی ده‌شڵێت" كه‌سێك كه‌ ئه‌چێته‌ قه‌ڵه‌باڵغیه‌وه‌ هه‌ر جۆره‌ ماسكێك ئه‌كات با بیكات، ڵێكۆڵینه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌ڵێت كه‌ له‌ سعودیه‌ له‌ 80% ی پیاو توشی بووه‌ و 20% ی ئافره‌تان توش بوون له‌به‌رئه‌وه‌ی ژنه‌كانیان حیجاب بوون بویه‌ كه‌متر توش بوون. ڤایڕه‌س له‌ هه‌وای وشكدا زۆر كه‌م ده‌مێنێته‌وه‌. ماسكی 95 بۆ كادێری پزیشكی و خه‌سته‌خانه‌ ده‌بێت."

" د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی: من حكومه‌تی كوردی بم...... "

د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی له‌كاتێكدا ده‌ڵێیت له‌كۆتایی مانگی چوار یا هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی پێنج ئه‌گه‌ر ئاوا بڕۆین كۆرۆنا كۆرتایی دێت به‌ڵام جیهان به‌گشتی له‌كۆتایی مانگی هه‌شت كه‌یس كه‌یس ده‌مێنێت ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ مه‌ترسی دروست ناكه‌ن له‌سه‌ر دوباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ڤایره‌سه‌كه‌؟

د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی ده‌ڵێت" بێگومان مه‌ترسی هه‌یه‌ و كێشه‌یه‌، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم له‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی عیراقه‌، به‌ڵام نابێت بهێڵدرێت خه‌ڵك له‌ خاریجه‌وه‌ بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر من حكومه‌تی كوردی بم نایه‌ڵم یه‌ك فڕۆكه‌ هه‌ستێت و وه‌ بێته‌وه‌ كوردستان هه‌تا یه‌ك كه‌یس مابێت له‌ جیهاندا."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ د.كامه‌ران قه‌ره‌داغی Apr 10-020