ڕێكه‌وت زه‌كی: دوو ئیداره‌یی خیانه‌ت نیه‌، به‌نیازین داوای كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ لامه‌ركه‌زیه‌ت بۆ سلێمانی بكه‌ین

ڕێكه‌وت زه‌كی ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی

ڕێكه‌وت زه‌كی ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی" ئه‌وكاته‌ی دوو ئیداره‌یی هه‌بوو سلێمانی گه‌شاوه‌تر و پێشكه‌وتوتر بوو، دوو دراوسێی به‌ ئاشتی پێكه‌وه‌ ژیان باشتره‌ له‌م جۆره‌ ژیانه‌ی ئێستا پێكه‌وه.، دوو ئیداره‌یی-ش خیانه‌ت نیه‌ هه‌رخۆی هه‌رێمی كوردستان له‌ واقعدا دوو ئیداره‌یه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم مامه‌ڵه‌ی به‌م جۆره‌ بێت به‌دڵنیایی داوای كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌كه‌ین و داوای لامه‌ركه‌زییه‌ت ده‌كه‌ین ئه‌وكات سلێمانی وه‌ك هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌توانێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق ڕێكبكه‌وێت، له‌سه‌ر بابه‌تی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، پێموایه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگیش ده‌هێنێت. ده‌شڵێت"ئه‌م كابینه‌یه‌ی ئێستا زۆر خراپتره‌ بگره‌ زۆر توند و مه‌ترسیدارتر ده‌ستیكردووه‌ به‌ پێشێلكردنی مافی ئه‌وانی تر. ڕێكه‌وت زه‌كی باس له‌وه‌ش ده‌كات" ئێستاش به‌ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی بڵێت دۆخه‌كه‌ مه‌ترسی نه‌ماوه‌ و له‌ژێڕ چاودێری ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌و ڕێ و شوێنانه‌ هه‌ڵبگرین و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واومان هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌ن هه‌روه‌ك چۆن سه‌ره‌تا گرتمانه‌به‌ر، به‌و جۆره‌ش ده‌توانین هه‌ڵیانبوه‌شێنینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ پێویست بكات له‌وه‌ ئاسانتر نیه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كۆببێته‌وه‌ و بڕیاری بۆ ده‌ربكات، به‌ڵام به‌ته‌واوی سه‌یری ده‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی ده‌كه‌ین."


"ته‌نها دوو ڕێگا چاره‌ هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری دۆخی ئێستای سلێمانی"


له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا ڕێكه‌وت زه‌كی وتی " ئه‌و كه‌مته‌رخه‌میانه‌ی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر سلێمانی زۆر ده‌مێكه‌ هه‌یه‌ و زۆر له‌وه‌ زیاتره،‌ كه‌ پارێزگاری سلێمانی باسی لێوه‌كرد و خاتری گرتوون، ئێمه‌ پێشتر له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی پڕۆژه‌ی لامه‌ركه‌زیمان هه‌بوو، بۆ شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، به‌ بۆچونی من دوو ڕێگا چاره‌ هه‌یه‌، پلانی (A و هه‌یه‌ له‌و دوو ڕێگاچاره‌سه‌ره‌ زیاتر نیه‌، پلانی (A) ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌واو له‌ڕووی كارگێڕی و ئابورییه‌وه‌ بدرێته‌ یه‌كه‌ ئیدارییه‌ سه‌ربه‌خۆكان، تا موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بكه‌ن و چیتر وه‌ك ئه‌وه‌ی پارێزگاری سلێمانی ئاماژه‌ی بۆ كرد ئه‌و كێشه‌ و موعاناتانه‌ی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یانه‌ چیتر دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌م كێشانه‌ بهێنێت، یاخود پلانی ( B)، کە گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌ستوری عیراق،‌ مادده‌ 119ی مادده‌یه‌كی زۆر ڕوونه‌ له‌و ڕوه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر داوای 3/1 ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئه‌و پارێزگایه‌، یان 10/1 ده‌نگده‌رانی ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌توانرێت ئه‌و پارێزگایه‌ ڕاسته‌وخۆ وه‌ك هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ بكات."


ناوبراو ڕایگه‌یاند " له‌ڕاستیدا پلانی (A ) له‌پێشتره‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ له‌ ئیداره‌دان و حكومڕانی به‌م جۆره‌ی كه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ بێت ڕه‌نگه‌ بڵێم پلانی (B) نزیكترین ئه‌گه‌ر بێت."

ڕێكه‌وت زه‌كی ئه‌وه‌شی وت "با زۆر به‌ڕوونی بڵێم ئه‌م كابینه‌یه‌ به‌م جۆره‌ له‌ڕووی ئیداره‌دان و كارگێڕییه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ ئه‌وه‌ی كه ‌خۆی سه‌ره‌تا بانگەشەی بۆ ده‌كرد، كه‌ ده‌یوت حكومه‌تێكی به‌هێزی یه‌ك ئیداره‌ ده‌بێت، به‌ڵام به‌عه‌كسه‌وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی نواند، هێڵه‌كانی دوو ئیداره‌یی تۆخ كرده‌وه‌."


" پلانی B "


زه‌كی پلانی (B) زیاتر ڕونكرده‌وه‌ و وتی " ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بێت له‌م ده‌ستی ده‌ستییه،‌ له‌ڕێكنه‌كه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداد و دروشمی "قه‌به‌ " و كرداری كه‌م ئه‌وا بێگومان ده‌ستوری عیراق مافی داوه‌ به‌ پارێزگاكان، كه‌ له‌سه‌ر سامانه ‌سروشتییه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ به‌غداد ڕێكبكه‌ون، به‌نیسبه‌ت منه‌وه‌ وه‌ك ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، كه‌ به‌شێكی زۆری ده‌نگده‌ره‌كانم موچه‌خۆرن، موچه‌ی موچه‌خۆران پێش هه‌موو شتێكه‌ به‌ڕاستی، واته‌ موچه‌ به‌جیا بێت بۆ سلێمانی و‌ به‌جیا بڕوات بۆ هه‌ولێر ئه‌وه‌ باشترین شته‌. "


"هه‌رێمی كوردستان تاكه‌ شوێنی سه‌رزه‌وییه‌، كه‌ تا ئێستا موچه‌ی ساڵی 2020ی لێ وه‌رنه‌گیراوه‌"


ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئه‌وه‌شی وت "حكومه‌تی هه‌رێم باج و ڕوسومات وه‌رده‌گرێت، داهاتی ناوخۆیی خۆی هه‌یه‌، پاره‌ له‌به‌غداد وه‌رده‌گرێت، پاره‌ له‌هاوپه‌یمانان وه‌رده‌گرێت بۆ موچه‌ی پێشمه‌رگه،‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی كۆمه‌ك و هاوكاری له‌ سه‌رمایه‌دار و وه‌به‌رهێنه‌ران وه‌رده‌گرێت كه‌ تاوه‌كو ئێستا زیاتر له‌ بیست ملیۆن دۆلاری وه‌رگرتووه‌، نه‌وتی خۆی ده‌فرۆشێت، ماوه‌یه‌كی زۆریش نه‌وتی كه‌ركوكی فرۆشتووه‌، قه‌رز له‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانیش ده‌كات كه‌چی له‌ساڵێكدا له‌بری دوانزه‌ موچه‌ نۆ موچه‌ی داوه‌ ئێستا ده‌مه‌وێت بڵێم هه‌رێمی كوردستان تاكه‌ شوێنی سه‌ر زه‌وییه،‌ كه‌ تا ئێستا موچه‌ی ساڵی 2020ی لێ وه‌رنه‌گیراوه‌، دوای ئه‌م هه‌موو سه‌رچاوه‌ داهاتییه‌ی ئاماژه‌م پێكرد ئه‌مه‌ بێ وێنه‌یه‌ له‌ ئاستی هه‌موو جیهاندا."


"ئه‌م كابینه‌یه‌ هێڵه‌كانی دوو ئیداره‌یی تۆختر كرده‌وه‌، پێموانیه‌ یه‌كێتی دوای كۆنگره‌ درێژه‌ به‌م دۆخه‌ بدات به‌م جۆره‌ی ئێستا، ده‌بێت ساغی بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی"


ده‌وترێت ئه‌ندامانی یه‌كێتی زۆر كات وه‌ك ئۆپۆزسیۆن قسه‌ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ حیزبه‌كه‌ته‌؟


له‌وه‌ڵامدا ڕێكه‌وت زه‌كی ده‌ڵێت" له‌ڕاستیدا ئێمه‌ كه‌باسی حكومه‌ت ده‌كه‌ین نمونه‌یه‌ له‌كابینه‌ی پێشوو، كابینه‌ی پێشوو به‌ته‌واوه‌تی دانی نابوو به‌ دوو ئیداره‌یی و هه‌مووی به‌جێهێشتبوو، تیمی یه‌كێتی و گۆڕان كه‌ له‌م سنوره‌، هێشتا به‌وه‌شه‌وه‌ سلێمانی پشتگوێخراوبوو نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی زۆر هه‌بوو له‌و ڕوه‌وه‌ ئێستا ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كه‌ین ئه‌م كابینه‌یه‌ی ئێستا زۆر خراپتره‌، بگره‌ زۆر توند و مه‌ترسیدارتر ده‌ستیكردووه‌ به‌ پێشێلكردنی مافی ئه‌وانی تر، ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ پێموانیه‌ یه‌كێتی دوای كۆنگره‌ درێژه‌ به‌م دۆخه‌ بدات به‌م جۆره‌ی ئێستا، ده‌بێت ساغی بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا."

ڕاشیگه‌یاند" ڕێككه‌وتووه‌ له‌كۆبونه‌وه‌ی گشتی و كۆبونه‌وه‌ی تردا "كاك قوباد " م بینیووه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئێستا ده‌یڵێم به‌ خۆی-م وتووه‌ له‌كابینه‌ی پێشوو هه‌ندێك وه‌ڵامی هه‌بوو به‌ڵام له‌م كابینه‌یه‌ تا ئێستا گوێم له‌وه‌ڵامه‌كانی نه‌بووه‌."

"جیاوازی ده‌كرێت له‌ نێوان سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌."

ڕێكه‌وت زه‌كی له‌سه‌ر جیاوازی كردن له‌ نێوان شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" یه‌ك نمونه‌ی بچووك باس ده‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌ له‌وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه‌وه‌ هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان ئاگاداركراونه‌ته‌وه،‌ كه‌ ده‌بێت هه‌موو پڕۆژه‌یه‌كی جێبه‌جێكردن ڕابگیرێت ئه‌وه‌شی كه‌ له‌به‌رنامه‌یاندا هه‌بووه‌ ده‌ستی پێبكه‌ن ئه‌وه‌ش ڕابگرن ته‌نانه‌ت كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك له‌ زۆنی سنوری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی ده‌كرێته‌ ڕۆژناڕۆژێك، له ‌كاتێكدا من به‌دواداچونم بۆی كردووه‌ له ‌هه‌ولێر و دهۆك تا ئێستا ئه‌مه‌ نیه‌، ئه‌وه‌ نمونه‌یه‌ك، نمونه‌یه‌كی تر هه‌ر تایبه‌ت به‌شاره‌وانییه‌كان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ كه‌ "ته‌مویل" ی مانگانه‌ی خۆی كه‌م بكاته‌وه‌ مانگانه‌ له‌ نه‌وه‌د ملیۆنه‌وه‌ بۆ نیوه‌، واته‌ سی ملیۆن تا چل ملیۆن، كاتێك به‌دواداچونم كردووه‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك نه‌كراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ نادادپه‌روه‌رییه‌، واته‌ به‌ڵێ جیاوازی ده‌كرێت له‌ نێوان سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌."

ده‌شڵێت" تا ئه‌م ساته‌ی قسه‌ی تێیداده‌كه‌م حكومه‌تی هه‌رێم، یه‌ك دۆلار، یه‌ك دیناری نه‌داوه‌ته‌ سلێمانی له‌و هاوكارییانه‌ی دوێنێ له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ڕای ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك به‌شێك له‌جه‌سته‌ی خۆی، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سلێمانی ناكات و به‌بۆچونی من ده‌یه‌وێت عه‌زێتی بدات چونكه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ڕابردوومان بینی."

"بانگه‌شه‌ی به‌ دوو ئیداره‌یی كردنی هه‌رێم "خیانه‌ت نیه‌"

هه‌روه‌ها ئه‌ندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی وتیشی " بانگه‌شه‌ی به‌ دوو ئیداره‌یی كردنی هه‌رێم "خیانه‌ت "نیه‌ چونكه‌ خۆی هه‌ر له‌ واقیعدا له ‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان دوو ئیداره‌ بووه‌، ئه‌وه‌ی پێیوابووه‌ یه‌ك ئیداره‌ بووه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها له‌ دروشم و بانگه‌شه‌دا بووه‌، ئه‌گه‌رنا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕاستی ئه‌و دوو ئیداریه‌ی له‌پێشتر هه‌بوو ئه‌م كابینه‌یه‌ی ئێستا تۆختری كرده‌وه‌ و زۆر به‌جدی تر كاری له‌سه‌ر كردووه‌." ڕێكه‌وت زه‌كی ده‌ڵێت" ئه‌مه‌ شه‌ڕ فرۆشتن نیه‌ وه‌ك هه‌ندێك پێمان ده‌ڵێن، به‌ڵكو ئه‌مه‌ بێده‌نگ نه‌بوونه‌ له‌سه‌ر مافه‌كانی خه‌ڵكی سلێمانی، من و هاوڕێكانم نوێنه‌ری خه‌ڵكی سلێمانین، له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر مافه‌كانی خه‌ڵكی سنوره‌كه‌مابن نه‌كه‌ین ئه‌ی كێ بیكات." "له‌و كاته‌ی دوو ئیداره‌یی هه‌بوو سلێمانی گه‌شاوه‌تر و پێشكه‌وتوتر بوو، دوو درواسێی به‌ ئاشتی پێكه‌وه‌ ژیان باشتره‌ له‌م جۆره‌ ژیانه‌ی ئێستا پێكه‌وه‌ین" به‌بروای ڕێكه‌وت زه‌كی دوو ئیداره‌یی باشتره‌ و وتی" ئه‌گه‌ر یه‌ك به‌راوردی بچووك بكه‌ین له‌وكاته‌ی دوو ئیداره‌یی هه‌بوو سلێمانی گه‌شاوه‌تر و پێشكه‌وتوتر بوو، ئه‌وكاته‌ له‌ سلێمانی نه‌وت ده‌رده‌هێنرا، من پێموایه‌ دوو درواسێی به‌ ئاشتی پێكه‌وه‌ ژیان باشتره‌ له‌م جۆره‌ ژیانه‌ی ئێستا پێكه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌بابه‌تی موچه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كاندا، هه‌روه‌ك ئاماژه‌م به‌ده‌ستیوری عیراقی كرد ده‌ستوری عیراقی باسی دوو ئیداره‌یی ناكات به‌ڵكو باسی هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ ده‌كات كه ‌ده‌توانێت خۆی ڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقدا بكات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم مامه‌ڵه‌ی به‌م جۆره‌ بێت به‌دڵنیایی داوای كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌كه‌ین و داوای لامه‌ركه‌زییه‌ت ده‌كه‌ین."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌گه‌ر ئێوه‌ وه‌ك پارێزگای سلێمانی بتانه‌وێت لامه‌ركه‌زییه‌ت وه‌ك هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ وه‌ربگرن كه‌ وه‌ك خۆت ده‌ڵێیت، بچن له‌گه‌ڵ به‌غداد به‌جیا ڕێكبكه‌ون، ئایا گۆڕان و دوو لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌بێت؟ واته‌ ده‌توانن زۆرینه‌ و ده‌نگی پێویست به‌ده‌ست بهێنن؟

" به ‌هه‌رێم بونی سه‌ربه‌خۆیی سلێمانی له‌ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا زۆرینه‌ی ده‌نگ ده‌هێنێت ."

ڕێكه‌وت زه‌كی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی وتی" به‌ڵێ زۆرینه‌ی ده‌نگی ناو ئه‌نجومه‌ن ده‌هێنین، و‌ پێموانیه‌ دژی زۆربێت، چونكه‌ ئێمه‌ كه‌باسی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداد ده‌كه‌ین بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خزمه‌تی شاره‌كه‌یه‌، خۆ موچه‌خۆر ته‌نها هی یه‌كێتی نیه‌ له‌سنوره‌ی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین كادیری پارتی و لایه‌نه‌كانی تریش موچه‌خۆرن."

" به‌ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی بڵێت دۆخه‌كه‌ مه‌ترسی نه‌ماوه‌ و له‌ژێڕ چاودێری ئێمه‌ ئه‌و ڕێ و شوێنانه‌ هه‌ڵده‌گرین "

ده‌رباره‌ی كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كان و هه‌ڵگرتنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ كه‌ ده‌وترێت جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی جیاوازی هه‌یه‌؟ ڕێكه‌وت زه‌كی وتی" ئه‌وكاته‌ی ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ڕێ و شوێنه‌كانمان گرته‌به‌ر بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌سنوری پارێزگای سلێمانی و ده‌وامی فه‌رمانگه‌ و قوتابخانه‌كان و خوێندنمان ڕاگه‌یاند، بیرمه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران خۆی كۆبونه‌وه‌یه‌ی هه‌بوو گلله‌ییان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی كرد بۆ ئه‌و ڕێ و شوێنانه‌، ئێستاش به‌ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی بڵێت دۆخه‌كه‌ مه‌ترسی نه‌ماوه‌ و له‌ژێڕ چاودێری ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌و ڕێ و شوێنانه‌ هه‌ڵبگرین و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واومان هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌ن هه‌روه‌ك چۆن سه‌ره‌تا گرتمانه‌به‌ر به‌وجۆره‌ش ده‌توانین هه‌ڵیانبوه‌شێنینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ پێویست بكات له‌وه‌ ئاسانتر نیه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كۆببێته‌وه‌ و بڕیاری بۆ ده‌ربكات به‌ڵام به‌ته‌واوی سه‌یری ده‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر بزانین مه‌ترسیه‌كه‌ تێپه‌ڕیووه‌ به‌دڵنیایی بڕیاری بۆ ده‌ده‌ین، به‌دڵنیایی به‌نیازین داوای ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌.

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ڕێكه‌وت زه‌كی Apr 17/020