تۆمارکردنی حاڵەتی تووشبوونی کۆرۆنا لە کەرکوک و ئامادەکاریـیەکانی حکومەتی هەرێم

دوای تۆمارکردنی 4 حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەرکوک، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی پارێزگای کەرکوک، کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و چەندین بڕیاریان بۆ بەرگرتن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەرکرد.

4 حاڵەتی کۆرۆنا لە کەرکوک

ئیدارەی کەرکوک بڕیاری دا بە ڕاگرتنی دەوامی تەواوی خوێندنگا، پەیمانگا و زانکۆکانی شارەکە تا کاتێکی نادیار، ئەوەش دوای تۆمارکردنی 4 حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکە.

ئەو 4 کەسەی لەکەرکوک توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، خێزانێکی تورکمانی شیعە مەزهەبن و هەفتەیەک لەمەوبەر لە شاری قوم ی ئێران گەڕاونەتەوە، بەڵام دوێنێ ئاشکرابووە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن.

سامان کەرکوکی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"4 کەسەکە، هەفتەیەکە لە ئێران گەڕاونەتەوە و لەنێو خەڵکدان، تازە کاریگەریەکانی ڤایرۆسەکە لەسەریان دەرکەوتووە."

روونیشیکردەوە، چوار کەسەکە لە ژێر چاودێری پزیشکیدان و دۆخی یەکێکیان بەهۆی بەرزی پلەی گەرمی جەستەیەوە ناجێگیرە، وتی"تەندروستی رێوشوێنی توند لە پارێزگاکە بۆ بەرگرتن لەبڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەکە دەگرێتەبەر."

دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینی خێزانە 4 کەسیەکە، ئیدارەی کەرکوک کۆبوونەوەیەکی پەلەی ئەنجامداو بڕیاری گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستی دا بۆ رێگرتن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

بەپێی راگەیەنراوێکی ئیدارەی کەرکوک، پشکنینی گشتگیر لەپارێزگاکە بەڕێوەدەچێت، هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ ماوەی 15 ڕۆژ قەدەغە دەکرێت، هەروەها تیمی تەندروستی چاودێری نرخی دەرمان دەکات و پشکنین بۆ ئەوانەش دەکرێت کە دەڕۆنە نێو پارێزگاکەوە.

نەجات حسێن ئەنامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گەر ڤایرۆسەکە بڵاوببێتەوە، کۆنترۆڵکردنەوەی دۆخەکە ئاسان نابێت، بۆیە لەئێستاوە لەکەرکوک رێوشوێنی پێویست دەگیرێتە بەر."

هەرێمی کوردستان کەوتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی ئێران و تۆمارکردنی 4 حاڵەت لەکەرکوک، هەرێمی کوردستانی خستە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیەوە، بەتایبەت بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە خەڵکی تەواو ترساندووە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێ شەمەدا، بڕیاریدا بەڕاگرتنی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن و سنوردار کردنی گەشتی هاوڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵات.

بەپێی بەدواداچوونێکی دەنگی ئەمەریکا، سەدان کەس لەهەرێمی کوردستان دەست بەسەرکراون، کە لە وڵاتی ئێران گەڕاونەتەوە و ئێستا لەناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان خراونەتە ژێر چاودێری پزیشکیەوە.

ئەو هاوڵاتیانەی لەئێران گەڕاونەتەوە و دەست بەسەرن، پێشتر بۆ خوێندن یاخود کاری تایبەتی رۆیشتوونەتە ئێران، لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە دەروازە سنوریەکان، دەست بەسەرکراون و ڕەوانەی شوێنی تایبەت کراون.

شەهاب ئەحمەد قایمقامی کەلار، بەدەنگی ئەمەریکای وت"تەنها لەکەلار، 70 هاوڵاتی دەست بەسەرن، کە لەچەند رۆژی رابردوودا لە وڵاتی ئێران گەڕاونەتەوە."

وتیشی"دەست بەسەرکراوەکان بۆ ماوەی 14 ڕۆژ دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشکیەوە، دواتر رەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە."

هەڵاتن لە پشکنین

زۆرێک لەو هاوڵاتیانەی هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی ئێران بوون، لەچەند ڕۆژی رابردوودا، لەرێگەی دەروازە سنوریەکانی عێراق، بەتایبەت دەروازەی مەنزەریەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێم.

بەپێی بەدواداچوونێکی دەنگی ئەمەریکا، بەسەدان هاوڵاتی کورد و عێراقی گەڕاونەتەوە هەرێم و ناوچە جیاجیاکانی عێراق، بێ ئەوەی خرابێتنە ژێر چاودێری پزیشکیەوە، خێزانە 4 کەسیەکەی کەرکوک کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنابوون، لە نێو ئەو هاوڵاتیانەدا بوون.

بەو پێیەی زۆربەی ئەوانەی لەدەروازە سنوریەکانی هەرێمەوە گەڕاونەتەوە، دەست بەسەرکراون، بۆیە خەڵکێکی زۆر بەمەبەستی هەڵاتن لە چاودێری و پشکنین، بۆ گەڕانەوە، ڕوویان لەدەروازەکانی عێراق بەتایبەت مەنزەریە کردووە.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، لەدەروازەی مەنزەریە، تەنها پشکنینێکی سەرپێی بۆ گەڕاوەکانی ئێران کراوە و نەخراونەتە ژێر چاودێریەوە، بۆیە شەو هەبووە، بەسەدان کەس لەو دەروازەوە گەڕاونەتەوە.

زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن، هێزەکانی سەربە حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەمە چاودێری سنوری دیالەیان کردووە، بەمەبەستی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لەرێگەی مەنزەریەوە گەڕاونەتەوە و بەرەو ناوچە جیاجیاکانی هەرێم رۆیشتوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبەغداوە کەداوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پشکنین نەک تەنها لەمەنزەریە، بەڵکو لە زۆربەی خاڵە سنوریەکان بەهەرێمی کوردستانیشەوە وەک پێویست نەبووە."

وتیشی"لە یەکێک لە دەروازەکان، چەند شەوێک لەمەوبەر پاسەپۆرت لەسەدان گەڕاوەی ئێران وەرگیراوە، بەڵام خۆیان نێردراونەتە ماڵەوە و بەیانیەکەی رۆیشتوون پاسپۆرتەکانیان وەرگرتۆتەوە."

ڤایرۆسی کۆرۆنا و گرفتی ئابووری

دوێنێ دووشەمە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە، دەروازە سنوریەکانی ئاگادارکردەوە و دایخستن، بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتدا، بڕیاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەشێوەی سنوردار درا.

رێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە دەروازە سنوریەکان، پەیوەندی بەو رێوشوێنانەوە هەیە، کە بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتە بەر، بەڵام کاریگەری کاتی لەسەر نرخ لە بازاردا هەبوو.

داخستنی دەروازەکان، وایکرد خەڵکێکی زۆر ڕوو لە وێستگەکانی سوتەمەنی بکەن لەترسی گرانبوونی نرخی بانزین، هەروەک مارکێت و بازارەکانیش جمەیان دەهات لەو خەڵکانەی کە ترسی دروستبوونی قەیرانیان بەهۆی داخستنی دەروازەکانەوە هەبوو.

ئەمڕۆ سێشەمە، دۆخی بازار بەتەواوەتی ئاسایی بوویەوە، کاتێک بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، دڵنیاییان دایە هاوڵاتیان سەبارەت بە جێگیربوونی نرخ و ڕوونەدانی قەیران.

هاوژین فایەق کە خاوەنی وێستگەیەکی سوتەمەنیە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"خەڵک خۆی دەترسێت، ئەگینا هێندە بانزینمان عەمبارکردووە، 15 رۆژیش بانزینمان پێ نەگات، گرفتمان نابێ."