ئەیهان سەعید باس لە شێوازی دەستگیرکردنی شڤان بەڕۆشکی برای دەکات

شڤان سەعید بەڕۆشکی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە دهۆک، ڕۆژی پـێنجشەممە لە لایەن هێزێکەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا و هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپـۆرتە چارەنووسی دیار نیـیە.

ئەیهان سەعید، نوێنەری ڕێکخراوی میترۆ لە دهۆک و برای شڤان سەعید دەڵێت کاتژمێر 8:30 ی بەیانی هێزێکی چەکداری دەمامکدار چوونەتە سەر ماڵی براکەی و دەرگای ماڵەکەیان شکاندووە و بە لێدان شڤانیان بە جلی نووستن بردووە لە بەردەمی منداڵەکانی کە گەورەکەیان تەمەنی 10 ساڵە. دەشڵێت بەبێ ئەوەی مۆڵەتی دادگایان پـێبێت یان هۆکاری دەستگیرکردنەکە بڵێن براکەیان بردووە.

ئەیهان لە درێژەی وتووێژەکەی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەشڵێت چەکدارانی هێزەکە بە شێوازێک ڕەفتاریان کردووە وەک ئەوەی سەرکردەیەکی داعش دەستگیربکەن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد شڤان پـێشتر مامۆستای ئاینی و وتاربێژی مزگەوت بووە، دەڵێت لەسەر ڕەخنەگرتن لە حکومەت و موچەبڕین لە کارەکەی لادراوە.

گوتیشی هەوڵیان داوە لە دەزگای ئاسایش و پـۆلیس و تەنانەت لای دەزگای پاراستنیش چارەنووسی براکەی بزانن، بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە و گوتویانە لای ئەوان نیـیە. ئەیهان سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت، دەڵێت چۆن هێزێک بە جلوبەرگی فەرمی کەسێک لە ناو شاری دهۆک دەستگیردەکات و ئاسایش و پـۆلیس دەڵێن لای ئێمە نیـیە.

ئەیهان سەعید باسی لەوەش کرد لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو زیاتر لە 300 کەس لە دەڤەری بادینان دەستگیرکراون، بەشێکیان بەو مەرجە ئازادکراون کە چیتر ڕەخنە لە دەسەڵات نەگرن.

تەواوی وتووێژەکە لەم فایلە دەنگیـیەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ ئەیهان سەعید

شەوی پـێنجشەممە لە پاش ئەنجامدانی ئەم وتووێژە پـۆلیسی دهۆک ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت شڤان بەڕۆشکی بەپـێی ماددەی 221 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و هیچ بێ ڕێزی بەرامبەر نەکراوە.

سەلام باڵایی لە ڕاپـۆرتەکەی باس لە ڕاگەیاندنەکەی پـۆلیس دەکات.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی سەلام باڵایی