تارق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر: کەس دەستگیرنەکراوە تا ئازاد بکرێت ئێستا لە دەرەوەن و کێشەیان نییە

بەپێی هەواڵی چەند میدیایەکی هەرێمی کوردستان چەند ئەندامێکی هەدەپە لە هەولێر دەستگیرکران بەڵام دەنگی ئەمەریکا بەدواداچوونی لەسەر ئەم پرسە کرد و لە زاری ئاسایش و هەدەپەوە زانیاری وەرگرتووە، سەرەتا عابد ئێکە هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان و ئەندامی ئێستای هەدەپە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئەمڕۆ ئەندامانی نوێنەرایەتی هەدەپە کە لە ناهیدە ئەرمیش و حیکمەت خەتیب و ڕوکەن مەرجان پێکهاتبوون میوانی خانەوادەیەکی باکوری بوون بۆ خواردن، بەڵام ئەو خانەوادەیە باکوریە فایلی ئاسایشی خوی دروست نەکردبوو بۆیە هەندێک لێکتێنەگەیشتن دروست ببوو و لەگەڵ ئاسایش دانوستانمان کردووە کێشەکە هی ئەو ماڵباتەیە، ئاسایشیش بۆ خاوەن ماڵەکە چووە و ئەو سێ ئەندامەی ئێمەش براون و چارەسەردەبێت".

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر پرسی ئەو سێ ئەندامەی نوێنەرایەتی هەدەپە، تارق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" کەس دەستگیرنەکراوە ئەو کەسەی کە لە هەولێر دادەنیشێت بەدڵنیاییەوە دەبێت لە لایەن دەزگا ئیداریەکانەوە بناسرێت و ڕەنگە لەسەر ئەوە پرسیار کراوە و تەواو، کەس دەستگیرنەکراوە تا ئازاد بکرێت تەنها وەکو سەرەدانی خەڵکە کە ئەو کەسە لەکوێ هاتووە و چۆن نیشتەجێ بووە و لە هەموو دونیا هەیە نوسینگەی زانیاریە، ئێستاش لە دەرەوەن و کێشەیان نییە".

جێی باسە پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە بۆ ماوەی چەندین ساڵە نوێنەرایەتی خۆی لە هەرێمی کوردستاندا کردووەتەوە و لە ئێستاشدا هەریەک لەناهیدە ئەرمیش وحیکمەت خەتیب نوێنەری هەدەپەن لە هەرێمی کوردستاندا.

Your browser doesn’t support HTML5

ئەحمەد زێباری