دەزگا ئەمنیەکانی هەولێر سەرقاڵی لێکوڵینەوەی وردن لە بارەی ڕووداوی تەقەکردن لە نێو ڕێستۆرانتێک

دوای ئەوەی کە لە رێستۆرانتێکی شاری هەولێر تەقە لە جێگری کۆنسوڵی تورکیا دەکرێت و دەستبەجێ گیان لە دەست دەدات و دوو کەسی تریش کە لەو رێستۆرانتە دەبن بەر بە تەقە دەکەون ئەوانیش گیان لە دەست دەدەن دەنگی ئەمەریکا چەندین جار هەوڵیدا لەگەڵ کاربەدەستانی دەزگا ئەمنیەکانی شاری هەولێر لەبارەی ڕووداوەکەوە قسە بکات و لە زاری خویانەوە باسی چوونیەتی ڕووداوەکە و ئەنجامدەری ئەو تەقەیە بکات بەڵام کاربەدەستانی ئەمنی هەولێر رەتیان کردەوە کەوا جارێ لەبارەی رووداوەکە زانیاری بخەنەڕوو و دەڵێن جارێ ئەوان سەرقاڵی لێکولینەوەی وردن لەبارەی تەقەکەر و چوونیەتی کۆژرانی ئەو سێ کەسە و ئەنجامدانی ڕووداوەکە .

یەکێک لەو کەسانەی کە هاووڵاتی هەرێمی کوردستانەو لەو ڕووداوەدا گیان لە دەست دەدات پاسەوان و ئامۆزای ئازاد جوندیانی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نشتیمانی کوردستانە ، ئازاد جوندیانی لەبارەی ڕووداوەکەوە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت دەزگا پەیوەندیدارەکان خەریکی لێکۆلینەوەن ئێمە هیچێکمان لەوبارەیەوە لە هیچ سەرچاوەیەک نەبیستووە و ئەگەر بشبیستین بروای پێ ناکەین تا لیژنەی تەحقیقی خوی لیژنە رەسمیەکەی تەحقیقات لایەنی پەیوەندیدار تەحقیقاتی خوی دەکات و ئەنجامەکەی رادەگەیەنن.

عیماد هەرنی یەکێک لەو کەسانەیە کە لەو رێستۆرانتە دەبێت لە کاتی تەقەکردن و ڕووداوەکە ئەمە وەک خوی ڕاگەیاندووە ، لەبارەی ڕووداوەکەوە عیماد هەرنی کە هاووڵاتی هەرێمی کوردستانە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت چاوەڕێی لێکولینەوەکانی دەزگا ئەمنیەکان دەکەین و با دەزگانی ئاسایش و پۆلیس و حکومەت و پەرلەمان ئیجرائاتی خۆیان بکەن و ئەنجامەکان بە فەرمی ڕابگەیەنن.

دکتۆر تارق نوری بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەولێرە بۆ دەنگی ئەمەریکا هەر ئەوەندە دەڵێت کەوا بابەتێکی گەورەیە ئەوهانیە، ئەوە جارێ خەریکن. لای خویەوە ئاسایشی هەولێر لە بارەی ڕووداوەکەوە تەنها ڕاگەیەنراوێکی بلاوکردووتەوە لە بەشێکی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە لە رێستورانتێکی شاری هەولێر رووداوێکی تەقە کردن روویدا بووە هۆی گیان لە دەستدانی کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا و هاووڵاتیەک و برینداربوونی یەکێکی دیکەش, ئەم رووداوە بە تووندترین شێوە شەرمەزار دەکەین و هاووڵاتیانی هەولێر و بە تایبەتیش دیپلوماتکاران دڵنیا دەکەینەوە، کە رێگە نادەین دۆخی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێک بدرێت, لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و تاوانبارانیش بە سزای خۆیان دەگەن.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی ئەحمەد زێباری