یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان سێ ساڵە بۆ دامەزراندن خوپێشاندان دەکەن

زیاتر لە 20 جارە بە نوێنەرایەتی زیاتر لە 1300 قوتابی و خوێندکارانی یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان خوپێشاندان و گردبوونەوە دەکەن، وەک خویان دەڵێن تەنها یەک داواکاریان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە ئەویش دامەزراندنە، کەچی تا ئێستا کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە دانەمەزراون.

یەکێک لە رێکخەرانی گردبوونەوەی پێش ئەنجومەنی وەزیران بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت ئەندامانی لیژنەی خوێندنی باڵا نوسراویان کردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئەوانیش ئێمە بە پێویستی دەزانن بەڵام ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی نەداوەتەوە و سەرۆکی پەرلەمانیش باسی ئێمەی کردووە بەڵام وەڵامی ئەویش‌ نەدراوەتەوە و خودی وەزیری خوێندنی باڵا کیتابی رەسمی کردووە وەڵامی کیتابەکەی ئەویش نەدراوەتەوە، ئەوان ناتوانن حکومەتی هەرێم بخەنە ژێر ئەو فشارەوە کە وەڵامی ئەوان بداتەوە، تاکید لەم کابینەیە وەزیریش دەسهەڵاتی نیە خودی سەرۆکی حکومەتە.

شادی کاوە لە یەکەمەکانی زانکۆیە بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی "داوا دەکەین لە زانکۆکانی خومان دابمەزرێین سێ ساڵە زیاتر چاوەڕێ دەکەین، هەر دەڵێن دادەمەزرێن و هیچ بریارێک نیە، ئێمەش بەردەوام دەبین لە خوپێشاندان و گردبوونەوە."

ڕێگر یاسین یەکێک لەو خوێندکارانەیە کە لە یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆیە بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی بەڵێنیان پێداوین کە دابمەزرێن بەڵام بەڵێنەکانیان ڕاست نەبوون تا ئێستا ئەو ئەمرە جێبەجێ نەکراوە، ئێمە نازانین لە کێ بپرسین ئێمە دەچینە لای خوێندنی باڵا دەڵێن سەرۆکی حکومەت دەچینە ئەنجومەن دەڵێن سەرۆکی حکومەت کەس نیە لە سەرۆکی حکومەت بپرسین بۆچی دانامەزرێین.

بە مەبەستی وەرگرتنی ڕای حکومەت لەم بارەیەوە، دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک هەوڵی دا پەیوەندی بکات بە عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی ئەحمەد زێباری