دوای بڵاوکردنەوە چەندی پەیامی جیاواز و کۆبوونەوەی جیاجیا لەلایەن لایەنە سیاسیەکانەوە تایبەت بە پێکهینانی حکومەت، دواجار پەرلەمانی کوردستان متمانەی بەخشیە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتیش کاردانەوەی جیاوازی هاوڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجەی لێکەوتەوە بە شێوەیەک شەقامی کردە دوو ئاڕاستەی پێچەوانە.
سالم حەمەخان کە پیشەی مامۆستایە و لە هەڵەبجە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ئومێد بەخشە.
"ئەگەر بتوانێت ئەو بەرنامەیەی کە دایئەڕێژێت جێبەجێ بکات، ئەولەویەتی کار تیایدا دیاریکراوبێت، بەپـێی ئەو ئەولەویەتانە کاربکات ئومێدبەخش ئەبێت."
ئەگەرچی سەرۆکی حکومەت لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا ڕایگەیاند چاکسازی ئیداری لە سەرجەم وەزارەتەکاندا ئەنجام دەدەن، بەڵام بەشێک لە هاوڵاتیان دەڵێن متمانە لە نێوان حکومەت و هاوڵاتیدا نەماوە.
ڕەنگین سەلام کە چالاکوانێکی هەڵەبجەیە دەڵێت حکومەت ناتوانێت بەڵێنەکانی جێ بەجی بکات.
"دیارە ئەوەی کە من چاوەڕێی ئەکەم لەم حکومەتە هیچ پێی گەشبین نیم، بە حوکمی ئەوەی ئەو ئیشە کەڵەکەبووانەی چەند ساڵی ڕابردوو لە کابینەی هەشتەم هەبووە، بۆ حکومەتی ئایندە پێی گەشبین نیم. ئومێد ئەکەم بتوانن، بەڵام پێموانیە بتوانن ئەو چاوەڕوانیەی کە خەڵک هەیەتی لە کابینەی نۆیەم هیچ ئەنجامێکی هەبێت."
پرسی وەرگرتنی هەڵوێستی جدی و داواکاری ڕاگرتنی بۆردومانەکانی سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە داواکاری دیکەی هاوڵاتیان بوون لە حکومەت.
ئیبراهیم هەورامانی، کە هاوڵاتیەکی هەڵەبجەیە لەم ڕووەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند:
"زیاتر کار لەسەر ئەوە بکات دەستی دەرەکی لە بەلاماردانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان وەدەرنێت وە هەمان ئەو سیستەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە نەبێت کە لە هەشت کابینەی پـێشوودا بەڕێوەچوو."
کابینەی نۆیەم لە کاتێکدا دەست بەکار بووە وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند حکومەت تا ئێستا قەرزارە، فەرمانبەرانیش چاویان لە وەرگرتنەوەی مووچە پاشەکەوت کراوەکانیانن و هاوڵاتیانیشن دەخوازن پـرۆژە خزمەتگوزاریـیەکان دەستپێبکەنەوە.
Your browser doesn’t support HTML5