لەوەتای کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق حکومڕانی گرتووەتەدەست بە دەیان کادر و پـێشمەرگەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات تیرۆرکراون. هەرچەندە لە زۆربەی زۆری ئەو کوشتنکاریـیانە پەنجەی تاوان بۆ ڕژێمی ئێران درێژکراون، بەڵام دەزگا بەرپـرسەکانی هەرێم هیچیان لەم بارەیەوە نەگوتووە.
دوایـین کوشتنکاری، ئەوە بوو ئێوارەی سێشەممە قادر قادری فەرماندەی پـێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە ناوچەی بالیسان بە 21 گولـلە تیرۆرکرا. هەرچەندە دەزگاکانی ئاسایش و پـۆلیس دەڵێن لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن، بەڵام زۆرێک پـێـیانوایە ئەو لێکۆڵینەوانە هیچ ئەنجامێکیان نابێت، بەو پـێـیەی هەتا ئێستا هیچ کەس لەسەر تیرۆرکردنەکانی پـێشوو سزا نەدراوە.
پـرسیار لێرەدا، ئایا دەزگاکانی ئاسایش و پـۆلیسی هەرێمی کوردستان لە توانایاندا نیـیە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بدۆزنەوە یان هۆکاری سیاسی ڕێگەرە لە ئاشکراکردنی بەرپـرسانی ئەو کوشتنکاریـیانە؟
ئایا حزبەکانی ڕۆژهەڵات ڕێوشوێنی ئاسایشی پـێویست ناگرنەبەر کەوا بەردەوام دەکرێنە ئامانج؟
ئەمە بابەتی بەرنامەی هەلەو واشنتنی ئەم هەینی بوو کە نەجیب باڵایی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بەڕێوەی برد و میوانەکان ئەم بەڕێزانە بوون:
ئارش ساڵح، نوێنەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمەریکا.
عەبدوڵڵا حیجاب، چاودێری سیاسی لە نەرویژ.
لە گفتوگۆی بەرنامەکە ئارش ساڵح گوتی " کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی مامۆستای تێرۆرزمە لە جیهاندا. لە لایەکی ترەوە ئێران لە عێراق و باشوری کوردستاندا لە نێو چین و توێژەکانی دەسەڵاتدا زۆر لەسەرەوەیە، دەتوانێت سوود لەو نوفوزە وەربگریت تاوکو کاری کوشتار ئەنجام بدات. هەروەها کێشە ئابوریـیەکانیش بۆ ئامانجەکانی دەقۆزێتەوە."
عەبدوڵڵا حیجاب گوتی" هۆکاری سەرەکی ئەوەیە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بێڕێزی بە هەموو نرخ و ڕێساکانی سیاسی و مافی مرۆڤ و دیپـلۆماسیەت دەکات وە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سیاسی و سەربازی هەرچی لە دەستی بێت دەیکات."
Your browser doesn’t support HTML5