فەرماندەی فەرماندەیی هەولێری هێزی پێشمەرگە، کە شەوی ڕابردوو هێزەکانی بەرەو گوندی لهێبانی سەربە پارێزگای کەرکوک جوڵە پێکرد، ڕایدەگەیەنێت لە کاتژمێر 12 ی شەوی ڕابردوو لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانەوە فەرمانی پێکراوە هێز بەرەو گوندی لهێبان جوڵە پێبکات.
گوندی لهێبانی سەربە ناحیەی سەرگەڕان، دانیشتوانەکەی کوردن و لەچەند شەوی ڕابردوودا داعش هێرشیکردە سەریان و بەرگریان کرد، بەڵام شەوی ڕابردوو گوندەکەیان چۆڵکرد و داعش بۆ ماوەیەکی کەم کۆنترۆڵی کرد، ئەمڕۆ دووشەمەش هێزی پێشمەرگە و عێراق لە گوندەکە جێگیرکران و دانیشتوانەکەی گەڕانەوه.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا سەعدی عەلی بڕنە و فەرماندەی فەرماندەیی هەولێری هێزی پێشمەرگە دەڵێت"لەسەر فەرمانی مەسعود بارزانی هێزی لەشکری تایبەت ڕەوانەی گوندی خدرجیجەی بناری چیای قەرەچوغ کراوە، کاتژمێر 12 ی شەوی ڕابردووش، فەرمانم پێکرا هێز بەرەو گوندی لهێبان جوڵە پێبکەم، چونکە داعش دەیەوێت لەڕێگەی ترس و تۆقاندنەوە، دانیشتوانەکەی دەربکات."
فەرماندە باڵاکەی پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، گوندی لهێبان دەکەوێتە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە، پێشتر عێراق خۆی بەخاوەنی نەزانیووە، بەڵام ناوچەکە کوردستانیە و خۆمان بە خاوەنی دەزانین، وتی"پێشمەرگە و سوپاش بۆ هەماهەنگیکردنی یەکتری چووینەتە گوندەکه."
لیوا سەعدی عەلی بڕنەو جەختیشیکردەوە"دانیشتوانی گوندی لهێبان گەڕاونەتەوە و دڵخۆشن، ئێستا پێکەوە نان دەخۆین لە گوندەکه."
لیوا سەعدی عەلی بڕنە و فەرماندەی فەرماندەیی هەولێری پێشمەرگە، هۆکاری هێرشەکانی داعشی بۆسەر پێشمەرگە و گوندە کوردنیشینەکان بەهەوڵێک زانی بۆ تەعریب کردنەوەی ئەو ناوچانە و دەرکردنی خێزانە کوردەکان.
Your browser doesn’t support HTML5