بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان لە حاڵەتی بەرگری و داعشیش لە حاڵەتی هێرشدایە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە سەری ساڵی نوێ، دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید سەرحەد قادر دەڵێت"داعش هێزی زیاتریان هێناوەتە عێراق و بەرپرسەکانیان گۆڕیووە، کێشەی نێوماڵی شیعە و سونە و کوردیشی وەکو دەرفەت بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی قۆستووەتەوه."
ڕوونیشیکردەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوە لەسەری ساڵ، دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت، چونکە وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە و لایەنە شیعەکانیش دەرگای وەرگرتنی خۆبەخشیان بۆ شەڕی ئەمەریکا کردووەتەوە، بۆیە ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە لە ئارادایە، وتی"هەندێک هۆکاری تریش هەن بۆ هێرشەکانی داعش، وەکو چۆڵکردنی گوندە کوردنیشینەکان، هەڕەشەی فەرماندەکانی پێشمەرگەش وایکردووە داعش فشاری زیاتر بکەن."
جەختیشیکردەوە"دەبێت پێشمەرگە بەدوای خاڵە لاوازەکانیدا بگەڕێت و چارەسەری بکات، لەڕووی هەواڵگیری و کەمی چەک و تەقەمەنی، هەروەها دەبێت سزاو پاداشتیش پەیڕەو بکرێت، هەر فەرماندەیەک کەمتەرخەمی هەبوو، لاببرێت."
بەبڕوای عەمید سەرحەد قادر، دابەشبوونی هێزە شیعەکان بەسەر بەرەی پاڵپشتیکاری ئەنجامی هەڵبژاردن و ڕەتکردنەوەی پرۆسەکە، دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبات."
بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاوناحیەکانی کەرکوک ئاماژەی بەوەشکرد، داعش لەحاڵەتی هێرش و پێشمەرگە و سوپای عێراقیش لە حاڵەتی بەرگریدان،زۆرترین هێزی داعشیش لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک، ڕومادی و موسڵدایه.
عەمید سەرحەد قادر پێیوایە داعش پلانی کۆنترۆڵکردنی هیچ جێگەیەکی نیە، بەڵکو دەست دەوەشێنێت و دەگەڕێتەوە، پلانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی لاوازە، وتی"داعش دەتوانێت شوێن بگرێت، بەڵام ئەوەیان ناوێت، بۆیە دەبێت پێشمەرگە و عێراق واز لە قسەی عاتفی بهێنن و خاڵە لاوازەکان چارەسەر بکەن."
Your browser doesn’t support HTML5