دکتۆر سەنگەر سەید قادر: ئەمریکا رازی نابێت کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان لە ژێر دەستی ڕووسیا و تورکیادا بمێنێتەوە

لەوەتەی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق موستەفا کازمی دەست بەکار بووە، هەندێ گۆڕانکاری هێناوەتە کایەوە، سەرەڕای ئەوەی بەربەستی زۆری سیاسی لەبەردەم هەنگاوەکانی دروست دەکرێت. هەروەها ڕادەی ڕەزامەندی شەقامیش هەر جارە و بە شێوەیەکە، دابەش بوونێک هەیە، لە نێوان پشتیوانی و دژدا.

لەم وتوێژە لەگەڵ شیکەرەوەی سیاسی لە ناوەندی ئیمارات بۆ توێژینەوەی ستراتیجی تایبەت بە دیسکی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها مامۆستای زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرە، دکتۆر سەنگەر سەید قادر، باس لەو سیاسەتانە کراوە کە کازمی گرتوییەتەبەر، لە نێوخۆی عێراق و کاریگەرییەکانی بۆ سەر ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ ، هەروەها سیاسەتی حکومەتی ناوەند، دەرهەق بە هەرێمی کوردستان.

لەوەتەی دەست بەکار بووە،هەرکات دەست ببات بۆ ئەو دۆسییە داراییانەی کە لە ژێر هەژموونی میلیشیاو کەسایەتییە سیاسییەکاندایە، بە دەروازە سنورییەکانەوە بیگرە تاوەکو کەرتی وزە، بە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەوانیش دەکەونە خۆیان و فشارەکانیان دەخەنە گەڕ، لەو بارەیەوە سەنگەردەڵیت "هەر کات ئەو سیاسیانەی لە بەرژەوەندیان بدرێت، دەکەونە جوڵاندنی شەقام، یان هەرەشەکردن لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی، هەرچەندەهەندێک جار جوڵەی شەقامیش خۆڕسکانەیە، بەڵام کازمی ناوەستێت".

دکتۆر سەنگەر وەک ئاماژەی بۆ دەکات، عێڕاق 17 ساڵە لە ڕیگای هەژموونی ئێران و وڵاتانی ئیقلیمییەوە بە ڕێوە دەروات، بە تایبەتی هەژموونی ئێران. بە هەبوونی شەست بۆ حەفتا هەزار میلیشیای سەر بە ئێران لە ژێر ناوو گروپی جیاوازدا کە بەئاشکرایی رایان گەیاندووە، بڕیارلە ئێرانەوە وەردەگرن، ئەوە جگە لە هەزاران میلیشیای تری خاوەنی ئەجێندای نیشتیمانی سەر بە حیزبە شیعیەکان و مەرجەعی باڵای شیعەکان عەلی سیستانی، ئاسان نییە کارەکان بەبێ گرفت لەبەردەم کازمیدا ئاسان بڕوات بەڕێوە، لەو بارەیەوە دەشڵێت "کازمی دەیەوێ سیاسەتی بنکۆڵ کردن دەرهەق بەو میلیشیایانە پیادە بکات، نەوەکو روخان، هەوڵ دەدات سوپاو هێزی عێراقی پتەو و بەهێز بکات، چونکە نە ئەمریکا نە سوپای عێڕاقیش دەرەقەتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی نایەن، لەبەر ئەوە سیاسەتێکی تارادەیەک لەم دۆخەدا نەرم وەک زەرورەت بەکاردێنێت."

لە روویەکی دیکەشەوە توێژەرەوەکە، باس لەوە دەکاتکە کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران بەسەر عێڕاقەوە داوای ئەمریکاشە، دەشڵێت "بیرمان نەچێت لە ماوەی رابردوو مایک پەمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا زۆر بە روونی بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراقی راگەیاند بوو، ئەگەر عێراق ‌هەژموونو ئەجێندای ئێران لە عێراق نەهێڵێت، ئەوا ئەمریکا گەمارۆ دەخاتە سەر عێڕاق."

ئەم شیکەرەوە سیاسییە وەک یەک لەو هەنگاوانەی بنکۆڵ کردن کە لەلایەن کازمییەوە پیادە کراوە، ئاماژە بە دەست بەسەردا گرتنەوەی 7 دەرچەی سنوریی دەکات، لە کۆی 21 دەرچەی سنووری عێڕاق، لە نێویشیاندا دەرچەی ئوم قەسری ستراتیژی لە پارێزگاری بەسرا، کە لەژێر دەسەڵاتی ئەو میلیشیایانە بووە کە پێێان دەوترێت میلیشیاکانی موالی کە 6 گروپن و بڕیار لە نوسینگەی عەلی خامەنەییەوە وەردەگرن. دەشڵێت " لەو دەرچەیە 300 ملیۆن داهاتی ساڵانەیان بووە، پێویستیان بە دارایی ئێرانیش نەبووە، بڕینی ئەو داهاتە کاریگەری دەبێت".

پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی تری وتوێژەکەمان بووە لەگەڵ دکتۆر سەنگەر، پێی وابوو ئەمجارە رێکەوتنەکە دەکرێت و درێژ خایەنیش دەبێت، چونکە سیاسەتی ئەمریکاو رۆڵی ئەمریکا بۆ عیڕاق روونە بە تایبەتی دوای ئەوەی بەشێکی گەورەی کەرتی ووزە، رادەستی روسیاو تورکیا کراوە لە رێگای کۆمپانیای روزنەفتی روسییەوە، ئەمریکا لە سەرانی هەرێم زۆر نیگەرانە. لەو بارەیەوە سەنگەر دەڵێت "ئەمریکا رازی نابێت کەرتی ووزەی هەرێمی کوردستان لە ژێر دەستی روسیاو تورکیادا بێت، لە رابردوو سەرۆکی ئەمریکا زۆر بەروونی باسی لەوە کرد ئەوان پاسەوانی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی وڵاتانی تر لە هەرێم و عیراق ناکەن."

سەبارەت بەریکەوتنی نێوان هەرێم وبەغداش سەنگەر پێی وایە کۆتایی پێ دێت،

لەو بارەیەشەوە دەڵێت "رێکەوتنی ئەمجارە وەک رێکەوتنێکی نێو دەوڵەتی لێدێت، فەرەنساو ئەمریکاش بەشدار دەبن، سیاسەتی کازمیش هەمان سیاسەتو ستراتیژی ئەمریکایە، دروست کردنی حکومەتێکی ناوەندیی بەهێز، مانەوەی هەرێمی کوردستان وەک خۆی، بەڵام دەبێت دەروازە سنورییەکان رادەستی حکومەتی ناوەندی بکات، هەروەها داهاتی لە %50 ی بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، کەرتی وزەش بە تەواوەتی رادەستی بەغداد بکاتەوە، چونکە تەنها لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە دەتوانرێت ئەو گرێبەستانەی هەرێم هەڵبوەشێنرێتەوە، بە گرێبەستەکەی روزنەفت و ئەوەی تورکیاشەوە، لەبەرامبەردا بەغداش شایستە داراییەکانی هەڕێم دەنێرێت".

بواری نەوت و هاوردەکردنو گرێبەستەکان لە هەرێمی کوردستان وەک زۆر لە میدیاکان باسی دەکەن، هەروەها ئەم شیکەرەوەیەش کە گەندەڵییەکی بەرفراوان لە کەرتی وزەی هەرێمدا هەیە، بەتایبەتی بەرپرسە باڵاکانی هەرێمەکەو کۆمپانیای حیزبەکانیان. ئایا ئاسان بەرپرس و حیزبە بەرژەوەندی خوازەکان، دەست بەرداری ئەو دەسکەوتە مادیانە دەبن، لەو بارەیەوە سەنگەر دەڵێت "بەرپرسە سیاسییەکانی کورد وەک رابردوو ئەو پێگە سیاسییەی رابردویان نەماوە، تەنانەت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دنیای دەرەوەشدا، ئەمریکاش زۆر بەڕوونی دیارە نیگەرانە لە رادەست کردنی کەرتی ووزەی هەرێمەکە بە روسیاو تورکیا، رەنگە بۆ ماوەیەک پڕکێشی بکەن لە رادەست کردنی کەرتی ووزەی هەرێم بە عێڕاق، بەڵام لە درێژ دەمدا دەبێت بیکەن. بەرپرسانی هەرێمەکەش پارەو سەرمایەکانیان لە لایەن ئەمریکاوە دیارە لە کوێ هەڵگیراوە، یان سەرمایە گوزاری پێ کراوە، ئەگەری هەیە دەستی بەسەردا بگیرێت."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ دکتۆر سەنگەر سەید قادر