دکتۆر محەمەد خورشید: پارتی حسابی بۆ وڵاتانی ئیقلیمی نەکرد و ڕیفراندۆمی کرد

بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات بۆ گەڕانەوەی حیزبەکەی بۆ کەرکوک، حکومەتی هەرێم و عێراق لەلایەک لە گفتوگۆدان، لەلاکەی تریش گفتووگۆی نێوان پێکهاتەکان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە، بەڵام گرفت کێشەی نێوان کورد و تورکمانە لەگەڵ عەرەب، لەسەر مەسەلەی زەوی و زار و تەعریبکردنی هەندێک ناوچە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر محەمەد خورشید بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی کە بارەگای لقەکەی ئێستا لەهەولێرە، دەڵێت" بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک، وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق چەند هەنگاوێکیان بڕیووە، گرفت جێبەجێ نەکردنی هەندێک لە بڕیارەکانە."

پـرسیار: لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، حیزبە کوردیەکان لەکەرکوک بە بێ پارتی کۆبوونەوە، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانی، پارتی تۆمەتبارکرد بەوەی بە ئیعازی تورکیا ناگەڕێتەوە کەرکوک؟

وەڵام: ئەمە چەند جارێکە گوێمان لەو قسە دەبێ، ئەو کەسە تازە بووەتە بەرپرسی مەڵبەند، دیارە پێیخۆشە لێدوانی گەورە گەورە بدات، پیشانی بدات گوایە زۆر شت دەزانێ، لەگەڵ بەرپرسانی پێشووی حیزبەکان نەک ئەمەی تازە هاتووە، زۆر تەبا و برابووین پێکەوە، لەدوای خیانەتی 16 ی ئۆکتۆبەر، بەشێک لە کادیرەکانی مەڵبەند خۆیان بێبەری کرد لەو خیانەتە، ڕێزمان لێیانگرت، بە خائین ناومان نەبردن، خیانەتەکە درایە پاڵ خەڵکی تر، بۆ قسەکردن کردن دەبێت لێکتێگەیشتن هەبێ، ئەو برایە تازەیە، پێیخۆشە لێدوانی گەورە گەورە بدات، لەوانەیە ئامۆژگاری کرابێ، لێدوانی گەورەتر لەسنوری خۆی بدات.

مەسەلەی ڕێککەوتن و گەڕانەوەمان بۆ کەرکوک، تەنها پەیوەندی بە پارتی و حکومەتی ئیتیحادیەوە هەیە، کەرکوک داگیرکراوە، بۆیە ناگەڕێینەوە. خۆ ئەگەر پارتی لە ژێر فشاری دەوڵەتانی هەرێمایەتی بووایە، ریفراندۆمی نەدەکرد، سەلماندی ناکەوێتە ژێر فشارەوە، تورکیا ئەوەی توانی بەرامبەر پارتی کردی، کاتی خۆشی لە ساڵی 2003 ئەوە سەرۆکی پارتی بوو، وتی: گەر بەتەنهاش بین، لەبرایم خەلیل بەردەمی تورکیا دەگرین، بۆیە ئەو برادەرانە با شەوان زوو بخەون و زۆر نەخۆنەوە، تا بەیانی هەموو قسەیەک لە دەمیان دەرنەچێت.

پـرسیار: بەڵام ڕەخنەی ئەوە لە پارتی دەگیرێت، کەرکوک بە داگیرکراو ناودەبات، کەچی لەبەغدا بەشدارە لەحکومەت دا، گەر عێراق داگیرکەرە، چۆن بەشداری لەحکومەتی داگیرکەردا دەکرێت؟

وەڵام: ئەمە تێکەڵکردنی وەرەقەکانە، هەم ئێمە و هەم بەشێک لەبرادەرانی یەکێتی و خەڵکی کەرکوکیش، لەگەڵ ئەو ڕایەداین کە کەرکوک بەهێز داگیرکراوە، هێزی سەربازی بە ناڕەوا هاتووە پەلاماری پێشمەرگەیداوە، پێشمەرگەی شەهید کردووە، بەوەوە نەوەستاوە، هاتووە لە پردێ و مەخمور و سحێلا پەلاماری پێشمەرگەیداوە و هەوڵی داگیرکردنی کوردستانیشی داوە، ئەمە جیاوازە، بەغدا حاڵەتێکە و کەرکوک حاڵەتێکی تر، ئینجا لەکەرکوک لەپشتەوە خەنجەر لەپێشمەرگە و دەسەڵاتی کوردی دراوە.

پـرسیار: ئەو هێزەی کەرکوکی کۆنترۆڵکردووە سەر بە حکومەتی عێراقە و بە فەرمانی بەغدا هاتووە، ئایا ئەمە جیاوازی نیە لە دەربڕیندا، بەو هێزەی کەرکوک بوترێ داگیرکەر و وەکو شەریک لە بەغدا بڕوانرێ؟

وەڵام: ئەو هێزەی هات کەرکوکی داگیرکرد، بە ئیعازی دەوڵەتی ئیقلیمی هات، خەڵکی بێگانەیان لەگەڵبوو، ئەو هێزە ئێستاش ئامادەنیە بە قسەی حکومەتی عێراق بکات.

پـرسیار: واتە ئەو هێزەی کەرکوکی کۆنترۆڵکرد بە ئیعازی بەغدا نەهات؟

وەڵام: ئەو هێزە بەئیعازی ئیقلیم و بەفەرمان کردن بەبەغدا هاتبوو، گەر بیرتان بێت، بەرپرسی بێگانە لە ناحیەی رەشادەوە سەرپەرشتی هێرشەکەی سەر کەرکوکیان کرد.

پـرسیار: ئێوە نەگەڕانەوە بۆ کەرکوک دەبەستنەوە بە ڕێک نەکەوتنەوە لەگەڵ بەغدا، بەڕای تۆ، وا باشتربوو حیزبەکانی تر کەرکوک جێبهێڵن وەک ئێوە، یان بمێننەوە؟

وەڵام: گەر حیزبەکان بە گشتی یەک بڕیاریان بدایە باشتر بوو، ئەو دوو بڕیاریە کاریگەری خراپی بوو، بۆ نموونە لە ڕۆژی 23 ی ئەیلولی 2017 کاتێک وەکو حیزبەکان لەکەرکوک کۆبووینەوە، ئەم دوو بەرەکیە هەبوو، بەشێک لەیەکێتی دژی ریفراندۆم وەستانەوە، دووبەرەکی لەوکاتەوە دروستبووە، گەر حیزبەکان یەک ڕا بایەن، باشتربوو.

پـرسیار: یانی پێتانباشە حیزبەکانی تریش کەرکوکیان جێبهێشتایە؟

وەڵام: من دەڵێم یەک ڕا بایەین باشتربوو، جا چی بەمانەوە یان جێهێشتن.

پـرسیار: ئایا جێهێشتنی کەرکوک لەلایەن حیزبەکانەوە و بەتەنها مانەوەی خەڵکەکەی، نەدەبووە هۆی تەعریبی زیاتر؟

وەڵام: پارتی خەڵکی جێنەهێشتووە، پارتی بەتوندترین شێوە بەرگری دەکات لەو خەڵکە، کەرکوک داگیرکراوە، جگە لەوەی داگیرکراوە، پارتی و حیزبێکی تورکمانی، دوو هێزن بارەگاکیان داگیرکراوە، پارتی بگەڕێتەوە، بچێتە کوێ، نەهێڵن بچێتە نێو بارەگای خۆی، نەهڵێن بە ئازادی هاتووچۆ بکات، نەهێڵن بەئازادی کاری سیاسی بکات، نەهێڵن پارێزگار و قایمقام بگەڕێنەوە، گەڕانەوە چی مانایەکی هەیە، هەرئەوەندە بارەگایەک دانێین و خۆمان پیشانی کامێرا بدەین، پارتی هێزێکە سەرشۆڕی قەبوڵ ناکات.

پـرسیار: ئەی لە هەولێرەوە دەتوانرێ بەرگری لەخەڵکی کەرکوک بکرێت، بەتایبەت کاتێک گوندنیشینەکان بەشەوان دەکەونە بەر هێرشی چەکداران و بەرگری کاریان نیە؟

وەڵام: لە ئەمەریکاوە داکۆکیمان لەکەرکوک کردووە، سەرۆکی پارتی لەناو تورکیا داکۆکی لەکەرکوک کردووە، ئەوانەی تانە لەپارتی دەدەن، ئەی ئەوان لەکەرکوک چیانکردووە، خۆ هیچ نەبێ، ئێمە لە کەرکوک نین و هەڵوێستمان وەرگرتووە، ئەی ئەوان چیان بۆ خەڵک کردووە؟.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر