داعش گوندنیشینە عەرەبەكان بۆ ئەنجامدانى هێرش بەكاردەهێنێت

بەرپرسانى پێشمەرگە ئاماژەبەوەدەكەن بەشێک لەو چەكدارانەى داعش كە ناوبەناو هێرش دەكەنە سەر سەنگەرەكانیان گوندنیشینە عەرەبەكانن و جەختیش لەسەر ئەوەدەكەنەوە داعش هێزى بە چەكى قورسەوە هێناوەتە ناوچەكە.

لیوا محەمەد قادر فەرماندەى میحوەرى داقوق ى هێزى پێشمەرگە لە باشورى كەركوک، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"زۆربەى ئەو چەكدارانەى داعش كە بەكاردەهێنرێن بۆ هێرش كردنە سەر پێشمەرگە خەڵكى گوندەكانى كەركوكن و داعش دەیانخاتە ژێر فشارەوە و شەریان پێدەكات."

وتیشى"داعش توشى سەر لێشێواى بووە و هێرشەكانیشى بۆ بەرز كردنەوەى ورەى چەكدارەكانیەتى ."

لە چەند شەوى رابردوودا داعش لەمیحوەرى داقوق هێرشى كردە سەر پێشمەرگە و بەو هۆیەوە 3 پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا.

عەقید روكن تاریق ئەحمەد جێگرى لیواى 9 ى هێزى پێشمەرگە ، ئاماژەى بەوەكرد چەكدارەكانى داعش لەباشورى كەركوک تێكەڵەیەكن لە چەكدارى بیانى و گوندنیشینەكان ، وتى"ژمارەیەك چەكدارى داعش هاتوونەتە سنورى كەركوک كە پێشتر ئەو چەكدارانە لەو ناوچانە بوون كە لەدەستیان داوە."

بەڵام عەبدوڵا بۆر فەرماندەى میحوەرى پارێزگاى سەڵاحەدین ى پێشمەرگە ، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"داعش هێزێكى زۆرى بەچەكى قورسەوە هێناوەتە سنورى خورماتوو ، ناوبەناو هێرشى فراوان دەكاتە سەر پێشمەرگە و حەشدى شەعبى."

وتیشى"هێزەكەى داعش لە دەوروبەرى تكریتەوە هێنراون."

هێرشەكانى قۆڵى كەركوكى داعش بۆ سەر سەنگەرەكانى پێشمەرگە هێرشى گەورەو بەرفراوان نین ، بەڵام داعش لەهەر قۆڵێكەوە دەرفەتى بۆ برەخسێت هەوڵى زیان گەیاندن بە پێشمەرگە دەدات.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر