ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی گرووپێکی 5 کەسی بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە لە هەولێر گرووپێکی سەر بە داعش ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لەناو شاری ھەولێر.

ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت" زانیاری دروست وەدەست هاتن کە خەلیفەی گرووپی تێروریستی داعش فەرمانی کردبوو بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێروریستی، ڕاستەوخۆ تێرۆریستانی شانەکە ئاشکراکران و لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو توانرا تەواوی تێرۆریستەکانی شانەکە دەستگیربکرێن لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرکەوت تێرۆریستان بەنیازبوون لە ڕێگەی بۆمبی چێنراو و دەمانجەی بێدەنگ کردەوەکان ئەنجام بدەن.

لە سەرەتای مانگی دووی 2021 ، دوو ئەندامی گرووپەکە نەیانتوانیبوو ڕاستەوخۆ داخڵی هەرێمی کوردستان بن، بۆیە بە قاچاغ لە سوریاوە گواستراونەتەوە بۆ تورکیا و پاشان بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ شارۆچکەی ڕانیە و پاشان گەیشتوونەتە شاری هەولێر".

لەو گرتە ڤیدیۆیەدا ئەو گرووپە دانیان بە تاوانەکەدا داناوە، دەڵێن لە ڕێگەی ئێرانەوە گەیشتنە شارۆچکەی ڕانیە و دواتر هاتنە ناو هەولێر. لە هەولێر خانویەکیان بەکرێ گرتبوو و دەستیان بەکارەکانیان کرد هەوڵیان دەدا شوێنێک بدۆزنەوە بۆ دانانەوەی مین بۆ ئۆتۆمبێلی سەربازی، کاریان بۆ داعش کردووە و هەوڵیان دا مینی چێندراو لەسەر ڕێگای مەخمور دابنێن بۆ ئۆتۆمبێلی سەربازی ‌بەڵام دواتر لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەستگیرکران".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە بارەی دەستگیرکردنی ئـەو گرووپە لە هەولێر لە تویتەر ڕایگەیاند لە دوای ئۆپەراسیۆنێکی چەند مانگی، هێزە ئەمنییەکانمان سەرکەوتووانە پیلانێکی تیرۆرستانی داعشیان لە هەولێر پوچەڵکردەوە، کە لە سوریاوە پیلانەکە ڕێکخراوە و ئاڕاستەکراوە . ئەندامانی ئەم گرووپە تێرۆریستییە کە سەر بە ڕێکخراوی داعشن، ئێستا‌ دەستگیرکراون و لە ژێر لێکۆڵینەوەدان".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی" بە پێی زانیاریی دەزگا هەواڵگرییەکانمان، داعش لە کامپی (الهول)ەوە ئەم پیلانەیان داڕشتووە‌، ئەمەش جێی نیگەرانییە و دەریدەخات، داعش هێشتا توانای ئەوەیان هەیە بە نایاسایی لە سنوورەکان بپەڕننەوە. داوا لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەکەم ، کە مەترسییەکانی ئەم هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە بە ھەند وەربگرن".