نوری حەمەعەلی: داعش چاوەڕوانی شڵەژانی بەغدایە بۆ پەلاماردانی هەندێک ناوچە

فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری پردێی ڕۆژاوای کەرکوک، ئاماژە بەوە دەکات داعش پلانی داڕشتووە لە کاتی شڵەژانی دۆخی بەغدا، پەلاماری هەندێک ناوچە بدات و کۆنترۆڵی بکات، بە تایبەت لە ئێستادا دۆخی بەغدا ڕوو لە شڵەژان دەکات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، نوری حەمەعەلی دەڵێت"داعش پێشتر شانەی نوستوو بوو، ئێستا بووەتە شانەی چەکدار و دواتر دەشبێتە هێزی گەورە، چاوەڕوان دەکرێت بەغدا زیاتر بشڵەژێ، چونکە هەندێک لەو هێزانەی دەسەڵاتیان سنوردار کراوە، دەیانەوێت دەسەڵاتی دەسەڵاتدارەکان لەق بکەن، ئەوان بەشێوەیەک دەجوڵێنەوە، ڕەنگە شارعی بەغدا خراپتر لێ بکەن، بۆیە داعش خۆی ئامادە کردووە و ڕەنگە زەرەری گەورە بدات."

دەربارەی دەنگۆی گواستنەوەی زیندانیە داعشەکان لە گرتووخانەی کەرکوک و مەترسی هێرشی داعش بۆ سەر گرتووخانەکە، فەرماندەکەی پێشمەرگە دەڵێت"ئەو زیندانیانەی لە کەرکوک بوون، گواستراونەتەوە یان دەیانگوێزنەوە، کەواتە مەترسی پەلاماردانی داعش لەسەر گرتووخانەکەیە، کە خەڵکی دیاری داعشی تێدایە، ئامانجی داعش شکاندنی گرتووخانەکە و ڕزگارکردنی چەکدارەکانیەتی."

نوری حەمە عەلی پێیوانەبوو، دروستکردنی ژووری هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا لەناوچە کێشەلەسەرەکان ئەنجامی هەبێت، وتی"ئەو ژوورانەی دروستکراون، گەر شتی باشی بەدوادابێت، هیوادارم وابێت، وەک خۆم باوەڕم بەو ژوورانە نیە بە هیچ شێوەیەک، گەر دەیانەوێت هەماهەنگی فیعلی هەبێت، فەرموون با بەشێوەیەکی تر هەماهەنگی بکەین، ئەگەرنا ئەفسەرێکی پێشمەرگە بڕواتە کەیوەن و لەوێ دانیشێت، لەوێ چی دەکات."

جەختیکردەوە"گەر عێراق ڕاست دەکات، با وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری هەماهەنگی بکەن، من پێشتر بەفەرماندە سەربازیەکانی کەرکوکم وت، هەرشوێنێک خەتەرە و پشێوی تیایە دەیگرین، بەڵام لێی دەمێنینەوە و ناکشێینەوە، نەک کۆمەڵێک شەهید بدەین و تەرمەکانیان ببەینەوە، دواتریش شوێنەکە چۆڵ بکەین، ئەوان مانعیان نیە، داعش شوێنەکان بگرێت، بەس لەگەڵ ئێمە ڕێکنەکەون، زۆربەی بەرپرسانی عێراق نەک هەموویان، ڕاستمان لەگەڵ ناکەن."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، نوری حەمە عەلی فەرماندەی میحوەری پردێ، ئامادەنەبوو لەسەر ئەو ساروخانە قسەبکات، کەچەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە ئاڕاستەی هەولێر دانرابوون و هێزە عێراقیەکان دەستیان بەسەرداگرتن، وتی"ئەو ساروخانە ناگەنە هەولێر و حسابیان بۆ ناکەین."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر