رەحمان غەریب: داخستنیNRT پێچەوانەی یاسایە

بەڕێوەبەرایەتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەولێر پەخشی ناوخۆیی کەناڵى ئێن ئاڕ تیى ڕاگرت. هۆکاری راگرتنى پەخشى ناوخۆى ئێن ئاڕ تى ئەوەیە، گوایە کەناڵەکە ریکلامى جوڵانەوەى نەخێر لە ئێستادا بۆ ریفراندۆم بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئێن ئاڕ تى پێش بڵاوکردنەوەى ریکلامى نەخێر لە ئێستادا، ریکلامى بەڵێى بۆ ریفراندم بڵاوکردووەتەوە، ئێستاش بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەى ریکلامى بەڵێ بۆ ریفراندۆم.
بە گوێرەى ئەو نووسراوەى کە بڵاوکراوەتەوە، بەپێى فەرمانى ژمارە ٦١٩ و لە بەرواری ٢٨/٨/٢٠١٤ بەڕێوەبەرایەتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەى هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە و وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان بڕیار درا بە ڕاگرتنى پەخشى کەناڵی (NRT) لەسەر تۆڕى (DVBT/T2) بۆ ماوەى یەک هەفتە.
هاوکات رێکخراوی جیهانی وەک بەرگری لەرۆژنامەوانان CPJ کە بنکەی سەرەکیان لە ئەمریکایە ئەم کردەوەیەی وەک پێشێلکاریی ناودێرکردووە و دەڵێن کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان و دیموکراسی لەم ناوچەیەدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هەروەها سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەوانان و میدیاکاران چەندین لێدوانیان لەو بارەیەوە بڵاوکردۆتەوە سەرباری ئەوەی کە پێشێلکاریی بەرامبەر خودی یاسای کاری رۆژنامەگەری لەهەرێمی کوردستاندا ناودێری دەکەن و داوای دەستبەجێکردنەوەی پەخشی ناوخۆی NRT دەکەن.

ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە وتووێژێکی لەگەڵ رەحمان غەریب رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە کاری رۆژنامەگەریی سازکردووە ...

رەحمان غەریب دەڵێت "سەیرە لەکوێی دنیادا فەرمانگەیەک هێزی یاسایی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی زیاترە."

ئایا ئەزمونی دیموکراسی و بەرزکردنەوەی دروشمی پاڕێزگاریکردن لەمافەکانی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستاندا ناکەوێتە ژێر پرسیارەوە رەحمان غەریب دەڵێت "پێچەوانەی ئەم دروشم و بانگەشانە خۆت دەخەیتە ژێر پرسیارەوە و ئەزمونەکەت و حکومڕانیەکەت دەخەیتە ژێر پرسیارەوە."

دەشڵێت "داخستنی NRT پێچەوانەی یاسایە."

هاوکات رێکخەری سەنتەری میترۆ وتیشی "ئەو بەرپرسانەی وەڵامی دەنگی ئەمریکایان نەدایەوە؛ پێموایە کە پێیان شەرمە وەڵام بدەنەوە، چونکە بڕیاڕێکیان دەرکردووە پێچەوانەی یاسایە."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ ڕەحمان غەریب