عادل موراد: بڕوام بە سازان نیـیە و بڕواشم بەوە نیـیە لایەنەكان لە دەرەوەی پەرلەمان ڕێكبكەون

عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە میانی وتوێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكادا دەڵێت"ئیمانم بە(سازان)نیـیە و ئیمانیشم بە ڕێككەوتن و سازانی لایەنەكان نیـیە كە لە دەرەوەی پەرلەمان بكرێت، بۆیە پێویستە لە ناو پەرلەمان ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە."

یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە شاندێـک بەشداری لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵیەكان دەكات بۆ گەیشتنی لایەنەكان بە(سازان) لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، لە بارەی ئەوەی بڕواتان بە سازان نیـیە ئەی چۆن بەشداری كۆبوونەوە پێنج قۆڵیەكان دەكەن؟

عادل موراد دەڵێت"بەپێی ڕێككەوتنەكەی(30)ی حوزەیران بۆ یەكجار ویلایەتی سەرۆكی هەرێم درێژ دەكرێتەوە، ئێستا برادەرانمان ئیشتیباه دەكەن كە بەشداری ئەو كۆبوونەوانە دەكەن."

عادل موراد دەشڵێت "ئیعتراف دەكەم غەڵەتمكرد و بڕوامكرد لە(30)ی حوزەیران كە ڕازی بووم بە درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم، هەتا هەڵەشم كرد لەوەی كە هەندێک لە برادەرانی ئەنجومەنی ناوەندم ڕازی كرد، ئەگەر ئێستا (30)ی حوزەیران بگەڕێتەوە، ئەوا هەرگیز ئەو هەڵەیە دووبارە ناكەمەوە و برادەرانیشم وەها لێدەكەم دژی بوەستنەوە."

عادل موراد دەشڵێت" ئێمە دەترسین بەوەی ئەمجارەش ڕازی بین بە درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی بۆ 2 ساڵی تر و دوای ئەو دوو ساڵەش دووبارە داوای بكەنەوە، خۆ ناكرێت هەر چوار ساڵ جارێک كە سەرۆک ماوەكەی تەواو بێت بڵێن هەردەبێت ئەو بێت، خەڵكی تر هەیە بۆ ئەو پۆستە."

دەشڵێت " ئەم دە ساڵەی حكومڕانی بارزانی بارودۆخی كوردستان خراپتر بووە لە ڕووی ئابوری و سیاسی و پەیوەندییەكانامان خراپ بووە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی تر، هەتا موچە نەماوە بۆ خەڵک و ئەوەش دۆخی كارەبا و ئاو خزمەتگوزاریـیە، تەنانەت پەیوەندییان لەگەڵ بەغدا خراپكرد و وتیان دەوڵەتی كوردی دروستدەكەین، ئەوەتا نە دەوڵەتی كوردی دروستكرا و موچە بڕدرا بارودۆخ خراپتر بوو."

هەروەها دەڵێت" ئەگەر یەكێتیش ڕازی بێت بە مانەوەی بارزانی بەمەرجی وەرگرتنی گرەنتی نامەیەک، گۆڕان ڕازی نابێت چونكە ئەوان دەڵێن ئەوەتا سەیر بكەن بڕگەی 2 لە ڕێككەوتننامەی 30 حوزەیران دەڵێت بۆ جارێكی تر ویلایەتی سەرۆكی هەرێم درێژ ناكرێتەوە ئەوەتا پارتی لەگەڵ ئێوە جێبەجێیان نەكرد."

لە بارەی ئەگەری بوونی كاندیدی لایەنەکانی دیکە، عادل موراد دەڵێت"بۆ كاندیدمان نابێت، خۆ ئێستا نەهاتۆتە سەر ئەو كاتە، بێگومان لە ناو حیزبەكاندا دەیان پڕۆفیسۆر و دكتۆر هەن ئیتر بۆچی كاندید و بەدیلمان نیـیە؟! جارێک دەڵێن دەوڵەتی كوردی دروستدەكات جارێكیش نازانم چی، ئەگەر دەوڵەتی كوردی دروست بكرێت بە كاک مەسعود بێت یاخود ئەحمەد و مەحمودیش بێت هەر دروست دەبێت."

عادل موراد ئەوەش باسدەكات و دەڵێت" پەیوەندییەكانی یەكێتی و گۆڕان ئێستا زۆر باشە، هەفتەی پێشوو لای كاک نەوشیروان بووم دوور لە چاوی میدیاكان."

سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەشڵێت"پێش چەند ڕۆژێک وەفدێكی ئەمەریكی سەردانی كاک نەوشیروان مستەفای كردووە و لێیان پرسیووە خەریكی چیت، كاک نەوشیروانیش وتبووی: خەریكین دوو ساڵی تر بۆ ئۆباما درێژ بكەینەوە ئیتر ئەمەریكیـیەكان پێكەنیبوون، ئێ‌ فیعلەن پێدەكەنن چۆن دەبێت ویلایەت بۆ ئۆباما درێژ بكرێتەوە؟!."

هەروەها ئەوەی خستەڕوو" بە هەرچوار لایەنەكە"یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو) زیاتر لە(122) هەزار دەنگیان لە پارتی و كەمە نەتەوایەتیـیەكان زیاترە، دانانی ڕێژەی لە11%بۆ كەمە نەتەوایەتیەكان ڕێژەیەكی زۆرە و شتی وانیـیە، ئەوانە بوونەتە پاشكۆی پارتی و لە هەولێر بارەگایان هەیە و پارتی لە كاتی دەنگدان پارتی بەكاریان دەهێنێت بۆ خۆیان"

عادل موراد دەڵێت: بەغداد باشترە بۆ دیموكراسی لە كوردستان، ئەوەتا لەوێ‌ خۆپیشاندان هەیە و چاكسازی ئەنجام دەدرێت."

لەبارەی ئەوەی بۆچی ڕەخنە لە مەلەفی نەوت دەگرن لە كاتێكدا(عیماد ئەحمەد) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و جێگری ئەو كاتەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند بە ڕێژەی لە50%ئاگاداری مەلەفی نەوتین؟

عادل موراد وتی" هەر ئەو كات كاک عیمادمان بانگكردە ئەنجومەنی ناوەند و پێی وتین من وام نەوتووە لەو چاوپێكەوتنەدا."

سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت"ئەگەر وەفدێكی بیانی لێی پرسیم كێ‌ ئێستا سەرۆكی هەرێمەكەتانە من دەڵێم، بەپێی دەستور لە دوای(20 ی ئاب)ەوە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەگوازرێنەوە بۆ سەرۆكی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ، ئیتر با ئەو وەفدە خۆی بڕیاربدات ئێستا سەرۆكی هەرێم كێیە. "

عادل موراد پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەوز بە شۆڕشگێڕ ناودەبات و دەڵێت" ئەوانە(پەرلەمانتارانی ئێستای فراكسیۆنی سەوز) لای ئێمە شۆڕشگێڕن و هیچ بەرنامەیەک لە سەرو ئەوانەوە نیـیە، لەبارەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیشەوە كە داوای لابردنی دەكەن وتی"من نازانم بۆچی وا دەڵێن ، ئێمە وەک ئەنجومەنی ناوەند زۆر لە سەرۆكی فراكسیۆن و پەرلەمانتارانی یەكێتی ڕازین ئەوانە نوێنەری ڕاستەقینەی یەكێتین."

عادل موراد دەڵێت"وەزیرەكانمان لە ناو حكومەت هیچیان پێناكرێت و دەسەڵاتی هیچیشیان نیـیە، ئەندامان و كادیرانی یەكێتی هەتا ئێستاش لە بادینان فشاری پارتیان لەسەرە و لەلایەن پارتیەوە بە پارە و ئیمتیازات دەكڕدرێن وەکو ئەوەی كاک عارف ڕوشدی و (20)كادیریان برد بە پارە و ئیمتیازات"

لە بارەی دۆخی یەكێتیەوە عادل موراد دەڵێت، ئێستا یەكێتی كێشەی زۆرە و باڵباڵێنە باشترین چارەسەر بەستنی كۆنگرەیە، دەشڵێت لەترسی دروستبونی كێشە و تەقینەوەی كێشەكان ئێستا یەكێتی كۆنگرە نابەستێت."

عادل موراد لە بارەی پرۆژەكەی بەرهەم ساڵحەوە دەڵێت"پرۆژەكە شەخسی بوو، بەو بەڵگەیەی ئەو پرۆژەیە نەدرا بە ئێمە دیراسەی بكەین و وەک خۆم لە سایتێكەوە بینیم هەتا هەندێک لە برادەرانی مەكتەبی سیاسی نەیانبینیبوو."

دەشڵێت"پرۆژەی ڕەسمی یەكێتی ئەو پرۆژەیەیە كە یەكێتی ناردویەتی بۆ پەرلەمان"

هەروەها لە بارەی ڕێككەوتننامەی ستراتیژیەوە عادل موراد دەڵێت"ئەو ڕێككەوتننامەیە لە نێوان ئێمە و پارتیدا نەماوە، ئەوەتا ئێمە لە بەرەیەكین و ئەوانیش لە بەرەیەكن."

عادل موراد لە كۆتایی وتوێژەكەدا باسی داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە دەكات و دەڵێت"بەداخەوە سێ‌ سەعات پێش ئەوەی داعش هێرش بكاتە سەر شەنگال ئاسایش و بەرپرسان خەڵكی شەنگالیان بەجێهێشت و بەرگرییان لە شەنگال نەكرد."

Your browser doesn’t support HTML5

دیمانە لەگەڵ عادل موراد- بەشی یەکەم

Your browser doesn’t support HTML5

دیمانە لەگەڵ عادل موراد- بەشی دووەم

بەشی یەکەم

Your browser doesn’t support HTML5

دیمانە لەگەڵ عادل موراد- بەشی یەکەم

بەشی دووەم

Your browser doesn’t support HTML5

دیمانە لەگەڵ عادل موراد- بەشی دووەم