بە سەرپەرشتی هاوسەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری سلێمانی کۆبوویەوە بۆ تاوتوێكردنی کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکە.وەک باس دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوە لەسەر بەکارنەهێنانی توندوتیژیی بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەردوو هاوسەرۆک.
لە کۆبوونەوکە کە لە بینای مەکتەبی سیاسی بەڕێوەچوو، بافڵ تاڵەبانی و 9 ئەندامی مەکتەبی سیاسی تاوتوێی کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکەیان کرد و مەکتەبی سیاسیش ڕاگەیاندراوێکی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.
"وێڕای گفتوگۆ لەسەر چارەسەری بەپەلە و یەکێتییانەی گرفتە ناوخۆییە حزبییەکان و دیاریکردنی ڕێوشوێنی درووست بۆیان لە ناویشیاندا پاراستنی ئارامی و هێمنی هەرێمی کوردستان بە شاری سلێمانیشەوە، تەئکید لەسەر بەگەڕخستنی توانای ماددی و مەعنەوی مەکتەب و دەزگاکانی یەکێتی کرایەوە بەرەو هەڵمەتێکی پڕجۆش و خرۆشی پێکەویی و دیموکراتییانە بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی کوردستان کە لیستی هاوبەشی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتییە لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق."
دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک هەوڵی دا لێدوان لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەربگرێت لەسەر کۆبوونەوەکە و تاوتوێکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو هاوسەرۆک، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون. سەرچاوەیەکی ناو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکا وت کە لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە کۆبوونەوەی خێرای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حزبەکە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو دۆخەی لە ناو حزبەکەدا هاتووەتە پـێشەوە.
د. بەختیار شاوەیس، وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە نامەیەکی کراوەدا بۆ فەرید ئەسەسەرد سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نووسیویەتی "دیارە هەر لە سەرەتای ڕووداوەکانەوە سەرکردایەتی هەوڵیداوە کۆبوونەوە بکرێت و لە ناوخۆدا کێشەکان چارەسەر بکەن. بەڵام دەوترا کە ئەمە کێشەیەکی خێزانییە و ئێمە ئامۆزاین و تەداخول مەکەن و خۆمان چارەی دەکەین و بەمەش ئەو هەوڵانە لەباربران، بەڵام ئێستا هەموو شت دەرکەوت کێشەکان خێزانی نین، خراپتر لەوە پێشبینی دەکرا قووڵبوونەتەوە و گەشتووەتە سەر ئەوەی هەڕەشەی هێز و جوڵاندنی کەیسی دادگا و ناشرینکردنی کەسایەتی دەبێت سیمای ناسەرەوەی ئەوانەی کە لە شوێنی کورسییەکەی مام جەلال دانیشتوون."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای ئەوەی لاهور شێخ جەنگی ڕەتیکردەوە هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە پلان هەیە هێز بنێرنە سەر ماڵی و دەستگیری بکەن، بەو هۆیەشەوە بەشێک لە لایەنگرانی بە چەکەوە لە ماڵەکەیدا دەمێننەوە و لەم ماوەیەشدا هێزە ئەمنییەکان بە بەردەوامی لە نزیک ماڵەکەیدا لە گەڕەکی سەرچنار بازگە دادەنێن.
دوێنێ لەسەر سکاڵای سەرمایەدارێکی شاری سلێمانی دادگای لێکۆڵینەوەی شاری سلێمانی بە ماددەی 430 یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هاوسەرۆکی یەکێتی لاهور شێخ جەنگی دەرکرد کە یاسایەکە تایبەتە بەو کەسانەی هەڕەشەیان کردبێت یاخود کەسێکیان ڕفاندبێت. لە بەرامبەردا لاهور شێخ جەنگی لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا کە بەشێک لە لایەنگرانی لێی کۆبوونەتەوە ئاماژەی بەوە دا ملی لە موو باریکترە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەکرێن و هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەویش پەنای بردووەتە بەر دادگا و سکاڵای تۆمارکردووە.