وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت هیچ حاڵەتێکی دەستگیرکردنی نایاسایی و ئەشکەنجەدانی تۆمەتبار لە لایەن کارمەندانی ئەوانەوە ئەنجامنادرێت و هەرکەسێکیش بیکات سزای یاسایی دەدرێت.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد وتەبیژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند " گرتنی بێ بنەما بەبێ فەرمانی دادوەر لە پۆلیسی سلێمانی ١٠٠% بوونی نیە".
هەروەها وتی "هەر ئەفسەرو ڕێگەپێدراوێکی پۆلیس ئەگەر تۆمەتبارێک ئەشکەنجە بدات دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت".
ئەم وتانەی سەرکەوت ئەحمەد دوای ئەوە دێت کە هەریەکە لە زیا پترۆس سهرۆکی دهستهی سهربهخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان و دادوەر رزگار ئەمین رایانگەیاند ئەشکەنجەی زیندانیان لە هەرێمی کوردستان هێشتا هەر ماوە.
سەرکەوت ئەحمەد وتیشی " ئەگەر کەسێک بیەوێت هێرش بکاتە سەر پۆلییس لەکاتی ئەرکی رۆژانەی خۆیدا دەگیرێت و بەپێی رێنماییە یاساییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".
پێشتر زیا پترۆس سهرۆکی دهستهی سهربهخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بەداخەوە تا ئێستا سووکایەتی پێکردن و ئەشکەنجەدان بەرامبەر گیراوەکان هەیە، کاتێک دەیانەوێت تۆمەتبار دان بە تاوانەکەیدا بنێت، هەندێک حاڵەتیش هەیە کە فشاری دەروونی دەخرێتە سەر تۆمەتبارغ.
هەروەها دادوەر ئەمین لەم بارەیەوە بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاندبوو "لە هەندێک دامودەزگای هەرێمی کوردستان هێشتا گرتن بەبێ فەرمانی دادوەر هەیەو لێدان و مامەڵەکردنی نایاساییش لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا ئەنجامدەدرێت."
Your browser doesn’t support HTML5