وابڕیارە بەمزوانە هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا دەستبکەنەوە بە گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەڵام تا چەند ئەم فرۆکەخانەیە کاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر داهاتی هەریمی کوردستان و شاری سلێمانی؟ ئایا داهاتی ئەم فڕۆکەخانەیە چەند بووە و پاش داخستنەکەی چەند زیانی پێگەیشتووە لە ڕووی ئابورییەوە؟ ئایا داهاتی هەرێمی کوردستان بە گشتی چەندەو بەشی خەرجی و موچی هاوڵاتیان و بژێۆی ژیانی رۆژانی خەڵک دەکات بە گشتی یان نا؟ ئەگر هەرێمی کوردستان خاوەنی سامانێکی گەورەی نەوتە بۆچی خەڵک بە گشتی تا ئەم سەروەختە پێداویستی نەوتی رۆژانەیان لە بازاڕی رەشدا دەکڕن؟ ئەو داهاتە چەند و چی لێدێت؟ ئایا ئومێدێک هەیە بۆ پڕۆژەی ستراتیژی ئابوری لەهەرێمی کوردستان؟ لەکاتێکدا قەیرانی ئابوری و سەختی ژیان و بژێوی بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی هەرێم و سستی و خامۆشی بازاڕ و پڕۆژەکان تێکڕا جێی پرسیار و گومانی گەورەن لەسەر گەندەڵی و نادادپەروەری ئابوری و کۆمەڵایەتی.
ئاسۆ جەبار سەبارەت بەو پرسەو هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی داهات و بودجەکانی ئەو هەرێمە وتووێژی لەگەڵ رۆژنامەوان و رۆژنامەوانی ئابوری محەمەد رەئوفدا بۆ دەنگی ئەمریکا سازکردووە...
محەمەد رەئوف دەڵێت"بەپێی وتەی فرۆکەخانەی سلێمانی رۆژانە زیاتر لە 15 هەزار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، کە مانگانە دەکاتە نزیکەی 650 هەزار دۆلارو ساڵانە دەکاتە زیاتر لە 5 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار."
هاوکات دەشڵێت "کۆی گشتی داهاتی هەرێمی کوردستان بەپێی ئاماری فەرمی وەزارەتی دارایی داهاتی مانگانەی دەروازە سنورییەکانی ناوخۆ و گومرگ دەکاتە زیاتر لە 120 ملیارد دینار."
محەمەد رەئوف ئاماژە بە ئامارێکی گرنگی سەروەختی شەڕی ناوخۆ دەدات و دەڵێت "داهاتی هەرێمی کوردستان لەساڵی 1992 بۆ 2003 زیاتر لەسەر دەروازە سنورییەکان بووە تەنانەت لەشەڕی ناوخۆشدا پشتیان بە گومرگی برایم خەلیل و دەروازەکانی ترس بەستبوو."
واتە "داهاتە سنورییەکان بەر لە 2003 و روخانی رژێمی بەعس بەشی بودجەو موچەو کۆی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە."
لەئێستاشدا باس لەداهاتی ئەم ماوەیە دەکات و دەڵێت "کۆی داهاتی نەوتی مانگی رابردووی هەرێمی کوردستان 589 ملیۆن دۆلار بووە."
هاوکات "بەشی زۆری بەرپرسە سیاسییە هەرە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بوون بە بازرگانی سیاسی هەم خۆیان و کوڕەکانیان بوون بە بازرگانی ئابوری و دەستیانگرتووە بەسەر کۆی داهات و بازاڕ و نەوتی هەرێمدا."
لەدەرئەنجامی نەبوونی پلانی ستراتیژی ئابوریدا؛ محەمەد رەئوف دەڵێت "بە کۆی سێ ساڵی شەڕی داعش 1700 پێشمەرگە شەهید بوون، بەڵام لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا 3000 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 12 هەزار کەسیش برینداربوون."
Your browser doesn’t support HTML5