پۆڵات بۆزان: تورکیا ڕووداوی تەقەکردنەکەی ھەولێری کردووە بە بەھانە، ئەگینا مەزلوم داغ قەت نەھاتووەتە کەمپی مەخموور

نزیکەی 12:10 ی شەوی رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چیای قەرەچووغ و دەوروبەری کەمپی مەخمووریان بۆردومان کرد، رۆژێک بەر لەوەیش جێگری کونسوڵی تورکیا لە چێشتخانەیەکی شاری ھەولێردا کوژرا و دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان کوردێکی شاری دیاربەکریان وەک تاوانباری سەرەکی ناساند.

لەبارەی بۆردومانەکە پۆڵات بۆزان بەرپرسی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی کەمپی مەخموور گوتی: بۆردومانەکە دوێنێ شەو ڕووی دا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوو جار لەسەر کەمپی مەخموور سوڕانەوە، ھەم دەوروبەری کەمپەکە و ھەم چیای قەرەچووغیان بۆردومان کرد، ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیشت کەمپەکە شوێنی ئیش و کاری ئەو ھاوڵاتیانەیە کە مەڕ و ماڵات بەخێو دەکەن بۆیە لە ئەنجامی بۆردومانەکە، دوو ھاوڵاتی بریندار بوون.

رۆژێک پێش بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ، ڕووداوێکی تەقەکردن لە ھەولێر روویدا و جێگری کونسوڵی تورکیا کوژرا و دواتر دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان، وێنەی کەسێکیان بە ناوی مەزلوم داغ بڵاوکردەوە کە خەڵکی شاری دیاربەکرە و وەک ئەنجامدەری کردەوەکە ناسێندرا، ئایا پێتانوایە تورکیا بەم بۆردومانە بیەوێ پەیامی تۆڵەکردنەوە بگەیەنێ؟

پۆڵات بۆزان لە وەڵامدا گوتی: ئەمە سیاسەتی دەوڵەتی تورکە کە بەردەوام ھەڵوێستی توندی بەرامبەر کەمپی مەخموور ھەیە و دەیەوێ کەمپەکە تێکبدات و ھەڕەشە بکات، ئەو رووداوەی ھەولێریشی بەمە گرێداوە بەڵام ھەمووان دەزانن رووداوەکەی ھەولێر پەیوەندی بە پارەی رەش و کاروباری رەشی شارەکە ھەیە وە ئەو کەسەی کە تۆمەتبارە بە رووداوی کوشتنەکە ھیچ پەیوەندییەکی بە کەمپەکەی ئێمەوە نییە و ئەو قسە ناڕاستانەی بۆ کەمپەکەمان ھەڵدەبەسترێ، تەنیا ئامانج لێی بریندارکردن و کوشتنی خەڵکی سڤیلە، خۆ ئەگەر نا ئەو کەسەی ناوی مەزلوم داغە قەت نەھاتووەتە کەمپەکەمان.

تەواوی گوتووێژەکە لەم فایلە دەنگییەی خوارەوە،گوێبیست بن.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ پۆڵات بۆزان