چاوەڕوان‌دەکرێت حزبەکانی هەرێم کۆببنەوە بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێکەوتن لەسەر پـرسی سەرۆکایەتی

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە هۆڵی سەعەد عەبدوڵڵا له شاری هەولێر لایەنە سیاسیـیەكانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەیشتن بە رێكەوتن لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە. ئەم كۆبوونەوەیەش بە دوو قوناغی جیاواز ئەنجام دەدرێت.

له قۆناغی یەكەمدا ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و قۆناغی دووەمیش لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی دەرەوەی حكومەت و پەرلەمان ئەنجام دەدرێت.

لەم بارەیەوە دكتۆر كاوە مەحمود جێگری سكرتێری گشتی حزبی شیوعی كوردستان بۆ دەنگی ئەمەریكا ڕایگەیاند ئەگەر هاتوو لایەنە سیاسیـیەكانی هەرێم لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم نەگەیشتنە هیچ رێككەوتنێک ئەوا حزبی شیوعی پرۆژەیەكی باشی هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە.

لە لایەكی تر ڕابوون مەعروف ئەندمی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان لایەنە سیاسیەكان بگەن بە ڕێككەوتن یاخود نەگەن بە ڕێككەوتن تاكە ڕێگا و باشترین چارەسەر ڕێگای پەرلەمانە و هەر چارەسەریـیەک لە پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند نەكرێت یەعنی ئینقیلابی سیاسی و عەسكەریـیە.

نەریمان تاڵب وتەبێژی ڕاگەیاندنی وەزارەتی داد بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند بڕیارەكەی ئەنجومەنی شورا ئیلزامیە و پێویستە جێبەجێ بكرێت كە بڕیاری داوە هەتا ئەو كاتەی كە هەڵبژاردنێكی نوێ لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت مەسعود بارزانی وەک سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لە پـۆستەكەیدا دەمێنێتەوە و بەم شێوەیە بۆشایی یاسایی دروست نابێت .

بەڵام ڕابوون مەعروف ئەندامی پەرلەمان لە فراكسیۆنی گۆڕان لە بارەی بڕیارەكەی ئەنجومەنی شورا وتی.

لای خویەوە دكتۆر ڤالا فەرید سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند فراكسیۆنی پارتی تەنها لەگەڵ سازانە لە نێوان لایەنە سیاسیـیەكان و هەر شتێک لە دەرەوەی سازان بكرێت و هێز و ئیرادەی حزبێک فەرز بكرێت ئەوا پارتی قەبوڵی ناكات و هەروەها لە ڕووی یاساییەوە ئەنجومەنی شورا بڕیاری خۆی داوە و سەرۆكی هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەر كارەكەی خوی هەتا 2 ساڵی تر.

لای خۆیەوە سیروان گەردی سەرۆكی سەنتەری ئاسودە بۆ ڕاپرسی سیاسی بۆ دەنگی ئەمەریكا وتی چارەسەر ئەوەیە پرۆژەی سەرۆكی هەرێم بدرێتە دەنگدان و خەڵک بڕیاری لەسەر بدات كە ئایا سەرۆک لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت یاخود لە لایەن خەڵكەوە دەنگی لەسەر بدرێت چونكە خەڵكی ئێمە چیتر تەحەمولی ئەو قەیرانانە ناكات.

تەنها دوو رۆژ ماون بۆ كۆتایی هاتنی وادەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هەتا ئێستا لایەنە سیاسیەكان لەسەر ئەم پرسە نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن و بەردەوام كۆبوونەوە لەم بارەیەوە ئەنجام دەدرێن.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی ئەحمەد زێباری