وەک چۆن جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان دیموکراسی و ستەمکارییدا، ئاوەهاش شارەزایان تیشکدەخەنە سەر گەلێک جیاوازی و نابەرابەری بێشومار کە لەنێوان ئەو وڵاتانەی کە ئازادی رادەربڕین و ئازادی بڵاوکردنەوە لە دۆخێکی شارستانی و مرۆدۆستانەدایە و وڵاتگەلێکی دیکەش کە میدیای ئازاد و ئازادی رۆژنامەگەریی لە بەردەم مەترسی شکست و داخستن و نەماندایە. شارەزایان و چاودێران رایانوایە دیموکراسی بەبێ سەروەری یاسا و ئازادی رۆژنامەگری و بنەما هەرە بنچینەیەکانی مافی مرۆڤ و رووبەرەکانی ئازادی رادەربڕین و دادوەری کۆمەڵایەتی، خاڵی دەبێتە لەمانا هەرە بنەڕەتییەکانی.
سەبارەت بە بارودۆخی میدیای ئازاد و میدیای ئەهلی ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ سەرنوسەر و سەرپەرشتیاری دەزگای شارپرێس کەمال رەئوف دا سازکردووە.
سەبارەت بەو مەترسی و ئاستەنگە هەنوکەییانەی بەردەم میدای ئازاد کەمال رەئوف دەڵێت "ئێستا گەورەترین مەترسی لەسەر میدیای ئەهلی ئەوەیە کە لەهەوڵی ئەوەدان یاخود کارێکی وایانکردووە کە سەرچاوەی بژێوی لەمیدیای ئەهلی بگرنەوە". هەروەها دەڵێت "هاوشانی ئەم قەیرانە ئابورییە قەیرانێکی دیکەشیان بۆ میدیای ئەهلی دروستکردووە، دەیانەوێت وا ئەوە لێکبدەنەوە کە هاوشانی ئەم قەیرانە ئابورییە کە پەیوەندی بە باری گشتییەوە هەیە، بۆیە میدیای ئەهلی توشی ئیفلاسی هاتووە، توشی داڕمانێکی ئابوری هاتووە".
هەروەها دەڵێت "لەبنەڕەتدا بەرنامەیەک هەیە کە ئێمە چەنجارێک لەگەڵ قونسوڵ و لێپرسراوان و دۆستەکانی میدیای ئەهلی لەوبارەیەوە قسەمان کردووە کە بەرنامەیەکی بۆداڕێژراوە لەڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە کە جۆرێک لە هاوکاری میدیای ئەهلیان دەکرد، ئێستا فشار و گوشارێکیان دروستکردووە لەسەریان بۆئەوەی ئەوانیش ریکلام نەدەن بە دەزگا ئەهلییەکان، ریکلامەکانیان بردووە بۆ دەزگا حیزبییەکان".
هاوکات کەمال رەئوف رایوایە "ئەگەری خنکاندنی میدیای ئەهلی بۆ یەکجارەکی، ئەوە خەونێکە کە نایەتی دی".
Your browser doesn’t support HTML5