بڕوا بەرزنجی: 43.000 منداڵ خراونەتە بەر خوێندنی ئیسلامی

Brrwa Barznji

کردنەوەی چەندین دەروازەی راڤەکاریی و وردبونەوە لە تیرۆر و جیهادگەرایی تێکڕا چاودێرانی خستۆتە بەردەم کۆمەڵێک رەهەندی جومگەیی کە تێکڕا گفتوگۆو شیکاریی گەورە دەخوازێت، رەوشی مرۆڤبوون و مەترسی لەسەر تەواوی بەها مرۆیی و سروشتی و مۆڕاڵی و مێژووییەکانی مرۆڤایەتی راماندەگرێت لەبەردەم گومان و بەرپرسیارێتی گەورەدا. کێشەکە تەنها تیرۆر نییە، داعش و مەترسییەکانی تیرۆر سەرجەم جیهانی لەیەک گۆڕەپانی جەنگ و پڕ کێشمەکێشی سەربازی و ناوچەیی و ئاینییدا کۆکردەوە، بەڵام ئایا خودی مرۆڤ و پەروەردە و ئاین و جیهان بەشدار نیین لەم نەهامەتییە گەورەیەدا؟

ئایا قوتابخانە ئاینییەکانی کوردستان و پەروەردی ئیسلامی و میتۆدی خوێندن چ جۆرێکە لە خوێندنی شارستانی؟ چەند مزگەوت هەیە و چەند قوتابخانەی فەرمی هەیە، هاوکات چەند قوتابخانەی ئیسلامی لە کوردستاندا هەن و ئایا هیچ ناوەندێکی فەرمی سەرپەرشتیان دەکەن؟

بۆ ئەم مەبەستە ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ رۆژنامەنوس بڕوا بەرزنجی ساز کردووە.

بڕوا بەرزنجی دەڵێت "لەهەرێمی کوردستان 6000 و شتێک قوتابخانە هەیە، لەبەرامبەردا 5300 مزگەوت هەیە، ئەمە بێ بەرنامەیی حکومەتی هەرێمە."

هەروەها دەڵێت "2700 پەیمانگەو خوێندنگەی ئاینی لەهەرێمی کوردستاندا هەن، نزیکەی 1300 دانەیان نە وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم نە وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری ئەوە نین کێ وانەیان تیادا دەڵێتەوە، مەنهەجیان چییەو کێ تیادا دەخوێنێت، بێ ئاگاییەک هەیە؛ هەر ئەم بێئاگاییەشە کاتێلک مەلا شوان دەڕواتە ناو داعش و پێشمەرگە سەر دەبڕێت، مانگێک دوو مانگ دوای ئەوە وەزارەتەکان بیریان دەکەوێتەوە کە موچەکەی ببڕن لە وەزارەتی ئەوقاف."

"رووبەڕووبونەوەی تیرۆری ناوخۆ لە داعش مەترسیدارترە."

سەبارەت بە تێکشکاندنی بیرو ڕوانینی داعشیانە دەڵێت "لەڕاستیدا بۆ تێکشکانی دعش لەکۆمەڵگەی ئێمەدا، بەبەرنامە دەکرێت، دەبێت لە باخچەی ساوایان و خوێندنگەکانەوە دەستپێبکەین و لەو مەنهەجی خوێندنانەوە بیگۆڕین کە پڕێتی لەفیکری سەلەفیزم."

سەبارەت بە مەکتەبە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت "لەماوەی دوو ساڵدا لەهەرێمی کوردستان 43.000 منداڵ خراونەتە بەر خوێندنی ئاینی، کە بە تەنها لەشاری هەولێر 32.000 منداڵە، ئەمەش لەوکاتەدا بوو کە کامیلی حاجی عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی وەزیری ئەوقاف بوو."

هەروەها دەڵێت "ئەو سەروەت و سامانەی کە پێشمەرگە بەرگری لێدەکات، کە بەرهەمی خوێنی ئەو شەهیدانەیە کە دژی داعش و دژی گروپە توندڕەوەکان دەجەنگن، بەڵام بەو پارەیە و بەو سەروەت و سامانەی خۆت فیکری توندڕەوی داعشیەت و کولتوری داعشیەت فێری مناڵانی کورد دەکەیت؛ ئەمە مەترسییە گەورەکەیە."

لەڕێی ئەم بەستەرەوە گوێبیستی تەواوی بەرنامەکە دەبن....

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ بڕوا بەرزنجی