ئارام جەمال: دیموکراسی لە ژێر فشار و پێشێلکارییدایە

سەروەری یاسا و هەبوونی قەوارەیەکی شارستانی کە تیایدا ماف و ئازادییەکانی تاکەکەس جێی رێز و بایەخ و گەشەپێدان بێت یان نا کۆی سیستمی حوکمڕانی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە. بەڵام شارەزایان تیشکدەخەنە سەر گرفتارییە گەورەکانی نەبوونی یاسایەکی شارستانی کە هەموان لە چوارچێوەی کەشێکی ئارام و پڕ لە سەروەری یاساییدا کۆبکاتەوەو تێکڕا هەموان لەبەردەم یاسادا یەکسان بن. بەڵام پێشێلکارییەکان بەرامبەر مرۆڤ و ئازادییەکانی تاکەکەس و رۆژنامەنوسان و نەدۆزینەوەی تاوانباران وایکردووە هەمیشە گومان و پرسیاری گەورە لەبارەی سەروەری یاسا و بێدەسەڵاتی دادگا و سیستمی حوکمڕانییەوە زیاتر و گەورەتر بن.

لەوبارەیەوە ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ چالاکوان ئارام جەمال دا سازکردووە.

ئارام جەمەل دەڵێت "ئەو کەسانە بە ڕۆژی نیوەڕۆ لەقەرەباڵەغترین شوێنی شاردا، رۆژنامەنوسان دەڕفێنن، بەڵام لەدوایشدا وا پیشانی دەدەن کە ئەوان ئاگادار نین، بەڕاستی ئەمە مەسەلەیەکە ناچێتەوە عەقڵی کەسەوە، کەس بڕوا بەوە ناکات."

سەبارەت بە تیرۆرکردنی رۆژنامەوان وەدات حسێن دەڵێت "لەکاتێکدا ویداد لەو قەرەباڵەغییەدا شەهید دەکرێت، بەڕاستی پێویستە باری نائاسایی رابگەیەنرێت، واتە گروپێک کە 7 کەس بوون رۆژنامەنوسێک بە بەرچاوی خەڵکەوە دەڕفێنن دوایی تەرمەکەی فڕێدەدەن. دەسەڵاتێک نەتوانێت ئەمە بدۆزێتەوە و وەهێزێکی وا هەبێت لەناو شارێکی وادا، کەواتە پێویستە باری لەناکاو رابگەیەنرێت، ئەمە نیشانەی ئەوەی داعش لەناو ئێمەدایە، داعش لەسەر جادەکانە."

لەبارەی دیموکراسی هەرێمی کوردستانەوە ئارام جەمال دەڵێت "هێشتا زوو بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بڵێین ئەزمونێکی دیموکراسی".

دەشڵێت "مێژووی 25 ساڵی هەرێمی کوردستان بریتییە لەمێژووی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئەتکردنی دیموکراسی".

هەروەها "هەموو ئەو هێزانەی لە هەرێمی کوردستاندا ئیش بۆ دیموکراسی دەکەن، لەژێر فشاردان و تاڕادەی پاکتاوکردنی جەستەیی".

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ ئارام جەمال