بەپـێی دوایـین هەواڵ ژمارەی قوربانیـیانی تەقینەوەکەی دوێنێ شەوی بەردەم بارەگای حزبی دیموکراتی کوردسـتان لە شاری کۆیە گەیشتە 7 کەس، لەوانە 5 پـێشمەرگەی حزبی دیموکرات و 2 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە نەخۆشخانەی ڕزگاری شاری هەولێر یەکێـک لە 4 برینداری ئاکامی تەقینەوەکان کە ئەندامێـکی ئاسایش بوو، گیانی لەدەسـتدا.
بەپـێی شایەتحاڵەکان، هەردوو تەقینەوەکە بە ماتۆر سکیلی بۆمبڕێژکراو لە بەردەم فرۆشگایەکی بەرامبەر بارەگای حزبی دیموکرات کراون، سەرەتا تەقینەوەی یەکەم ڕوویداوە و بووەتە مایەی برینداربوون چەند کەسێـک و دەسـتبەجێ پـێشمەرگە و ئەندامانی حزبی دیموکرات بۆ بەهاناچوونی بریندارەکان خۆیان گەیاندە شوێنی تەقینەوەکە، بەڵام تەقینەوەی دووەم ڕوویداوە و ئەو قوربانیانەی دیکەی لێکەوتەوە.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کەس بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام کاربەدەسـتانی حزبی دیموکراتی کوردستان پـێـیان وایە ئێران لە پشـت هێرشەکەوە بێت و دەڵێن بەو پـێـیەی پـێشتر هەڕەشەی لێکردوون کە ئەگەربێت و چالاکیـیە سیاسیـیەکانیان ڕانەگرن، ئەوا دەیانکە ئامانج. هەروەها ئێران ڕابردوویەکی دور و درێژی هەیە لە کوشتنی نەیارە سیاسیـیەکانی لە دەرەوە، بۆیە گومانباری سەرەکی ئێرانە.
حکومەت و حزب و لایەنە سیاسیـیەکانی هەرێمی کوردسـتان بە توندی هێرشەکەیان شەرمەزارکرد و بە هێرشێـکی تێرۆرستی ناودێریان کرد.