عه‌لی سیاسی: له‌سه‌ر خۆپیشاندان له ‌یادی راپه‌ڕین ده‌ستگیرکرام

26 ساڵه‌ کورد له‌ کوردستانی عێڕاق راپه‌ڕینی به‌ ئه‌نجام گه‌یاند، له‌ تۆڕه ‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئه‌و یاد کردنه‌وه‌یه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی تانه‌ لێدان و گاڵته‌پێ کردنی. له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌لی مه‌حمود که‌ ناسراوه‌ به‌ عه‌لی سیاسی، وه‌ک چالاکوانێکی مه‌ده‌نی له‌ شاری هه‌ولێر، لای وایه‌ ئه‌و دیدگایه‌، حیزبه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان دروستیان کردووه‌، "به‌هۆی ئه‌و نادادپه‌روه‌ریو نه‌بوونی ئازادی و بردنی سه‌روه‌ت وسامانی وڵات له‌ لایه‌ن چه‌ند خێزانێکه‌وه‌، دروست بوونی بۆشاییه‌کی گه‌وره‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکو به‌رپرسه‌ سیاسییه‌کانه‌وه‌، خه‌ڵک به‌ ته‌وسه‌وه‌ باسی راپه‌ڕین ده‌کات، که‌ خه‌ڵک کردوییه‌تی و به‌ری رانجه‌که‌ی ئه‌وان ده‌یخۆن." هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "ملیاردێره‌کانی کوردستان که‌ سیاسییه‌کانن له‌ هی ئیمارات ویابان زیاتره‌، لێره‌ به‌رپرسه‌کان، خۆیان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هه‌ر خۆیان کۆمپانیای بازرگانی و خێرخوازو هه‌ر خۆیان و منداڵه‌کانیان به‌ری ره‌نجێک ده‌خۆن که‌ هی ئه‌وان نییه‌، خه‌ڵک راپه‌ڕی وئه‌و سێو فرۆشانه‌یان له‌ ئێرانه‌وه‌ هێنایه‌وه‌و کردیانن به‌ به‌رپرسی ئه‌م وڵاته‌‌." له‌ یادی راپه‌ڕین کۆمه‌ڵیک رۆژنامه‌وان و چالاک وانی مه‌ده‌نی له‌ هه‌ولێر ده‌سگیر کران، به‌پێی سه‌رچاوه‌ هه‌واڵییه‌کان به‌مه‌به‌ستی ئیدانه‌ کردنی شه‌ڕی کوردو کورد له‌ شه‌نگال کۆبووبوونه‌وه‌، عه‌لی مه‌حمود یه‌کێک بووه‌ له‌و گیراوانه‌ و ده‌ڵیت "من زۆر نیگه‌ران بووم له‌ یادی راپه‌ڕین رێگه‌یان نه‌دا خۆپیشاندان بکه‌ین دژی شه‌ڕی کورد کوژی، ئێستا له‌ هه‌ولێرو سلێمانی، پۆلیس و ئاسایش نه‌ک پاسه‌وانی حیزبه‌که‌یانن، به‌ڵکو پاسه‌وانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ش ده‌که‌ن که‌ گه‌ڵه‌گایانن، له‌هه‌ولێر تورکیاو له‌ سلێمانیش ئێران."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ عه‌لی سیاسی