نیاز عەبدوڵا : ئەوەی بەرامبەر فەرهاد پیرباڵدا کرا ئەڵقەیەکە لە زنجیرە درامای تاوانەکان

پەلاماردان و لێدان و سوکایەتیکردن بەرامبەر نوسەر و مامۆستای زانکۆ و رۆشنبیری دیاری کورد دکتۆر فەرهاد پیرباڵ لەلایەن دوو چەکدارەوەو بە رۆژی روناک و لەبەردەم ئاپورەی خەڵکدا لەشاری هەولێر، تێکڕا بووە مایەی وروژاندنی رەخنەو ناڕەزایی زۆربەی نوسەران و رۆژنامەوانان و میدیا جیاوازەکان، هاوکات خەڵک بە گشتی لەتۆڕە کۆمەكڵایەتییەکان بە تەواوی جیاوازیانەوە بە شێوازی جیاجیا بەدەنگ هاتن سەبارەت بەو پێشێلکارییە.

کۆمەڵێک نوسەر و رۆشنبیر لەبەیاننامەیەکیاندا کە لەهەفتەنامەی ئاوێنە بڵاوکراوەتەوە دەڵێن "بەرگریکردن لە ماف‌و کەرامەتی مرۆڤ‌و بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین ئاکاری پیشەی ئێمەیە. ئەوە کاری ئێمەیە بە ھەموو جیاوازیی‌و ناکۆکییەکانیشمانەوە بەرامبەر ھەموو شێوازەکانی سوکایەتیکردن بە نووسەران‌و میدیاکاران‌و ھونەرمەندان بێدەنگ نەبین".

سەرباری ئەوەی لێدوانە جیاوازەکانی راگەیاندنە حیزبی و ناحیزبییەکان لەسەر کۆی ئەو ستەم و پێشێلکارییەی بەرامبەر دکتۆر فەرهاد پیرباڵ بڵاودەکەنەوە و هاوکات لێدوانە پچڕ پچڕ و تەمومژاوییەکانی خودی فەرهاد پیرباڵیش؛ بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کۆی ئەو ستەم و زەبروزەنگە نەکەوێتە بەردەم شرۆڤەکاری و تێڕوانینی پرۆفیشناڵانەوە....

ئاسۆ جەبار بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکانی دەنگی ئەمریکاو وتووێژێکی لەگەڵ رۆژنامەوان و چالاکوانی داکۆکیکار لەمەفەکانی مرۆڤ نیاز عەبدوڵا لەوبارەیەوە سازکردووە....

نیاز دەڵێت "دروست نەوەیەکیان پێگەیاند کە ئاسان بەم جۆرە رەفتار بکات، نەوەیەک ئاسان بێت بەلایەوە بەشێوەیەکی ئاسایی هەڵکوتێتە سەر خۆپیشاندەران و خەڵک و راگەیاندن و .......تاد".

دەشڵێت "ستەمکاری لە کوردستاندا گەیشتۆتە لوتکە".

نیاز دەڵێت "ئێستا دادوەر هەیە لەهەرێمی کوردستان خواخوایەتی دۆسێکەی کۆتایی پێبێت، یاخود ناتوانێت تەنانەت دۆسییەی کوشتنیش لەپرۆسەی دادگا یەکلایی بکاتەوە، چونکە هەڕەشەی چکدارانی لەسەرە؛ هەڕەشەی چەکدارانی حیزب".

سەبارەت بەو لیژنەو لیژنەکاریانەی کە بۆ دۆسییەی کوشتن و پێشێلکارییەکان دایاندەمەزرێنن؛ نیاز عەبدوڵا دەڵێت "لیژنەکانی بارزانیش کە تائێستاکە پێکهێنراون؛ بە راستی بەبێ ئەنجام و کاریگەری ئەوەیان نیە رێکارانی لێکۆڵینەوەو کۆکردنەوەی بەڵگەکان خێرا بکەن، لەبەرئەوەی ئەم لیژنانە لەبنەڕەتدا بۆ خەفەکردن و پەرچەکرداری فەرامۆشکردنی ئەم دۆسێیانە پێکهاتوون".

هاوکات دەشڵێت؛ سەرلەبەری دۆسێکانی توندوتیژی و کوشتنی رۆژنامەنوسان یەکلاینەکراونەتەوە.

لەدەرئەنجامدا نیاز دەڵێت "ئەوەی بەسەر فەرهاد پیرباڵدا هاتووە، تەنیا ئەڵقەیەکە لە زنجیرە درامای تاوانەکان"

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ نیاز عەبدوڵا