محەمەد رەئوف: ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ ئیسلامییەکان خۆیان بکەن بە هێزێکی نیشتیمانی

پارتە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، بزوتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی پێکەوە لەنەخشەڕێگایەکی هاوبەشدا کۆدەبنەوە، هەرچەند ئومێدەکانی رێبەرانی هەرسێ پارتەکە گەشبینانەو بە ئاراستەی کاری هاوبەشە؛ بەڵام رەخنەو تێڕوانینی جیاواز دیوێکی دیکەی ئەم نەخشەڕێگایە دەخاتە بەردەم پرسیار و وتووێژەوە.

لەڕێکەوتی (15ی مانگی چواری 2017) لە شاری سلێمانی و لە ژێر دروشمی (بەرەو ئاییندەیەكی گەشتر)و بە ئامادەبوونی د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەكێتی زانایانی جیهانی ئیسلامی‌و سەركردەی هەرسێ لایەنی ئیسلامی كوردستان (یەكگرتوی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی) هەندێك ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەستەیەك لە ئیسلامخوازانی كوردستان لە (زانایان، مامۆستایانی زانكۆ، وروناكبیران و كەسایەتیە ئیسلامییەكان، یەكەمین دیداری ئیسلامی سازكرا، كە تێیدا پڕۆژەی كاری هاوبەشی ئیسلامی‌و بارودۆخی مسوڵمانان‌و خەڵكی كوردستان تاووتوێ كرا.

بۆ تاووتوێکردن ئەگەرەکانی یەکگرتن یان یەکنەگرتنی ئەو سێ پارتە ئیسلامییە؛ ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتووێژێکی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی پێشووی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و هاوکات سیاسەتمەنداری سەربەخۆ دکتۆر محەمەد رەئوف دا سازکردووە.

ئەو پێیوایە کە هیچ ئومێدێک لەو پرۆژەیەدا نیە؛ نایانگەیەنێتە هیچ شتێک و ناتوانن بەرە دروستبکەن.

هاوکات دەڵێت "ئیسلامییەکان خەڵکیان بێ ئومێد کرد".

محەمەد رەئوف دەڵێت "حیزبە ئیسلامییەکان دوای 25 ساڵ نەیانتوانیوە هەنگاوێک بڕۆنە پێشەوە لەدروستکردنی لیستێکی هاوبەشدا".

دەشڵێت "ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ ئیسلامییەکان خۆیان بکەن بە هێزێکی نیشتیمانی لەدوای گۆڕان و ئەم دۆخەی کە دروستبووە؛ بۆشاییەکی گەورە دروستبووە. لەدوای ئەم حاڵەتانەی بەسەر کوردستاندا هاتووە، لەدوای نەمانی پەرلەمان و تەجمیدکردنی و بەشێک لەحکومەت هەڵوەشاتەوە، ئێستا چاوەڕوانییەکی زۆری هاوڵاتیانی کوردستان لەئارادایە بۆ دروستبوونی بەرەیەک، هێزێک، حیزبێک، یان تەوژمێکی نیشتیمانی کە خەمخۆرانە بێتە مەیدان".

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ محەمەد رەئوف