هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر شەنگال و رۆژئاوا تێکڕا بوونە هۆی بەرزبوونەوەی ناڕەزایی و نیگەرانی زۆرێک لە وڵاتە زلهێزەکانی دنیا و حکومەتی عێراقی و وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی و خەڵکانی هەرێمی کوردستان و کوردانی رۆژئاوا؛ بەڵام هەندێک لەو هەڵوێستانە بەڕای شارەزایان شەرمنانەو ئاسایین و بەقەدەر قەوارەی ئەو هێرشانە نین کە چەندین ساڵە و لەچەندین بۆنەی جیاوازدا بەرامبەر ناوچە کوردییەکان لەشکری تورکیا تا ئەرۆکە بەرپایان دەکات.
ئایا بۆچی وڵاتە زلهێزەکانی دنیا بە کردار بێدەنگن بەرامبەر ئەم هێرشانەی تورکیا؟ ئایا بۆردومانەکان و دەستێوەردانەکانی تورکیا بۆ سەر خاكی عێراق و هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا تەنها ستراتیژێکی لەشکرییە یان ستراتیژێکی سیاسیشەو مەرامی گەورەی لەپشتەوەیە؟ بۆچی هەڵوێستەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لاوازن بەرامبەر تورکیا؟
ئایا پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان تەنها کۆمەڵێک بانگەشەی حیزبین و یان پرسێکی رژد و ستراتیژین؟
ئاسۆ جەبار وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ سەرۆک پەرلەمانی کوردستان دکتۆر یوسف محەمەد دا بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکانی دەنگی ئەمریکا سازکردووە سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شەنگال و رۆژئاوا و کۆمەڵێک تەوەری دیکە...
دکتۆر یوسف محەمەد دەڵێت "تورکیا بۆردومانی شەنگال دەکات، بۆردومانی رۆژئاوا دەکات، تورکیا لەسەردەمی داعشدا دەستیوەرنەدا لەو ناوچانەی کە داعش لەرۆژئاوا داگیریکردبوون، تورکیا رووبەڕووی داعش نەبۆووە لەوکاتەی کە پەلاماری کوبانی درا، بەڵام ئێستا دەبینین تورکیا پاش ئەوەی دۆزی کورد لەرۆژئاوا بەرەو پێشەوەو ....نزیکبونەتەوە لەوەی سەرجەم ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش رزگاربکەنەوەو کوبانی بە عەفرینەوە ببەستەنەوە؛ لەوکاتەدا دەستوەردەداتە سوریا".
دەشڵێت "تورکیا هەڵوێستێکی دۆستانەی نیە بەرامبەر دۆزی کورد لەهیچ یەکێک لەپارچەکانی کوردستان".
سەبارەت بە بێ هەڵویستی تورکیا بەرامبەر بە هەرێم یوسف محەمەد "لەوکاتەوەی داعش پەلاماری مەخموری داو نزیکبوو پەلاماری هەولێرش بدات، لەوکاتەدا تورکیا دەبوایە هاوکاری هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش."
هاوکات "لەوکاتەدا سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم سەردانی تورکیای کرد و داوای هاوکاری کرد، ئەوکاتە تەنانەت فرۆکەخانەی هەولێر لەژێر مەترسی داگیرکردندا بوو، بەڵام تورکیا هیچ پەرچەکردارێکی پیشان نەدا".
دەشڵێت "هیوادارین هەڵوێستی نێودەوڵەتی بەرامبەر تورکیا بەهێزتر بێت".
هاوکات "دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێبگات هێزە کوردییەکان تەنها شەڕکەر نین، هەر کاتێک بیانەوێت شەڕیان پێبکەن و هەر کاتێکیش ئیتر شەڕ نەماو پێویستیان پێ نەمێنێت؛ دەستبەرداریان ببن".
سەرۆکی پەرلەمان لەهەڵوێستێکی روون و ئاشکرایدا بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند "ناکرێت لەلایەکەوە هێزە چەکدارە قارەمانەکانی هێزی پێشمەرگەو یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەپەژەو هێزی سوریای دیموکرات لەلایەکەوە رووبەڕووی داعش دەبنەوە چ لە شەنگال چ لەرۆژئاوا، تورکیاش لەپشتەوە بۆردومانیان دەکات".
دەشڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە بارمتەی هەڵوێستەکانی تورکیا بووە".
هاوکات یوسف محەمەد دەڵێت "رەنگە هەندێک ئەجێندای حیزبی لەهەرێمی کوردستان یەکانگیر ببێتەوە لەگەڵ ئەجێندای تورکیادا".
دەشڵێت "ئەگەر یەپەگە نەبوایە، کارەساتی شەنگاڵ زۆر گورچکبڕ و کارەساتبارتر دەبوو".
Your browser doesn’t support HTML5