ریفراندۆم و نەهامەتی و قەیرانە سیاسی و ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان تێکڕا کاریگەری لەسەر رەوشی سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان دروستکردووە؛ هاوکات سەرباری هەڵمەتی گەورەی ناوەندەکانی راگەیاندنی حیزبی و نزیک لەحیزبەکان کە بێچوان لەهەڵمەتێکی گەورەدان بۆ ریفراندم؛ بەڵام رەخنەو سکاڵاکانی خەڵک و ئەکادیمست و نوسەرانی دەرەوەی ئەم بازنەیەش دیوێکی دیکەی رەوشەکەیە. بەڵام ئایا بەرەی بەڵێ و داکۆکیکاران لەم هەڵمەتە دەڵێن چی و چۆن دەڕواننە رەوشەکە....
بۆ ئەو مەبەستە ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتووێژێکی لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەو شەهیدان و جینۆساید لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاری هەرسێن سازکردووە...
ئاری هەرسین دەڵێت "زوربەی ئەو کێشانە کە ئێستا ئێمە لەکوردستان رووبەڕووی بوینەتەوە هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە سەربەخۆ نین، ناوکمان بەستراوە بە بەغداوە."
ئاری هەرسین پێیوایە دوای ریفراندۆم و "لەکاتی لەدایکبوونی دەوڵەتدا، ئیتر ئەم کۆمەڵگە حیزبسالارییە نامێنێت."
دەشڵێت "لەهێچ شوێنێکی دنیادا نەبووە، میللەتێک بیەوێت سەربخۆ بێت و هەمو وڵاتانی دونیا سەربەخۆیی بۆ بخەنە سەر مێزێک و بەدیاریی بۆی بەرن."
سەبارەت بە کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، دەڵێت "ئێمە لە2007 ەوە لەگەڵ بەغدا تێکمانداوە، یەک دیناریان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەناردووە."
هاوکات دەشڵێت "لەدوای راپەڕینەوە بەڕای من راگەیاندنی حیزبی شتێکی فاشیلەو کۆنخوازەو هیچ پەیوەندییەکی بە سەردەمی پێشکەوتن و شارستانیەت و مۆدێرنەوە نیە."
Your browser doesn’t support HTML5