ریفراندۆم و نەهامەتی و قەیرانە سیاسی و ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان تێکڕا کاریگەری لەسەر رەوشی سیاسی و ئابوری و بژێوی ژیانی خەڵک و کاریگەری لەسەر تێکڕای سێکتەرە گرنگەکانی هاوپەیوەند بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە بەگشتی لە هەرێمی کوردستاندا دروستکردووە؛ هاوکات سەرباری هەڵمەتی گەورەی ناوەندەکانی راگەیاندنی حیزبی و نزیک لەحیزبەکان کە بێوچان لەهەڵمەتێکی گەورەدان بۆ ریفراندم؛ بەڵام رەخنەو سکاڵاکانی خەڵک و ئەکادیمست و نوسەرانی دەرەوەی ئەم بازنەیەش دیوێکی دیکەی رەوشەکەیە. هاوکات تەوەری راگەیاندن لەنێوان پروپاگەندەو پرۆفیشناڵیتیداو تێڕوانین و رەخنەکان لەبارەیانەوە و هاوکات تەوەری تیرۆرکردنی کەسایەتییە ئەکادیمییەکان و رەخنەگران و نوسەران لە هەندێک لەمیدیاکانی حیزب و لەتۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە تێکڕا لەگەڵ سەرنج و پرسیارەکانی گوێگرانی دەنگی ئەمریکا بابەتی وتوێژێکمانە لەگەڵ نوسەر و روناکبیرو ئەکادیمی دکتۆر فاروق رەفیق کە ئاسۆ جەبار بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکانی دەنگی ئەمریکا سازیکردووە....
فاروق رەفیق دەڵێت "ئەم رژێمەی کە ئێمە تیادا دەژین لەهەرێمی کوردستاندا یەکێکە لەنادیموکراترین رژێمەکان."
دەشڵێت ئەم دەسەڵاتە "لەدەرەوەی یاسا لەدەرەوەی شەرعیەت پەرلەمانی داخستووە.'
هاوکات "لەپڕێکدا بەیانی هەڵدەستێت لەدیوەخانێکی حیزبیدا بڕیاردەدات، لەجیاتی پەرلەمانی بڕیاردەدات 25 ی 9 ریفراندۆمە."
دەشڵێت "ئەم دەسەڵاتە هیچ رێزێکی بۆ مرۆڤی کورد نەهێشتۆتەوە."
سەبارەت بە ریفراندۆمەکەش دەڵێت "ئەم ریفراندۆمە بۆ پەنهانکردنی شکستی 26 ساڵی حوکمڕانییە، بۆ شاردنەوەی هەموو گرێبەستەکانی نەوتە؛ مەلەفی نەوت لەلای دەستێکی نائەمینە."
دەشڵێت "ئەوان دەڵێن ئێمە بەهۆی نەبوونی دەوڵەتەوە بە ئەمە گەیشتووین."
فاروق لە رەخنەیەکیدا دەڵێت "تۆ هەرێمێکت لەبەردەستدا بوو هیناوتەتە سەر ئەژنۆ، ئینسانی کوردت رەزیل کردووە."
هاوکات دەڵێت "ئەم ریفراندۆمە بۆرییەک نیە لەمسەرەوە حکومڕانیەکی شکستخواردوی تێبکەیت و لەو سەرەوە دوڵەتێکی دیموکرات بێتە دەرەوە."
سەبارەت بە جوێنفرۆشی و سوکایەتیکردن بە ئەکادیمیستەکانی کورد فاروق رەفیق دەڵێت "جوێنفرۆشەکانیان بە پارە بە کرێگرتووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ ئەوەی جوێن بدەن."
سەبارەت بە هەڵمەتی نەخێرەکەی خۆی فاروق رەفیق دەڵێت "نەخێرەکەی من دەگەرێتەوە بۆ 25 بۆ 30 ساڵ لەمەوبەر." هاوکات "نەخێری من ئەو نەخێرانەن کە لە ژیانمدا کە بە فاشیزم و ستەمکاریی کوردایەتیم وتووە." هەروەها "نەخێر بۆ ئەم سیاسەتە، نەخێر بۆ ئەم شکستە ئەخلاقییە کە ئامانە هێناویانەتە ئاراوە، نەخێر سەدجار نەخێر بۆ ئەم شێوازی حوکمڕانییە.....سەدجار نەخێر بۆ شکاندنی ئینسانی کورد.'
Your browser doesn’t support HTML5