بارزانی سەردانی شاری سلێمانی دەکات و بارگرژییە سیاسی و یاساییەکان تێکڕا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی هەرێمەکەش وەک خۆیان ماون. هاوکات پێشوازییە حیزبی و جەماوەرییەکان و وتەکانی بارزانی جێی بایەخ و شرۆڤەکاریین. بەڵام فیدریکا مۆگرینى بەرپرسى سیاسەتى دەرەوەى یەکێتیى ئەوروپا ئەمڕۆ لەبارەى ڕیفراندۆمى هەرێمى کوردستانەوە ڕایگەیاند، یەکێتیى ئەوروپا داوا لە بەرپرسانى هەرێمى کوردستاندەکات کە ڕیفراندۆم ئەنجام نەدەن و پیش ئەنجامدانى ڕیفراندۆم گفتوگۆى بەرهەمدار لەگەڵ بەغدا دەستپێبکەن و بۆ ئەوەش ئامادەن پشتگیرى لە گفتوگۆکانى نێوان هەولێر و بەغدا بکەن.
بەرپرسى سیاسەتى دەرەوەى یەکێتیى ئەوروپا ڕاشیگەیاند "یەکێتیى ئەوروپا ئەوە بە بیر دەخاتەوە کە پشتگیرى لە یەکێتى خاکى عێراق و سەروەرییەکەى دەکات. کرداری یەکلایەنانەی وەک ڕیفراندۆمە پێشنیازکراوەکە بە بەرهەمدار نازانین و دەبێت ڕابگیرێت".
هاوکات بەر لەگەیشتنی بارزانی بۆ گۆڕەپانی یاری شاری سلێمانی رێگریی لە کەناڵی NRT کرا بۆ روماڵکردنی پێشوازی و سەردانەکەی بارزانی.
ئاسۆ جەبار سەبارەت بە کۆی ئەو پرسانە بۆ دەنگی ئەمریکا وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ رۆژنامەوان نیاز عەبدوڵادا سازکردووە...
نیاز دەڵێت "بارزانی لەسەرۆکێکی شەرعییەوە بۆتە سەرۆکی گروپێکی ناو یاریگاکانی هەرێمی کوردستان."
دەشڵێت "ئەو دەوڵەتەی کە بارزانی داوای دەکات بەدیارکراوی لەمە باشتر نابێت کە هەیە."
سەبارەت بە سەردانەکەی بارزانیش نیاز دەڵێت "بارزانی هیچ شتێکی تازەی پێنەبوو، بێجگە لەراگەیاندنی پەیامەکەی بۆ ریفراندۆم."
هاوکات "دوای 26 ساڵ لەحکومڕانی هەرێمی کوردستان ئەو پەیامەی بارزانی تازە باسی یەکەکانی حەفتا و هەشتا و تێکەڵبوونی خوێنی پێشمەرگە دەکات لەبەرەکانی شەڕ."
دەشڵێت "ئێمە بەهۆی ریفراندۆمەوە نیوەی خاكی کوردستان لەدەست دەدەیەن." هاوکات "هەرێمی کوردستان پشتیوانی نێودەوڵەتی لەدەستدەدات."
دەرئەنجام سەبارەت بە ئەنجامدان و نەدانی ریفراندۆم نیاز عەبدوڵا دەڵێت "ریفراندۆم دوادەخرێت و دەگەڕێنەوە بۆ باوەشی حکومەتی عێراق"
Your browser doesn’t support HTML5