ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەیەکەم لێدوانیدا باسی لەوە کرد کە ئەم ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی و جیابونەوە نیە. هاکات پێش ریفراندۆمەکەش کۆمەڵێک پێشنیار و داواکاری رژد لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە خرانە روو؛ ئەوبوو لەپرسێکی ئاوا گرنگ و هەم هەرێمیشدا ولایەتە یەکگرتووەکان وەک وەزارەتی دەرەوەو کۆشکی سپی پێشنیاز و داوای نەکردنی ریفراندۆمیان کرد، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاش بە هەمانشێوە، سەرباری رەخنە و هەڕەشەکانی وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و تورکیاو هەروەها حکومەتی عێراقیش نەبوونە رێگر لەبەردەم ریفراندۆمدا. بەڵام تەنها یەک رۆژ دوابەدوای ریفراندۆم هەڕەشەکانی تورکیا و ئێران و عێراق جێی نیگەرانی و شرۆڤەکاریی رژدن هەم بۆ خەڵکانی هەرێمی کوردستان هەم بۆ ناوچەکەش.
سەبارەت بە کۆی ئەو پرسانە ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ نوسەر و روناکبیر عەزیز رەئوفدا سازکردووە...
عەزیز رەئوف دەڵێت "ئەمانە سیاسی نین، سیاسی خەونی هەیە، جیهانبینی هەیە، سیاسی پەیوەندی بە کۆمەڵگەی خۆیەوە هەیە، سیاسی دەزانێت پەیوەندی سیاسی دروستبکات، لۆبی دروستبکات و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەهێزبکات."
دەشڵێت "ئەمریکا بۆ پشتی تێکردن، لەبەرئەوەی ئەزمونێکی هێجگار خراپیان دروستکردووە."
سەبارەت بەوەی کە خەڵک دەبوایە پرسیاری بکردایە؛ عەزیز رەئوف دەڵێت "خەڵک پێش ئەوەی بڵێت بەڵێ، دەبوایە ستۆپێک بەم هێزانە بکەن" و "گریمان دەوڵەتمان دروستکرد، بەڵام چۆن بەڕێوەی دەبەن."
ئەو رەخنە لە رۆشنبیرو ئەکادیمییەکانیش دەگرێت لەبەرئەوەی کەوتنە ژێرکاریگەری هەست و سۆزەوەو دەیانوت با دەوڵەت دروستبکەیەن، دواتر هەموو ئەم شتانە چارەسەر دەبن.
دەشڵێت "دەبوایە ئەم ریفراندۆمە لەسەر خوانێک هەمومان کۆبکاتەوە، بەڵام پەرتبونێکی گەورەی دروستکرد لەئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا."
لەسەرنجێکی رەخنەییدا عەزیز رەئوف دەڵێت "سەربەخۆیی بەمانە دروستناکرێت، کە دەریاکان پڕبوون لەجەستەی ئەو گەنجانەی کە نیشتیمان بەجێدێڵن و بوون بە خۆراکی ماسی."
Your browser doesn’t support HTML5