مێزگرد: درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمان و پـرسی حکومەتی رزگاری نیشتیمانی

گەڕانەوە بۆ کۆمەڵێک خاڵی بنەڕەتی و جومگەیی کە تێکڕا پەیوەندییەکی قوڵ و کاریگەرییان هەبووە بە بەرپابوونی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدادا؛ دەمانباتەوە سەر وتووێژکردن لەبارەی ئەو قەوارە سیاسی و گرفتە ئابوری و حکومڕانیەی کە ئەورۆکە لەو هەرێمەدا بۆتە جێی مشتومڕ.

بارودۆخی هەرێم پاش ریفاندۆمەکەو هاوکات کۆنترۆڵکردنی زوربەی هەرەزۆری ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکوکیشەوە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی و حەشدی شەعبییەوە؛ تێکڕا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی سیاسی و ئابوری و لەشکری لەناوچەکدا روویاندا کە بەئەندازەیەک پەیوەندییەکی هەمەلایەنەی هەیە بە کۆی سیستمی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستان و وروژاندنی کۆمەڵێک پرسی گرنگ کە پەیوەندی بە سیستمی سیاسی و هاوکات کۆی ئەو تراژیدیایەوە هەیە کە دوچاری پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆتەوە و هاوکات ئەو ناکۆکییە سیاسیانەشی کە دووچاری حیزبەکانی کوردستان بۆتەوە جێی گفتوگۆو شڕۆڤەکاریی زیاترن لەڕووی ئەکادیمی و زانستی سیاسییەوە.

ئایا درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و درێژکردنەوەی حکومڕانی ئەم حکومەتەی ئێستا و درێژکردنەوەی زیاتری وادەی سەرۆکی هەرێم دەتوانێت ئەم قەیرانە سیاسی و ئابوری و لەشکرییە تێپەڕێنێت؟ ئایا شتێک دەتوانرێت دروستبکرێت بەناوی حکومەتی رزگاری نیشتیمانییەوە؟

ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا مێزگردێکی راستەوخۆی سازکردووە بە میوانداری سەرۆکی لیستی یەکگرتوو لەپەرلەمانی کوردستان ئەبوبەکر هەڵەدنی و رۆژنامەوان و شرۆڤەکار موعتەسەم نەجمەدین و نوسەرو مامۆستای زانکۆ لەلەندەن د. دارا محەمەد...

ئەبوبەکر هەڵەدنی دەڵێت "لەعەقڵیەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی پەرلەمانیان پەکخستووە و چارەسەری قەیرانە سیاسی و ئابورییەکانیان نەکردووە، هەمووی بۆئەوە بووە کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا نەکرێت."

دەشڵێت "ئێمە لەفراکسیۆنی یەکگرتوو هەر 10 کەسەکەمان دەنگمان بە درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمان نەدا."

بەڵام دکتۆر دارا محەمەد دەڵێت "من پێموایە رزگارکردنی حکومەتی هەرێم لەدەستدەرچووە."

دەشڵێت "تەنها رێگەچاریەک لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا هەبێت هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتەیە بە هەموو دەزگاکانییەوە."

هاوکات دەشڵێت "پەرلەمان هیچ شەرعییەتێکی نەماوە."

سەبارەت بە کارا کردنەوەی پەرلەمان دەشڵێت "کاتێک پەرلەمان لەمانگی 9 دا کارا دەکرێتەوە لەپێناو ئەوەی کە گڵۆپی سەوز بۆ پارتی دابگیرسێنێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم."

رەخنەش لە یەکگرتووی ئیسلامی دەگرێت و دەڵێت "یەکگرتوو درێژە بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە دەدات کە لە کوردستاندا باڵادەستە؛ واتە یەکێتی و پارتی."

هاوکات موعتەسەم نەجمەدین دەرگایەکی دیکە لەگفتوگۆکە دەکاتەوە دەڵێت "ئەوەی روویدا دەرئەنجامی کۆمەڵێک قەیرانە کە چەند ساڵێکە لە کوردستاندا کەڵەکەبووە."

دەشڵێت "لەکوردستان شتێک نەماوە بە ناوی پەرلەمان و حکومەت؛ ئەمە مەهزەلەو گاڵتەجارییە."

هاوکات موعتەسەم دەشڵێت "ئەگەر شەڕیان بکردایە؛ کەرکوک وەک موسڵ و رقەی لێدەهات."

دواجار ئەبوبەکر هەڵەدنیش دەڵێت "ئەگەر پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و نەمێنێت چ بژاردەیەکی تر لەبەردەستدایە."

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی مێزگردەکە