حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر:له‌هه‌رێمی كوردستان له‌شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا(١٧٠)كه‌یسی گه‌نده‌ڵی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ركراوه‌

حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر\سه‌رۆكی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی كوردستان

حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت،له‌شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا(٢٠١٧)،(١٧٠)كه‌یسی گه‌نده‌ڵی له‌به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌د لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ركراوه‌،هێنده‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ش گه‌یشتونه‌ته‌ ده‌سته‌كه‌ كه‌ له‌پێش قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ بوون كه‌یسی گه‌نده‌ڵیه‌كانیش تا ئاستی بریكاری وه‌زیری تێدایه‌."

حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ به‌ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند"هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك به‌شه‌كانی تری عیراق به‌ده‌ر نیه‌ له‌گه‌نده‌ڵی،به‌ڵام له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌هۆی نه‌بونی پاره‌ بۆ ته‌رخانكردنی بۆ پڕۆژه‌كان گه‌نده‌ڵی كه‌میكردووه‌ به‌ڵام له‌بواری دیكه‌دا گه‌نده‌ڵی هه‌ربونی ماوه‌."

سه‌باره‌ت به‌هاوكاری داموده‌زگاكان و حكومه‌ت له‌به‌رده‌م كاره‌كانی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌،حاكم ئه‌حمه‌د وتی"هاوكاری هه‌بووه‌ ناڵێم هاوكارییان نه‌كردوین،به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و دۆخه‌ی كه‌هه‌یه‌ له‌كوردستان نه‌بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م كاره‌كانمان لاببات."

ده‌رباره‌ی به‌ربه‌سته‌كانیش،سه‌رۆكی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی كوردستان وتی"به‌ربه‌ست زۆره‌ بۆ نمونه‌ ئێمه‌ كه‌ده‌مانه‌وێت داتایه‌ك وه‌ربگرین ئه‌وه‌ی وه‌ریده‌گرین ڕێژه‌یه‌كی كه‌مه‌ له‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی كه‌هه‌یه‌،هه‌روه‌ها به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی داموده‌زگا جێ به‌جێ كارییه‌كان بۆ جێ به‌جێ كردنی بڕیاره‌كانی ئێمه‌ وه‌ك پێویست نیه‌،هه‌روه‌ها نه‌بوونی دادگایه‌كی تایبه‌ت بۆ دادگایی كردنی كه‌یسی گه‌نده‌ڵییه‌كان بۆ نمونه‌ كه‌یسی واهه‌یه‌(٦-٨)مانگ له‌دادگا ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌هۆی نه‌بوونی دادگای تایبه‌ته‌وه‌."

حاكم ئه‌حمه‌د وتیشی"له‌هه‌رسێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم سێ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیمان هه‌یه‌ كه‌می ژماره‌ی لێكۆڵه‌ره‌كانیش تایبه‌ت به‌كه‌یسی گه‌نده‌ڵی یه‌كێكی تره‌ له‌گرفته‌كانمان،(١٦-١٧)لێكۆڵه‌رمان تایبه‌ت به‌گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌ له‌كاتێكدا پێویستمان به‌(١٠٠-١٥٠)لێكۆڵه‌ر هه‌یه‌."

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ باسی له‌وه‌كرد،ده‌سته‌كه‌یان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ بكات كه‌دۆسیه‌كانیان له‌قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دان،هه‌رله‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و ڕاوێژكار و هه‌تا ئاستی پله‌ی وه‌زیر ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌ تا كاریگه‌ری له‌سه‌ر قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ نه‌بێت."

ده‌رباره‌ی ژماره‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كه‌دراونه‌ته‌ دادگا و ده‌ستیان پێ له‌كاركێشراوه‌ته‌وه‌،حاكم ئه‌حمه‌د وتی"ژماره‌یه‌كی زۆری به‌رپرس هه‌ن له‌وه‌كیل وه‌زیر و ڕاوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتین له‌هه‌رسێ پارێزگاكه‌،وه‌زیره‌كانی پێشووی تێدا هه‌یه‌،به‌ڵام وه‌زیره‌كانی ئێستا دۆسیه‌یان نیه‌،هه‌رچه‌نده‌ وه‌زیر هه‌یه‌ دۆسیه و زانیاری له‌سه‌ر هه‌یه‌،به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتۆته‌ قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌."

هه‌روه‌ها وتیشی"له‌شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا(٢٠١٧)،(١٧٠)كه‌یسی گه‌نده‌ڵی له‌به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌دا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ركراوه‌،هێنده‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ش گه‌یشتونه‌ته‌ ده‌سته‌كه‌ كه‌ له‌پێش قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ بوون.هه‌روه‌ها ژماره‌ی تریش هه‌بوون"