لە لێدوانێکیدا بپۆ دەنگی ئەمریکا، دادوەر رزگار ئەمین رایگەیاند "لە هەندێک دامودەزگای هەرێمی کوردستان هێشتا لێدان و مامەڵەکردنی نایاسایی لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا ئەنجامدەدرێت، ئەمەش پێویستە پێداچونەوەی بۆ بکرێت و خەڵکانێک دابنرێت کە لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا تێبگەن.
ڕێکخراوی دیالۆگ و کلتوور لە شاری سلێمانی سیمینارێکی تایبەتی لەسەر "ڕەوشی مافی مرۆڤ" ڕێکخست، کە تێیدا یاساناسان کۆمەڵێک پرسیان سەبارەت بە مافی دەستگیرکراوان تاوتوێکرد.
دادوەر ڕزگار ئەمین وتی کە "نابێت خەڵکی دەستبەسەر بکرێت بە بێ بڕیاری دادگا، دەشبێت ڕاگرتن و ئازادکردنی گیراوەکان بەپێی بڕیاری داداگا بێت کە لە کوردستاندا هەندێک کات بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ گیراوەکاندا ناکرێت".
دادوەر رزگار ئەمین کە یەکێک بوو لە دادوەرەکانی دادگاییکردنی سەدام حسێن، سەرۆکی پیشووتری عێراق، ماوەیەکیش ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستاندا بووە، ئاماژە بەوە دەکات کە "دەبێت دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش بابەتەکانی لێکۆڵینەوە بە شێوەیەکی زانستی لەگەڵ گیراوەکاندا ئەنجامبدەن و مافیان بپاریزن".
هەروەها وتیشی کە "پرسی پێشێلکاری بەرامبەر مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا ڕێژەییە، بەڵام هێشیا هەیە و بنەبڕ نەبووە".
ئەم سیمینارە لە کاتێکدا ئەنجامدرا کە مانگی رابڕدوو سەدان کەس لە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکران کە هەندێک لەوانە بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیرکرابوون.
Your browser doesn’t support HTML5