دوای دەستبەكاربونەوەی لەپۆستی وەزیری ڕێباز حەملان دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكەم دیداری ڕۆژنامەوانی لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا ئەنجامدا وەك خۆی دەڵێت، لەبەر ئەوەی دەستم لەكاری حیزبی كێشاوەتەوە ئێستا كەسێكی سەربەخۆم پێم باشبوو لەمیدیایەكی سەربەخۆ و بێ لایەن و پڕۆفیشناڵەوە دەربكەومەوە.
لەو دیدارەدا چەندین تەوەر و پرسیار لەگەڵ ڕێباز حەملان وەزیری دارایی باسكرا و وەڵامی دایەوە.
چۆنیەتی دەستبەكاربونەوەی لەپۆستی وەزیری دارایی و ئابووری
ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای گفتوگۆكەدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا لەبارەی شێوازی دەستبەكاربونەوەی لەپۆستی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی"ماوەی دوو ساڵە داوا لەمن كراوە كە بگەڕێمەوە بۆ سەر پۆستەكەم بەڵام من لەو كاتەدا پابەند بووم بەبڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان كە هێشتا نەگەڕابونەوە ناو حكومەت،تەنانەت لەپێشوتردا پۆستی وەزیری دارایی بەوەكالەتیش وەزیری بۆ دانەنرابوو لەكاتێكدا پۆستەكانی دیكەی گۆڕان بە وەكالەت وەزیرییان بۆ دانرابوو پڕكرابوونەوە."
لەبارەی ئەوەی كێ داوای لێدەكرد بگەڕێتەوە بۆ پۆستەكەی؟ ڕێباز حەملان وتی"من هەر لەسەرەتاوە لەلایەن سەرۆكایەتی حكومەتەوە داوام لێدەكرا بگەڕێمەوە سەر پۆستەكەم تەنانەت ئەوەم بە بزوتنەوەی گۆڕان و بەڕەحمەت بێت كاك نەوشیروان مستەفا وتووە كە هەركات بمەوێت پێم وتراوە دەتوانم بگەڕێمەوە سەر پۆستەكەم،چونكە من هەر لەسەرەتاوە دوور لەحیزب و ناوچە گەرێتی كارەكانم كردووە لەدهۆك بۆ خانەقین بەیەك بەرنامە كارم دەكرد وەك وەزیرێك،ئێستاش من هەر بەو بەرنامەیە كاردەكەم بەبێ جیاوازی"
ڕێباز حەملان وتیشی"من دوو مانگ بوو دەستم لەكاركێشابوەوە لەبزوتنەوەی گۆڕان بەڵام هێشتا نەگەڕابومەوە سەر پۆستەكەم چونكە چاوەڕێی بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان بووم بە مانەوەیان لەحكومەت یاخود كشانەوە،بۆیە كاتێك بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری كشانەوەیدا لەحكومەت ئەوكاتە من بڕیاری گەڕانەوەم دا بۆ پۆستی وەزیری دارایی وەك كەسێكی سەربەخۆ."
یەكێك لەو پۆستانەی لەكابینەی هەشتی حكومەتی هەرێم بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوت،پۆستی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو،ڕێباز حەملان لە گفتوگۆكەدا وتی"كاتی خۆی بەڕەحمەت بێت كاك نەوشیروان منی كاندید كرد بۆ ئەو پۆستە،ئەوپەڕی وەفا و ڕێزم بۆ ئەو متمانەیەی كاك نەوشیروان هەیە، وە وەفاداریش دەبم بۆ ئەو متمانەیە ئەمەشم بەكردار سەلماندووە كە هەر لەسەرەتای دەست بەكاربونمەوە لەو پۆستە دەستمان كردووە بەكاری چاكسازی و ریفۆرم و گەڕانەوەی پارەیەكی زۆر ئێستاش بەهەمان بەرنامە كاردەكەین."
من ماوەی دەساڵ خزمەتم لەناو گۆڕان كردووە بۆیە هەموو هاوڕێیانم هەموو دۆستەكانم هەرلەوێن،من لەڕابردووشدا وتومە و ئێستاش دەیڵێمەوە ئەو پۆستە ئیستحقاقی گۆڕانە،هەركات بزوتنەوەی گۆڕان گەڕانەوە ناو حكومەت من لەپێناوی ئارامی و یەك ڕیزی ئامادەم دەستبەرداری پۆستەكەم ببم بێ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان پێم بڵێ، چونكە وەك پێم وتی من لەپێناو یەكڕیزیدا ئەوە دەكەم،بەڵام من دوای كشانەوەی ئەوان لەحكومەت ئەو پۆستەم وەرگرتووە."ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم وای وت"
پاش دەستلەكاركێشانەوەی لەبزوتنەوەی گۆڕان و دواتر گەڕانەوەی بۆ وەزارەتی دارایی،چەندین رەخنە لەڕێباز حەملان گیرا و تۆمەتباركرا بەوەی پەیوەندی كردووە بە پارتی دیموكراتی كوردستان و هەروەها چەند كادیر و پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕانیش ڕایانگەیاند"پێشتر هۆشدارییان داوەتە بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بەڕێباز حەملان."
بەڵام ڕێباز حەملان ڕەتی دەكاتەوە پەیوەندی بەهیچ لایەنێكی سیاسیەوە كردبێت و ڕایدەگەیەنێت"نەبومەتە هیچ حیزبێك ئێستا كەسێكی سەربەخۆم و وەك سەربەخۆ ئەو پۆستەم وەرگرتووە".
وتیشی"هێشتا بەڕەحمەت بێت جەنابی كاك نەوشیروان مستەفا مابوو كەمن لە(٥-٨-٢٠١٦)نامەیەكم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان نوسی لەسەر ئەو قسانەی كەپێشتریش هەبوو واتە پێش دەسلەكاركێشانەوەم پێم وتن بێزەحمەت پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان بەدواداچون و لێپرسینەوەی لەسەر هەموو كادیر و بەرپرسەكانی هەبێت لەپێشەوە من،ئەوەتا ژووری یاسایمان هەیە با بەدواداچوون بكەن بۆ ئەو قسانەی كە هەندێك پەرلەمانتار دەیكەن بیسەلمێنن،بەڵام هەر ئەوكات جەنابی كاك نەوشیروان و هەندێك لەبەرپرسانی بەڕێزی گۆڕان پێیان وتم:گوێ مەدە بەو قسانە تۆ لەبەر ئەوەی كارێكی زۆرت لەبەر دەست بووە هەركات كەسێك ئیشێكی نایاسایی داوای لێت كردبێت بۆت نەكردبێت ئیتر ئەو تۆمەتانەت بۆ دروست دەكات."
ڕێباز حەملان ئەوەشی وت" لەدوای وەڵامەكەی خانەی ڕاپەڕاندن كە من ئەوپەڕی ڕێز و حورمەتم بۆ یەك بەیەكیان هەیە هیچ وەڵام و شتێكی ترم نیە بۆ وتن،هەروەها هەڵسەنگاندنی كاك نەوشیروان بۆ من لەكۆنفرانسێكدا كە لەلەندەن باسی كارەكانی كردبوین باشترین بەڵگەیە."
دۆخی دارایی
تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكەی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بریتی بوو لە دۆخی دارایی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان و جیاوازی لەگەڵ دوو ساڵ لەمەوبەر كەوەزارەتەكەی بەجێهێشت؟ لەوبارەیەوە ڕێباز حەملان وتی" بەداخەوە دۆخی دارایی هەرێم خراپە ئەویش لەچەند ڕوویەكەوە بڕینی بودجە لەبەغدادەوە كە لەپێش ساڵی(٢٠١٤)ساڵانە(١٢-١٣-ملیار دۆلار لەبەغدادەوە دەهاتە هەرێمی كوردستان بەڵام بەغداد ئەو بودجەیەی بڕی،هەروەها خراپی حوكمڕنی كورد لەساڵی(١٩٩٢)وەوە تا ئێستا،هەروەها كەمن دەڵێم خراپی حوكمڕانی هەموو لایەنەكان دەگرێتەوە،هەروەها ئەو پارە زۆرانەی كەهاتونەتە ناو هەرێمی كوردستان نەتوانراوە ژێرخانێكی ئابوری بەهێزی پێ بنیاتبنرێت تا ئەگەر توشی وا دۆخی سەخت بوین بەوجۆرە كاریگەری نەبوایە."
هەروەها وتیشی"جگە لەوەی لەدوای ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی كەركوك ژمارەیەكی بەڕجاو بیرە نەوت لەژێر دەستی كورددا نەما،وە لەلایەن حكومەتی عیراقیەوە فشار لەسەر ئەو بانكانە دروستكراوە بۆ هێنانەوەی پارەی فرۆشراوی نەوت،هەروەها داهاتی ناوخۆش دابەزیووە بەهۆی داخستنی سنورەكان،بۆیە ئێمە لەوەزارەتی دارایی یەكەم كارمان بۆ ئەمساڵ پێدانی موچە و بەگەڕخستنەوەی بازاڕە."
پڕۆژە چاكسازیەكە و گەڕانەوەی(١٥٠ملیار دینار) بۆ حكومەت
ڕێباز حەملان لەگفتوگۆكەدا باسی لە پڕۆژەیەكی چاكسازی كرد و وتی"حكومەت پڕۆژەیەكی هەیە بەهاوبەشی لەگەڵ پەرلەمان بۆ چاكسازیكردن لەو هەموو موچە خۆرەی كەهەیە،هەروەها بۆ ئەو هەموو خانەنشینەی كەهەیە بۆ بنەبڕكردنی ئەو هەموو ناوە وەهمی و ناعەدالەتیەی هەیە،ئەگەر ئەم پڕۆژەیە وەك خۆی جێ بەجێ بكرێت ئەوا مانگانە(١٥٠)ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە."
حەملان ڕونیكردەوە"پڕۆژە چاكسازیەكە لە یەكێك لە داواكاریەكانی من بوە لە ساڵی 2015 ئەو پڕۆژەیە لە(٢٢-٩-٢٠١٥)بەنوسراو ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە بەڵام تازە لەمساڵدا نێردراوەتە پەرلەمانی كوردستان.
وتیشی" ئەگەر ئەو پڕۆژەیە لەكاتی خۆیدا جێ بەجێ بكرایە ئێستا زۆرێك لەو قەیرانانەی هەن ڕووی نەدەدا."
ڕێباز حەملان ناوەڕۆكی پڕۆژەكەی ڕوون كردەوە و ڕایگەیاند"ئەو پڕۆژەیە واتای ڕێكخستنەوەی موچەی خانەنشینانی پلە تایبەتیەكانە،بۆ نمونە زۆر خەڵك لەم وڵاتە هەیە كە بە پلەی وەزیر و وەكیل وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین كراون كە یەك كاتژمێر لەو پۆستەدا نەبوون،یاخود بەو پلانە خانەنشین كراون لەكاتێكدا لەهەمان ڕۆژدا دامەزراون و هەمان ڕۆژیش خانەنشین كراون."
ڕێباز حەملان وتیشی" بە پێی پڕۆژەكە منیش خانەنشین ناكرێم، چونكە لەدوای تەواو بونی پۆستەكەم بەهۆی تەمەن و خزمەتەوە شمولی خانەنشینی پلەی تایبەت ناكەم، بەڵام بەهەموو توانای خۆم هەوڵ بۆ جێبەجێكردنی دەدەم، چونكە دەبێت لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكان و وڵاتەكەمان و خەڵك بەگشتی قوربانی بدەین بە بەرژەوەندییە تایبەتیەكان هەمیشە..".
هەروەها وتی"من دەمەوێت لێرەدا وەك وەڵامێك بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراقی ئاماژە بەشتێك بدەم كاتێك دەڵێت،ئەو ژمارەی فەرمانبەرانەی باسی دەكەن زۆر زۆرە،كێشەكە لێرەیە لەهەرێمی كوردستان یاسای سندوقی خانەنشینی هەیە بەڵام جێ بەجێ ناكرێت،لەكاتێكدا لەبەغداد سندوقی خانەنشینان هەیە،بۆیە ئەگەر ئەو یاسایە لەكوردستان جێ بەجێ بكرایە ئەوە ئەوكات ڕاست دەبوو وە ئەوكات ئەو ناكۆكیە گەورەی لەگەڵ بەغداد بۆ دروست نەدەكردین.
وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان،ئەوەشی وت"ئێستا پڕۆژەكە چۆتە پەرلەمان و هیوادارم ئەو پەرلەمانتارانەی ماوەی چوار ساڵە لەڕاگەیاندنەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان باس لە دادپەروەری كۆمەڵایەتی و مافی خەڵك دەكەن بەرگری لەم پڕۆژەیە بكەن و دەنگی پێبدەن و دواتر ببنە چاودێر بەسەر ئێمە بۆ جێ بەجێ كردن چونكە ئەوە ئەو ڕۆژەیە كە ئەوان بانگەشەیان بۆ دەكرد."
ڕێباز حەملان داوای لەپەرلەمانتارانیش كرد كە بەرگری كردن لەپڕۆژەكەیان لە دانیشتنێكی كراوەی پەرلەمان بێت و وتی"داوا دەكەم لەدانیشتنێكی كراوەدا پەرلەمانتاران بەرگری لەو پڕۆژەیە بكەن من خۆم ئامادەم بچمە بەردەم پەلەمان لەدانیشتنە كراوەیە تا بەرگری لێبكەم چونكە بە جێ بەجێ كردنی ئەو پڕۆژەیە كێشەیەكی زۆری موچە خۆران چارەسەردەبێت."
وتیشی: وەك وتم ئەگەر ئەو پڕۆژەیە وەك خۆی جێ بەجێ بكرێت مانگانە(١٥٠)ملیار دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە خۆ ئەگەر نەشتوانرێت پاشەكەوتی موچەی پێ لاببرێت ئەوا لانی كەم دەتوانرێت بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەر بكات، تەنانەت بەبڕە پارەیە دەتوانرێت كێشەی گەورەی پەروەردەی پێ چارەسەربكرێت چونكە دەتوانرێت بەو بڕە موچەی مانگانەی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابین بكرێت."
بەوپێیەی وەك پێشتر باس دەكرا لەناو حیزبەكاندا ژمارەیەكی زۆر بەناو و پلەی جیاوازی خانەنشینی مەدەنی و سەربازی خانەنشین كراون،دەنگی ئەمریكا لەوەزیری دارایی پرسی ئایا حیزب و لایەنە سیاسیەكان بەربەستیان لەبەردەم تێپەڕندنی ئەو پڕۆژەیە دروست كردووە یان پێشبینی دەكات دروستی بكەن؟
ڕێباز حەملان وتی"تا ئێستا هیچ شتێكم بەوجۆرە نەدیوە بەڵام بەهۆی ئەوەی لەهەڵبژاردنەكان نزیك دەبینەوە وە حیزبەكان ژمارەیەك كادیر و لایەنگرییان خانەنشینن و زیانمەند دەبن ڕەنگە بیانەوێت بەربەست بەڕاستەوخۆ بێت یاخود نا لەبەردەم ئەو پڕۆژەیە دروست بكەن بەڵام هیوادارم پەرلەمنتاران هەموویان پشگیری پڕۆژەكە بكەن و دەنگی پێبدەن."
دۆخی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە(٢٠١٨)
دۆخی پێدانی موچە تەوهرێكی دیكەی گفتوگۆكەی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا بوو لەگەڵ(ڕێباز حەملان)وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ڕێباز حەملان وتی"موچە خۆران ئارامیەكی زۆریان نواند لەسەر دۆخی موچە،حكومەت و دەسەڵات قەرزای ئەو ئارامگریەی خەڵكی كوردستان،هەوڵ دەدەین لەمساڵدا بەردەوام بین لەپێدانی موچە بەفەرمانبەران،شتی وا نەهاتۆتە ڕێگەمان بڵێین ناتوانین بەتەواوی موچە بدەین،بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشیە ئەوەیە كە ئێمە لەگەڵ بەغداد هیچ لاریمان نیە،وە هەموو لیستەكانمان ئامادە كردووە وە پێمان وتون ئامادەین هەموو لیستەكانتان بۆ ئامادەبكەین، ئێمە دەرگامان كراوەیە كە وردبینی لەهەموو لیستەكان بكەن."
وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای كرد كە حكومەتی عیراق پابەندی بەڵێنەكانی بێت بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران وەك خۆی وتی"ئەو بەڵێنانەی لەسەر تەلەفزیۆن دەیدات،تەنانەت ئامادەی هەر كار ئاسانیەكین بۆیان،وە لەئەنجومەنی وەزیران كراوە بەبڕیار كە هەموو ئاسانكاریەك بكرێت لەو ڕوەوە،وە من ئومێدێكی زۆرم هەیە بەوەی لەگەڵ حكومەتی عیراقی بگەینە ڕێكەوتن."
هەروەها داواشی لەپەرلەمانتارانی كورد كرد لەبەغداد فشار لەسەر حكومەتی عیراقی دروست بكەن بۆ ناردنی موچە و وتیشی"هەروەها با چاودێر بن بەسەر ئێمەوە كە بەغداد چ داواكارییەكی كردوە هەرێم بۆی جێ بەجێ نەكردبێت تا موچە نەنێرێت."
وتیشی"وەك حكومەتی هەرێم ئەولەویەتمان بۆ موچەیە ئەو داهاتی ناوخۆیەی لەبەردەستی حكومەتدایە بۆ موچەی فەرمانبەران خەرجی بكەین."
لەپێشوتردا بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیاند،كە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەشی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات بەتەنها،پرسیاری ئەوەم لە ڕێباز حەملان كرد دوای ئەوەی دەست بەكاربوی لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ نەتانتوانی لەداهاتی ناوخۆ موچەی فەرمنبەران بدەن؟
بەڵام وەزیری دارایی وتی"لەپاش شەری داعش داهات بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی،وە من هەر ئەوكاتە بەڕاپۆرتێك بە جەنابی كاك نەوشیروانم وت،كەداهاتی ناوخۆ لەوكاتەدا بێ داهاتی نەوت بەشی پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناكات."
كەی پاشەكەوتی موچە لادەچێت؟ئایا پاشەكەوت دەدرێتەوە؟
تەوەرێكی تری گفتوگۆكەی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا سەبارەت بە پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بوو، لەوبارەیەوە ڕێباز حەملان وتی"هەركات لەگەڵ بەغداد ڕێكەوتین وە بودجەی هەرێم لەبەغدادەوە هات ئیتر پاساوێك نامێنێت لەبەردەم پاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەران،پاشەكەوت بەهۆی ئەوەوەیە كەداهاتی پێویست لەبەردەست نەبوو."
وتیشی"موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی یاسایە بۆیە هەركات داهاتی پێویست لەبەردەست بوو فەرمانبەران مافی خۆیانە هەموو پاشەكەوتی موچەكانیان وەربگرنەوە."
موچەی پێشمەرگە و ئاسایش
لەبارەی موچەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشەوە وەزیری دارایی چەندین زانیاری خستەڕوو وتی یەكەمجار ویسترا بڕی(١٠٠)هەزار لەموچەی پێشمەرگە پاشكەوت بكرێت، بەڵام هەوڵێكی زۆرمان دا پاشكەوتمان كەمكردەوە بۆ تەنها(٢٥)هەزار دینار و لە ئێستادا ئەولەویەت بۆ مووچەیە،ێسمەرگە شایانەی موچە و گوزەرانێكی باشە چونكە ئەوە پارێزەری وڵات و سەر و گیانمان بێ جیاوازی."
كێ پێشنیاری پاشەكەوتی موچهی بۆ حكومەت كرد؟
هەندێكجار یەكگرتووی ئیسلامی تۆمەتبار دەكرێت بەوەی نوێنەرەكەیان لە كۆبونەوەی پێنج قۆڵی پێشنیاری پاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كردووە،دەنگی ئەمریكا لە ڕێباز حەملانی پرسی كێ پێشنیاری پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی كردووە تاچەند ڕاستە نوێنەرەكەی یەكگرتوو بووە؟
ڕێباز حەملان وتی"من لە(١٢-١٠)وە لەپۆستەكەم نەمام وە ئەو بابەتە بەچەند مانگ دوای من بووە،بۆیە من ئاگاداری ئەو بابەتە نیم،بەڵام هەرچی بێت پاشەكەوتی موچە لەلایەن حكومەتەوە بڕیاری لەسەردراوە كاتێك ئەو داهاتەیان بۆ موچە پێ پەیدانەكراوە ئەو بڕیارە دراوە."
ئاگاداری داهاتی نەوتە؟
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا وەك وەزیری دارایی وە وەك ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گاز لەهەرێمی كوردستان تاچەند بە وردی ئاگاداری داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی كوردستانە؟
ڕێباز حەملان وتی"لەوكاتەوەی من گەڕاومەتەوە هیچ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی نەوت و گاز نەكراوە بەڵام لەلایەن بەڕێز سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە زانیاری نوێی پێداوم لەسەر ئێستا چەند بیرە نەوت هەیە چەند دەففرۆشرێت،وە من وەك ئەندامێكی ئەنجومەنی نەوت و گاز بەمافی خۆمی دەزانم بەدواداچوون بكەم لەسەر ڕاست و دروستی ئەو داتایەنەی لامە،وە هەروەها كۆمپانیای دیلۆیت كە گرێبەستی لەگەڵ كراوە بۆ وردبینی لەداهاتی نەوت لەم ڕۆژانەی ڕابردوو ڕپۆرتی شەش مانگی(٢٠١٧)هێنایە ئەنجومەنی وەزیران من لەوێدا پێداگریم كرد كە ناكرێت وەزارەتی سامانە سروشتیەكان سیاسەتی نەوت و دارایی پێكەوە بەڕێوەببات،ڕاپۆرتی كۆمپانیاكەش جەختی لەسەر قسەی ئێمە كردەوە كەدەبێت تا ئەوكاتەی یاسای سندوقی داهاتە سروشتیەكان دەخرێتە بواری جێ بەجێ كردنەوە هەموو داهاتی نەوتی فرۆشراو جا لەڕێگای ڕەسمی بێت یاخود تانكەر بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی،ڕاپۆرتەكە لەچەند ڕۆژی ئایندە بۆ میدیاكان بڵاودەكرێتەوە وە كۆپیەكیش دەنێردرێت بۆ پەرلەمانی كوردستان."
سەبارەت بەو گومانانەی هەندێك لەپەرلەمانتاران هەیانە، ڕێباز حەملان وتی"كۆمپانیای دیلۆیت وردبینی لەداهاتی نەوتی شەش مانگ كردووە با ئەو ژمارانە بەراورد بكەن لەگەڵ ژمارەكانی بڵاوكراونەتەوە ئەوكات ئەو گومانانە هەبێت،وە دوای ئەوە كۆمپانیاكە كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتیە ڕاستەوخۆ گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیە پێم وانیە ناوبانگی خۆی لەكەدار بكات بۆ بابەتێكی وا."
نەوت بەقاچاغ فرۆشراوە؟
ڕێباز حەملان لەبارەی فرۆشتنی نەوت بەقاچاغ لەڕێگای تانكەرەوە وتی"لەماوەی ڕابردوودا كە خاڵە سنورییەكانمان كرد بە ئەلیكترۆنی ئەوەمان بینی كەنەوت لەلایەن هەندێك ئەشخاس و لایەنەوە دەفرۆشرا،واتە بڵێم نەكراوە،نەخێر كراوە بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێستا هەوڵ بدەین ڕێگری لەوە بكەین و داهاتەكەی بۆ حكومەت بگەڕێنینەوە ."
چوار موچە+ فەرمانبەری هێڵی شەمەندەفەر
ڕێباز حەملان سەبارەت بە گومانەكانی بەغداد لەسەر لیستی ناوی فەرمانبەرانی هەرێم وتی،وەك وتم بەشێكی كێشەكە نەبونی سندوقی خانەنشینیە كە ئەمەش خانەنشینن و فەرمانبەرانی فیعلی كەلەدەوامدان تێكەڵ كردووە."
وتیشی"جگە لەناوی وەهمی و دوبارە كێشەیەكی ترمان هەیە ئەویش ئەوەیە هەر بەیاسا خەڵك هەیە چوار موچەی هەیە،بۆیە دەمانەوێت ئەو پڕۆژە یسایە جێ بەجێ بكەین تا بژاردە بخەینە بەردەستی خۆی كە كام موچەیەی دەوێت نەك چوارموچەی هەبێت."
سەبارەت بەناوی كارمەندی هێڵی شەمەندەفەر،وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم وتی"ئەوان خۆیان ڕونكردنەوەیان دا،وە لەشوێنی تریش ئەو شتانە هەیە،هەروەها كاتێك من دەستبەكاربوم لە پۆستی وەزارەتی دارایی بەڕێوەبەرایەتی ڕێكخراوەكان هەبوو كە پێنج هەزار كەس لەسەر ئەو بەڕێوەبەرایەتیە موچەیان وەردەگرت تەنانەت هەیانبوو خەڵكی ئێران و سوریا بوون، بەردەوام كاری تێدا دەكەین."
ڕێباز حەملان وتیشی"وەك ئاماژەم پێكرد هەموو ئەوانە بەیاسا كراوە بۆیە ناچاربوین ئەو لیستە بەوشێوازە بنێرینە بەغداد و دەبێت بەیاسا ئەو لیستە چاك بكرێ جا ئەمە دەرفەتێكی چاكە كەهەم بەهۆی فشاری بەغدادەوە وەهەم ئەوەی خۆشمان دەمانەوێت چاكسازی بكەین ،بیكەین."
وتیشی"باشترە خۆمان ئەو چاكسازییانە بكەین پێش ئەوەی بەفشاری بەغداد یا لایەنی دیكە بیكەین،بڕواش ناكەم بەربەست بێتە ڕێم چونكە ئێستا هەم دەسەڵات لەژێر فشاری جەماوەریە وە هەم بەهۆی قەیرانەوە پێویستی بەم چاكسازییە بۆ زیادكردنی داهات،خۆ ئەگەر ڕێگریم لێكرا ئەوا ئەوكات دێمە بەردەم ڕاگەیاندنەكان و بەناو باسی دەكەم كە كێ ڕێگریم لێدەكات چاكسازی ئەنجام بدەین."
كۆمپانیای حیزب و داواكاری نایاسایی
ڕێباز حەملان وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی باسكرد،لەڕابردوو وە تائێستاش بەردەوام خەڵكانێك هەن كە داواكاری نایاسایی دەكەن جا بۆ كۆمپانیایە یاخود بۆ سەرفكرنی چەكە بەنایاسایی،یا داواكاری تری نایاسایی بەڵام كاتێك ڕەفزی دەكات ئەوا لەدەرەوە ئەو كەسانە بەشێوازی تر قسەی لەسەر دەكەن."
وتیشی"بە ژمارە ناتوانم بڵێم چەند كۆمپانیای حیزبی هەن،بەڵام كۆمپانیای حیزبی و شەخسی هەیە كە زیان بەداهاتی هەرێم دەگەیەنێت و هیچ باجێكیش نادات و لەداهاتی هەرێم دەبات،بەڵام هیوادارم بتوانین بەزویی ئەو كۆمپانیا حیزبی و شەخسیانە داخەین ئەوانەی كەدەكەونە سنوری دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی چونكە هەندێك لەوانە دەچێتە چوارچێوەی دەسەلاتی سەرۆكایەتی حكومەت یاخود وەزارەتەكانی دیكە."
ڕێباز حەملان وتیشی: بڕی(٧٠٠)ملیۆن دۆلاری حكومەت لای هەندێك وەبەرهێنە،كە زەوی و پارەیان بەخۆڕایی پێدراوە، بەڵام لەدەرەوە بەشێوەیەكی تر قسە لەسەر حكومەت دەكەن و قەرزەكەش ناهێننەوە."
وەزیری دارایی باسی لەوەشكرد،كە هەندێك كەس دەوڵەمەند بوون بەهۆی ئەوەی لەڕابردوودا هەم پارەیان دراوەتێ هەم زەوی وە هەم لەباج و ڕسومات بۆ ماوەی پانزە ساڵ بەخشراون،وتیشی"ئەمە زیانێكی گەورەی داوە لەژێرخانی ئابوری ئەم وڵاتە،وە ئەم پارانە هی یەك كابینە نیە ئەمە كەڵەكەبووی هەموو كابینەكانە ئەو بڕە پارەیە دراوە بەوشێوەیە."
سەبارەت بەوەی بەنیازە لەكابینەی داهاتووی حكومەت پۆستەكەی وەربگرێتەوە،ڕێباز حەملان وتی"هێشتا زوو باس لەوە بكەم ."
Your browser doesn’t support HTML5